هێرش بۆ سەر فەلەستین هەمان هێرشە بۆسەر گەلی کورد دەکرێت
کەمپەینی "دەستپێشخەری دژ بە داگیرکاری و لەناوبردنی ژنان، لەپێناو ئاسایش و ئاشتی"دا ئەمڕۆ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا هێرشەکان بۆ سەر فەلەستین پێشێلکاری ئاشکرایە بۆ سەر بنەما بنەڕەتییەکانی مافی مرۆڤ.
ناوەندی هەواڵ
کەمپەینەکە بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە لە بەدواداچوونەکانیان بۆ دۆخی فەلەستین بەدەستیان هێناوە، تێیدا هاتووە: لە بەردەم ئەو سیاسەتە مەترسیدارەی زایۆنیزم و دەرەنجامی پاکتاوی ڕەگەزی فەلەستین، هەڵوێستی خۆمان دەخەینە پاڵ گەلی فەلەستینی لە بەرخۆدانی جوامێرانەیاندا، هەڵوێستی هەمیشەییمان ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرە داگیرکاری و دەستدرێژییەکە، داواش لە هێز و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە دەستبەجێ دەستوەردان بکەن بۆ ئەوەی ئەم شەڕە بەبێ دواکەوتن بوەستێنن و بەرپرسیارانی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، لەبەر ڕۆشنایی ئەو بێدەنگیەی کە هاوپەیمانی هێزە داگیرکاری و فاشیستەکان بەرامبەر ئەم پێشێلکاریە جدیانەی ئیسرائیل بۆسەر خاک و مافی گەلی فەلەستین، ڕێگە لە ئەگەرەکانی سەقامگیری و ئاسایش و گەشەکردن و پێشکەوتن دەگرێت.
لە بەیاننامەکەدا باس لەوە دەکات هەمان هێرش کە دەکرێتە سەر کوردان وێنەیەکی دیکەی سیاسەتی ئیسرائیلە دژ بە فەلەستین: شەڕی دوژمنکارانەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر عێراق و هێرشە چڕە ئاسمانیەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ئەو پێشێلکارییە جۆراوجۆرانەی کە بەسەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەیهێنێت لە گرتن و دەستدرێژی و وێرانکاری و کوشتنی خەڵکی سڤیل و ئاوارەکردنی گوندەکانیان، بۆ پاکتاوکردنی ڕەگەزی گەلی کوردە، وێنەیەکی دیکەی پراکتیزەکردنی سیاسەتی ئیسرائیلە بەرامبەر بە گەلی فەلەستین.
لە چەند خاڵێکیشدا هەڵوێست و پشتیوانی خۆیان خستەڕوو کە بەم شێوەیەیە:
١.پشتیوانی ڕەهای خۆمان بۆ گەلی فەلەستین لە بەرخۆدانی بەردەوامیان بەرامبەر داگیرکاری ئیسرائیل دووپاتدەکەینەوە.
٢.جەخت لەسەر پێویستیی هاوپەیمانێتییەکی بەهێز دەکەینەوە لەنێوان ڕێکخراوەکانی ژنان لە ناوچەکەدا بەگشتی و لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنانی فەلەستین بەتایبەتی بۆ ڕووبەڕوونەوە و ئاشکراکردنی دوو دەستدرێژیی داگیرکەری مەترسیدار لە ناوچەکە.
٣.بەڵێن دەدەین کاری هاوبەشی ڕێکخراوە کاریگەرەکانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتە داگیرکار و فاشیستەکان بەهێزتر بکەین لە پێناو بەدیهێنانی ئاسایش و ئاشتی و بەرزڕاگرتنی مافی گەلان بۆ مافی چارەی خۆنووسین و سبەینێیەکی باشتر بۆ هەمووان.
٤.بانگ لە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بێدەنگی بشکێنن و ڕۆڵی خۆیان لە ڕاگرتنی ئەم شەڕە دڕندانەیەی ئیسرائیل بگێڕن.
ت.پ