ژنێکی کوردی لە ماڵەکەیدا لە تاران گیان لەدەستدەدات و هۆکارەکەی نازانرێت

ژنێکی کوردی خەڵکی کرماشان کە پێشکەشکار بووە، لە شاری تاران لە ماڵەکەیدا گیانی لەدەستدا، میدیاکانی ئێران مردنەکەیان پشتڕاست کردووەتەوە، پۆلیسیش هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو پێشکەشکارە کوردەی ئاشکرا نەکردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ میدیاکانی ئێران گیان لەدەستدانی ئازادە نامداری، پێشکەشکاری کورد کە خەڵکی شاری کرماشانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە شاری تارانی پایتەختی ئێران دادەنیشێت بڵاوکردەوە، ئازادە کە خۆی پێشکەشکارە و دووگیانیش بووە لە ماڵەکەی خۆیدا گیانی لەدەستداوە.

 

دایکی پێشکەشکار ئازادە نامداری بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، کە لەگەڵ خێزانەکەیدا چوونەتە باکوری ئێران ئازادە کە دوو گیان بووە، لە ماڵدا ماوەتەوە، لە دوای چەند ڕۆژ بێئاگابوون لێی پەیوەندی پێوە دەکەن وەڵامی تەلەفون ناداتەوە لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە تەرمی ئازادە دەبینن.

 

لە ناو میدیا فەرمییەکانی ئێرانییەکاندا هەواڵی گیانلەدەستدانی ئازادە بە کردەیەکی خۆکوژی بەناو دەکەن، لە میدیا نافەرمییەکانیشەوە ئاماژە بە کوشتن یان ژەهرخواردکردنی ئازادە دەکەن، هەتا ئێستاش پۆلیس تەنها ئاماژەی بەوە کردووە کە ئازادە ماوەی دوو ڕۆژ لە ماڵەکەیدا بە مردووی ماوەتەوە و هۆکارەکەیان ئاشکرا نەکردووە.

 

ئازادە نامداری لە ساڵی ١٩٨٤ لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، لە ١٩ ساڵیدا دەستی بە کاری ڕاگەیاندن کردووە لە کەناڵی ناوخۆیی زاگرۆس لە کرماشان و ماوەی ١٢ ساڵ بەردەوام بووە، ئازادە دووجار هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی دوو کچە، دوو گیانیش بووە بە منداڵێکی دیکەی.

 

ئازادە بەهۆی ئەوەی لە وڵاتی سویسرا بە بێ سەرپۆش دەرکەوتووە، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەرکەوتنی لە تەلەفزیۆن لێ قەدەغەکراوە.

 

ت.پ