مامۆستایانی وانەبێژ لە سەیدسادق بەردەوامن لە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن

مامۆستایەک دەڵێت سەرەتایترین مافی خۆمان کە وشەی "مامۆستا"یە پێمان ڕەوا نەبینراوە.

مامۆستایەک دەڵێت سەرەتایترین مافی خۆمان کە وشەی "مامۆستا"یە پێمان ڕەوا نەبینراوە.

سەیدسادق

 

مامۆستایانی سنوری بەڕێوەبەرایەتی سەیدسادق بۆ ڕۆژی دووەم گردبوونەوەیان لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارۆچکەی سەیدسادق بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان ئەنجامدا و تا لایەنی بەرپرس وەڵامیان دەداتەوە بەردەوامن لە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن.

 

لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سەیدسادق٤٣٢ مامۆستای وانەبێژ لە نزیکەی ٨٠ قوتابخانە لە سنوری شارۆچکەی سەیدسادق و ناحیە و گوندەکانی دەوروبەری وانە دەڵێنەوە، لە ساڵانی ڕابردوودا مامۆستایانی وانەبێژ بۆ هەر وانەیەک بڕی ٤٠٠٠ دیناریان وەردەگرت، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئێستادا بۆ مامۆستایەک کە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەبێت بڕی ٣٠٠ هەزار و بۆ مامۆستایەک کە بڕوانامەی دیبلۆمی هەبێت بڕی ٢٥٠ هەزار وەردەگرن .

جیاوازی لەنێوان مامۆستایانی وانەبێژ و میلاکدا هەیە

دوو ڕۆژە لە شارۆچکەی سەیدسادق کۆمەڵێک لە مامۆستایان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان ڕاگەیاندووە و لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سەیدسادق گرد دەبنەوە، گردبوونەوەی  مامۆستایانی وانەبێژ تەنها بۆ مووچە نییە، بەڵکو باس لەوەدەکەن سەرەڕای ماندوو بوونی مامۆستایانی وانەبێژ و وتنەوەی وانەی زۆر، بەڵام  جیاوازی لە نێوان مامۆستای وانەبێژ و مامۆستای میلاکدا هەیە و ئەو جیاوازییەش لایەنی ئیداری دروستی کردووە.

 

"مامۆستایانی وانەبێژ ئەگەر ڕۆژێک کار نەکەن مافیان دەخورێت"

بوشرا بەختیار- سێ ساڵە مامۆستایە لە قوتابخانەی کۆڕەوی بنەڕەتی باس لەو جیاوازییە دەکات و دەڵێت: ئەرکمان زۆرە بەڵام هیچ مافەکانمان پێ نەدراوە و جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان مامۆستایانی وانەبێژ و میلاکدا، جیاوازییەکەش لەوەدایە ژنان ناتوانن مۆڵەتی دایکایەتی وەربگرن، کە هەر ژنێکی مامۆستا مافی خۆیەتی ئەو مۆڵەتە وەربگرێت، یان لە کاتی نەخۆشی و هەر مۆڵەتێکی تردا مافیان دەخورێت و مۆڵەتیان پێ نادرێت، مامۆستا بوشرا دەڵێت مامۆستای وانەبێژ وەک کرێکار وایە و ئەو ڕۆژە نەڕۆیتەوە ئیتر داهات و مافت نییە.

هەروەها دەشڵێت کە زۆر ماندوو دەبن و چەند وانە بوترێتەوە ئەوەندە بەشە داهاتەکەی وەردەگرن، بوشرا بەختیار داوای مافی دامەزراندن دەکات و دەڵێت بەردەوام دەبین و لە سبەینێوە خێمە هەڵدەدەین تا لایەنی بەرپرس وەڵامی داواکاریەکانمان دەداتەوە.

"لایەنی ئیداری جیاوازی دروستکردووە"

یەکێکیتر لەو مامۆستایانەی لە گردبوونەوەکەدا ئامادەی هەبوو، سومەییە محەمەد مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانەی سەنگەری بنەڕەتییە و پێنج ساڵە بە وانەبێژ مامۆستایە، مامۆستا سۆما بۆ ژنها دوا و وتی: داوای ئێمە سەرەتایی ترین داوایە کە دامەزراندنە و دەڵێت هەموان دەزانن چەند جیاوازی کراوە لە نێوان مامۆستا و وانەبێژدا، چەند ساڵە زانکۆمان تەواو کردووە، تەنانەت خوێندکارەکان و دایک و باوکانی خوێندکاریش پێمان ناڵێن مامۆستا و دەڵێن وانەبێژ، ئەو جیاوازییەش دەگەڕێنێتەوە بۆ حکومەت، سومەییە دەڵێت لە لایەنی ئیدارییەوە ئەو جیاوازییە دروستکراوە، لە کاتێکدا تەنها جیاوازی ئەوەیە کە چەند ساڵێک دوای مامۆستایانی میلاک خوێندنی زانکۆ پەیمانگاکانمان تەواو کردووە.

 

سومەییە محەمەد بێزاری خۆیی دەردەبڕێت لەو بارودۆخە و داوا دەکات بکرێن بە میلاک، داواش لە مامۆستایانی وانەبێژ لە ناوچەکانی تری کوردستان دەکات کە هۆڵەکانی خوێندن جێ بهێڵن و پێکەوە بایکۆت بکەن.

ت.پ