پاڤێ جەمیل: لە غیابی هەستی بەرپرسیارێتی و سیاسەتی سەقەتی کەناڵەکان هیچ بەهایەک نەماوە
دکتۆر پاڤێ پێی وایە لە سیاسەتی سەقەتی کەناڵەکان ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و بابەتێک دەدات کە سوود بە وەرگر ناگەیەنێت، وەزارەتی ڕۆشنبیریش داوا لە داواکاری گشتی دەکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو دەزگایانە بگیرێتە بەر.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ١٨ی مانگ گەنجێک لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر نەوتی بەخۆیدا کرد و خۆی سووتاند، چەند دەزگایەکی میدیای ڕووماڵی ڕاستەوخۆی ڕووداوەکەیان کرد، ئەمەش ناڕەزایەتی گەورەی لێکەوتەوە، لەو بارەیەوە دکتۆر پاڤێ جەمیل، مامۆستای بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا "زۆرمان هاوارکرد ڕاگەیاندن واتە قوتابخانە دەبێت ڕێگا نیشاندەر و لە پێناوی بەرژەوەندی خەڵک دابێت دەبێت پەیامە میدیاییەکان پڕ بن لە بنەما ئەخلاقیەکان و لەکاتی روماڵکردنی ڕووداوەکان سایکۆلۆژیای جەماوەر لەبەرچاو بگیرێت".
دەربارەی بڵاوکردنەوەی وێنە و هەواڵەکان دکتۆر پاڤێ دەڵێت پێویستە وێنەیەک کە سود بە وەرگر ناگەیەنێت بڵاونەکرێتەوە تا لە ڕێگەی دووبارەکردنەوە و لاسایی کردنەوە وە نەبێتە دیاردە کە میدیا دروستی کردووە.
ئەو دکتۆرە ئاماژەش بەوەدەدا "لە غیابی هەستی بەرپرسیارێتی و سیاسەتی سەقەتی کەناڵەکان هیچ بەهایەک نەماوە ئەوەی لێی دەترساین و دەرئەنجامی توێژینەوە کانمان بە نەرێنی وەردەگرتەوە و حسابی بۆ نەدەکرا وا بەچاوی خۆمان دەیبینین کارەساتی گەورەتر ئەوەیە کە خەڵکانێک باوەڕیان وابێت ئەم دۆخەی ئێستا میدیای تێدایە کارە ڕاستەکەیە کە میدیا دەبێت بیکات".
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و لە بەرواری ٥ی شوباتی ٢٠٢١دا ئاگادارینامەی ئاڕاستەی هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن کردووە کە خۆیان بەدووربگرن لە پەخشکردنی ئەو هەواڵ و بەرنامە و بابەتانەی دەکەونە ناو خانەی بڵاوکردنەوە و هاندانى توندوتیژى و کوشتن و خۆکوشتن، کە لە ڕووى دەروونیەوە زەمینەیان بۆ خۆش دەکەن.
لەدوای ڕووداوەکەی دوێنێی خۆسوتاندنی گەنجێک لە شاری هەولێر، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان داوایەکیان ئاڕاستەی دەستەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی کرد تا هەموو ڕێکارێکى یاسایی بەرامبەر ئەو دەزگا ڕاگەیاندن و پەیجانەى سۆشیال میدیا و پەیامنێر و وێنەگرانەى کە ڕووماڵى ڕووداوەکەیان کردووە، وەربگرێت.
ت.پ