ئامادەکارییەکان بۆ نەورۆزی ٢٠٢١ی بناری قەندیل
کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆز لە بناری قەندیل، داوا دەکەن بە ڕۆحی بەرخۆدانی گارە، بەشداری یادی نەورۆز بکەن.
ناوەندی هەواڵ
کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆزی ساڵی ٢٠٢١ لە بناری قەندیل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئامادەکارییەکانی بۆ نەورۆزی ئەمساڵ خستەڕوو، لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە گەل کرد بە ڕۆحی بەرخۆدانی گارە بەشداری لە پیرۆزبایی نەورۆزی قەندیل بکەن.
بڕیارە لە ٢١ی ئەم مانگەدا لە بناری قەندیل ئاهەنگی نەورۆزی ٢٠٢١ بکرێتەوە و ئاهەنگەکە بە دروشمی " بە ڕۆحی نەورۆز و سەركەوتنی گارە، داگیركاریی تێكدەشكێنین، ئازادی مسۆگەر دەكەین " لە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ بەڕێوە دەچێت بە بەشداری ژمارەیەک لە هونەرمەندانی وەک چۆپی فەتاح، ژینا سەقزی، شیلان عوسمان، ناسڕی ڕەزازی، بەختیار ساڵح، هەروەها بەشداربوونی گروپی هونەری شەهید سەرحەد.
شنیار ڕەسوڵ، بەیاننامەی کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆزی ٢٠٢١ی بناری قەندیلی خوێندەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی.
بە ڕۆحی نەورۆز و سەركەوتنی گارە، داگیركاریی تێكدەشكێنین، ئازادی مسۆگەر دەكەین.
بەناوی کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆزی بناری قەندیل، نەورۆزی ئەمساڵ بە دڵ و بە گیان پیرۆز دەکەین، هیواخوازین جەژنی نەتەوەی نەورۆز ببێتە جەژنی سەرکەوتنی گەلانی بن دەست لە بەرامبەر دەسەڵاتە زوڵمکار و داگیرکەرەکان. ئەمساڵیش بە هەمان رۆحی لە ناوبردنی زوحاكەكان ئەمساڵ بكەینە كۆتایی هێنان بە داگیركاریو دەسەڵاتە فاشیزمەكان، گەل شاد بكەین بە ئازادیو سەركەوتن.
وەك كۆمیتەی ئامادەكاری نەورۆزی بناری قەندیل بانگەوازی لە تەواوی گەلەكەمان لە هەموو شار و شارۆچكەكان، تەواوی لایەنەیە سیاسیەكان، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، كەسایەتیە خاوەن هەڵوێستو دڵسۆزەكان، ژنان، گەنجان، هەموو دەنگو رەنگە جیاوازەكان دەكەین بە رۆحی ئەو بەرخۆدانەی كە لە ئێستادا گەلەكەمان لە چوارپارچەی كوردستان بەڕێوەی دەبات. لە بەرامبەر تەواوی سیاسەتو هێرشەكان بۆ لە ناوبردنی گەلەكەمان لە ٢١ی ئاداری ٢٠٢١ بەشداری لە ئاهەنگی نەورۆز بکەن.
لێرەدا دەمانەوێت بە لایەنە سیاسییەکانی چوار پارچەی کوردستانی ڕابگەیەنین بانگهێشتتان دەكەین بۆ بەشداریكردن لە نەورۆزی بنارەكەمان، بەشداریكردنتان باشترین وەڵامە بۆ هیواكانی گەلەكەمانو پیرۆزترین هەڵوێستە لە بەرامبەر داگیركاریو هێرشەكان.
لە كۆتاییدا وێرای پیرۆزباییمان وەك كۆمیتەی ئامادەكار لە ئەمڕۆوە پێتان ڕادەگەیەنین كە هەموو گەلەكەمان بانگهێشت دەكەینو بە دڵێكی گەرمەوە ئامادەین بۆ ئەوەی ببینە وەڵام لە نەورۆزی ئەمساڵدا و لە پێشوازی ئێوەی بەڕێزداین.
ت.پ