یەکەم پارچەکردنی کوردستان لە پەیمانی قەسری شیرین

دەوڵەتی سەفەوییەکان و عوسمانییەکان بۆ یەکەم جار بە پێی پەیمانێک لە ڕۆژی ١٧ ئایاری ساڵی ١٦٣٩ کۆتاییان بە جەنگی درێژخایەنی ١٥٠ ساڵەیان هێنا بە دابەشکردنی کوردستان.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ١٧ی ئایاری ساڵی ١٦٣٩ جەنگی درێژخایەنی ١٥٠ ساڵەی نێوان ئیمپراتۆریەتی سەفەوی (ئێران) و ئیمپراتوریەتی عوسمانی (تورکیا) بە بەستنی پەیماێک لە نێوان "سوڵتان مورادی چوارەمی" عوسمانی و "شا سەفی" سەفەویدا لە شاری "سەرپێڵ و زەهاوی" پارێزگای کرماشان لە نزیک قەسری شیرین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆتایی هات، بەپێی ئەو پەیمانە بەشێک لە کوردستان و هەموو عێراق لە دەوڵەتی سەفەوی جیا کرایەوە و خرایە سەر دەوڵەتی عوسمانی بەو مەرجەی ئەریڤان بگەڕێتەوە سەر دەوڵەتی سەفەوی کە ئەو کاتە داگیرکرابوو.

 

دەوڵەتی عوسمانی ساڵی ١٦٣٥ هێرشی کردە سەر دەوڵەتی سەفەوی و ئەریڤانی داگیر کرد، ساڵی ١٦٣٨ـیش هێرشی کردە سەر بەغدا و دوای ٤٠ ڕۆژ لە شەڕکردنی بەردەوام توانی داگیری بکات و فەرمانی کۆمەڵکوژی بۆ سەربازەکانی دەوڵەتی سەفەوی و بەشێکی زۆری خەڵکەکەی دەرکرد.

پاشان شاسەفی پاشای سەفەوی لە پێناو گەڕانەوەی ئەریڤان بۆ سەر دەوڵەتی سەفەوی داوای ئاشتیی کرد و دەوڵەتی عوسمانیش داواکارییەکەی قبوڵکرد، ڕۆژی ١٧-٥-١٦٣٩ لە قەسری شیرین (کە ئێستا شارێکە سەربە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان) پەیمانی ئاشتییان بەست بەناوی "پەیمانی قەسری شیرین" کە بە "پەیمانی زەهاو"یش دەناسرێت.

 

لە ڕێککەوتننامەکەدا ئەریڤان گەڕایەوە سەر ئیپمراتۆرییەتی سەفەوییەکان، لە بەرامبەردا، بەشێکی گەورەی کوردستان کە ویلایەتی شارەزوور بوو (هەموو باشووری کوردستان دەگرێتەوە) هەروەها باکوور و بەشێکی ڕۆژئاوا لەخۆ دەگرێت، هەروەها شارەکانی عێراق ( بەغدا و بەسرە) درا بە ئیمپراتوریەتی عوسمانی، لە بەرامبەردا جۆرجیا و ئەرمینیا درا بە دەوڵەتی سەفەوی.

ئەم پەیماننامەیە لەسەر خاکی کوردان بەسترا و بۆ یەکەم جار کوردستان تیایدا پارچەکرا، بەڵام هیچ نوێنەرێکی کورد تیایدا بەشدار نەبوو و بەرژەوەندییەکانی کورد تیایدا پشتگوێخرا.

 

هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی تا ساڵی ١٩١٨ زیاتر لە ١٨ پەیماننامەیان بەستووە کە دواتر دووبارە توشی جەنگ و ململانێ بوونەتەوە، پەیمانی قەسری شیرین بۆ ماوەی ١٣٧ ساڵ تا سەردەمی جەنگی یەکەمی جیهانی کاری پێکرا، بەڵام دوای ئەوە و بە جیابوونەوەی بەشێک لە دەوڵەتی عوسمانی و دامەزرانی دەوڵەتە عەرەبییەکان، دووبارە سنوورەکانی ئێران و عێراق دیاری کرانەوە لە پەیماننامەی لۆزاندا و بۆ جارێکی دیکە کوردستان بۆ چوار پارچە دابەشکرا.

 

ت.پ