٣٥ کەس لە ڕێی کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات گیانیان لەدەستدا
دەزگای لوتکە، لە ماوەى ساڵێکدا زیاتر لە ٣٤ هەزار کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە کۆچیان بۆ ئەوروپا کردووە و زیاتر لە ٣٥ کەسیش بوونەتە قوربانی.
ناوەندی هەواڵ
سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ڕایگەیاند، بەهۆی زۆری کۆچکردنی هاوڵاتیان بۆ دەرەوەی وڵات، هاوڵاتیان ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە بە جۆرێک ساڵی ڕابردوو ٣٥ کەس گیانیان لەدەست داوە.
ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ڕایگەیاند، حکومەت هیچ هەوڵێک نادات بۆ گەڕانەوەی پەنابەران لە وڵاتانی دەرەوە بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە ناتوانێت قەرەبوویان بکاتەوە و ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکات.
باسی لەوەشکرد، تا ئێستا فایلی ١٧٣ کەسیان لایە کە لە ڕێگای کۆچی ئەوروپادا گیانیان لەدەستداوە و هێشتا تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە، هەروەها هاوڵاتیان بەردەوامن لە کۆچ کردن هەتا دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق بەم جۆرەی ئێستا بێت.
کۆچکردن بۆ دەرەوی وڵات هۆکارەکانی نەبوونی کار، و خراپی دۆخی هاوڵاتیانە، لەپێناو مسۆگەر کردنی ژیان، سەقامگیری و ئاسایشی وڵات ڕێگەی کۆچکردن دەگرنە بەر.
ت.پ