کەنەکە ئەنجامنامەی کۆنفرانسی هەڵوێست بەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیای بڵاوکردەوە

بانگ لە سەرۆکایەتی هەرێم، پەرلەمان و حکومەتی هەرێم کرا لە بەرامبەر هێرشەکان بێدەنگ نەبن و ڕێگە بە هاوکاریکردنی دەوڵەتی تورکیا نەدەن.

ناوەندی هەواڵ

 

کەنەکە لە ١٥ی ئایاردا کۆنفرانسێکی ئۆنلاینی لەسەر تۆڕی زووم-ZOOM بە بەشداری زیاتر لە ٢٠٠ کەسایەتی چالاکوان، سیاسەتمەدار، ڕۆژنامەنووسان، ڕوناکبیران و هونەرمەندان و چەندین کەسایەتی دیکەی چوار پارچەی کوردستان ڕێکخست، بە مەبەستی هەڵوێست نواندن لەبەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و خاوەن دەرکەوتن لە هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە.

 

ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە و تێیدا ١٢ خاڵی گرنگ ئاماژەی پێکرا بۆ هەڵوێست و گرتنی شێوازی دروست بۆ ڕێگری کردن لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، نەبوونی یەک دەنگی و یەکڕیزی ناوخۆیی کوردستانیان بە یەکێک لەو هۆکارانە دانرا کە ڕێگە بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا خۆشدەکات.

 

 

ئەنجامنامەکە بەم شێوەیە بوو:

١. لە ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی گەلی ئەرمەنیدا هێرشکردن بۆ سەر باشوری کوردستان، پەیامی دووبارەکردنەوەی جینۆسایدێکە، ئەوان دەیانەوێ گەلی کوردیش کۆمەڵکوژ بکەن، ئێمەی بەشدارانی کۆنفڕانس بە هەستیارییەوە لە ڕەفتاری دڕندانەی دەوڵەتی تورکیا دەڕوانین و بە هەموو توانامانەوە دژی ئەم هێرشە دەوەستینەوە و شان بە شانی هێزەکانی پاراستن جێگا دەگرین.

 

٢.نەبوونی یەکدەنگی و یەکڕیزیی ناوخۆییی کوردستانیان، سەنگەری پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردستان لاواز دەکات و رێ بۆ بەرەی دوژمنکاریی خۆش دەکات، ئەمە لە داگیرکردنی کەرکوک، خانەقین، مەخمور و شەنگال بینرا، بەڵام ڕێککەوتنی ناوخۆیی هێرشی دووژمنان دەشکێنێت و دەستکەوتەکان گەورە و گەورەتر دەکات، ئەم راستییە لە پاراستن و سەرکەوتنەکانی کۆبانی دا بینرا. کۆبوونەوە ڕێککەوتنی ناوخۆیی وەک مەرجی مان و نەمان دەبینێ  و بانگی یەکێتیی نەتەوەیی دوپات دەکاتەوە.

 

٣.پێویستە لە کوردستان و لە دەرەوەی وڵات پشتیوانیەکی بەهێز لە هێزەکانی بەرگریی بکرێت و بەو گیانە گەرم و گوڕییەی پاراستنی کۆبانێ دژی داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان بوەستینەوە. بۆ ئەم ئامانجە دەبێ لە وڵات و دەرەوەی وڵات خەباتێکی یەکگرتووی نەتەوەیی و نیشتیمانی بەهێزی دیپلۆماسیی بکرێت.

 

٤.کۆنفراس بانگی گەلی کوردستان دەکات لەدژی هێرش و داگیرکاری لە سەفەربەریی نەتەوەیی و نیشتمانیدا بن، بەردەوام بە هەموو شێوازێکی گونجاو لە تێکۆشان و چالاکیدا بن، شانبەشانی هێزە بەرگریکارەکان جێگای خۆیان بگرن.

 

٥.کۆنفرانس، بانگی سەرۆکایەتی هەرێم، پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات  لەبەرامبەر ئەم هێرش و داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا بوەستێت و هێزە سەربازیەکانی تورکیا لە خاکی باشووری کوردستان وەدەرخەن.

 

٦.کۆنفرانس، بانگی دەوڵەتی عێراقی فیدڕال دەکات پەیمانی سنووربەزاندن، کە لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراق تورکیاوە ئیمزا کرابوو، هەڵوەشێنێتەوە.لە دژی ئەو داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا  لە سەر باشوری کوردستان هەڵویست بگرێت. ئاسمانی عێراق لە فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا قەدەغە بکات. بۆ وەدەرنانی هێزە سەربازیەکانی تورکیا لەناو سنوری دەوڵەتی عێراق، بە کردەیی هەنگاو بنێت.

 

٧.کۆنفرانس، بانگی کۆمکاری عەرەبی دەکا لە دژی هێرش و داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان هەڵوێست بگرێ و شەرمەزار و ئیدانەی بکات.

 

٨.کۆنفڕانس، بانگی نەتەوە یەکگرتوەکان، یەکێتیی ئەوروپا و هەموو هێزە پەیوەندیدارەکان دەکات لە بەرامبەر هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر گەلی کوردستان بێدەنگ نەمێنن و هەڵوێست بگرن.

 

٨.کۆنفڕانس، بانگی دۆستانی گەلی کورد و بە گشتی دونیای دیموکراتیک و خاوەن ویژدان دەکات و ڕایدەگەیەنێت هەروەک چۆن لە شەڕەکانی کۆبانی، عەفرین، گرێ سپی و سەریکانییدا هەڵوێستێکی جوامێرانەتان پیشاندا، بەو هیوایەین کە لەم شەڕەشدا  هەڵوێستی خۆیان نپشان بدەن. گەلی کورد پێویستی بە پشتگیریی ئێوەیە.

 

١٠.ئێمە داوا لە کوردستانیان و دۆستەکانمان دەکەین مامەڵەی ئابووریی لەگەڵ تورکیا نەکەن، بایکۆتی توریزمی تورکیا بکەن.

 

١١.بە ئامانجی هەماهەنگی کار و تێکۆشان دژی هێرش و داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا، لە سەرداخوازی کۆنفرانس و بە کردارکردنی راسپاردەکانی کۆنفرانس، ژوورێکی قەیران لە ئاستێکی باڵادا درووست ئەکرێت، لەو شوێن و ولاتانەش کە دەرفەت هەبێ، کۆمیتەی چالاک لەژێر چەتری ژووری قەیراندا درووست دەکرێت.

 

١٢.ئێمە کەسایەتی و نوێنەران کەلە کۆنفڕانسدا ئامادەین، لە بەرامبەر هێرش و داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا  هەڵوێست وەردەگرین و جارێکی تریش خاوەندارێتی خۆمان بۆ هێزەکانی پاراستنی کوردستان دووبارە دەکەینەوە و رایدەگەیەنین: پاراستنی  دەڤەرەکانی مەتینا، زاپ، و ئاڤاشین پاراستنی هەموو کوردستانە، ئێمە بە هەموو هێز و تواناکانمانەوە خاوەندارێتی لەو بەرگری و بەرخۆدانە دەکەین. هەروەها  داوای هەمان  ئەم هەڵوێستە لە هەموو پارت، رێکخستن، کەسایەتی کوردستانی و تەواوی گەلی کوردستان  دەکەین.

 

ت.پ