کوشتنی ژنان یاخود ناچارکردن بە خۆکوشتن، ئاماری مانگی سێ

ژنان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بە بیانووی شەرەف و بە ناوی کێشەی کۆمەڵایەتی و پاساوی بێ واتاوە، هەندێک جاریش بێهودە دەکوژرێن، یاخود ناچار بە خۆکوشتن دەکرێن.

ژنان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بە بیانووی شەرەف و  بە ناوی کێشەی کۆمەڵایەتی و پاساوی بێ واتاوە، هەندێک جاریش بێهودە دەکوژرێن، یاخود ناچار بە خۆکوشتن دەکرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

کوشتن، سوتاندن، یاخود ناچارکردنی ژنان بە خۆکوشتن، ئەو ڕێگایەیە کە ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە پێناو هەبوون و مانەوەی خۆی پەنای بۆ دەبات، بە بیانووی شەرەف و  بە ناوی کێشەی کۆمەڵایەتی و پاساوی بێ واتاوە، هەندێک جاریش بێهودە ژنان دەکوژرێن، ئەو حاڵەتانەی لە مانگی ئازاردا تا ئەمڕۆ ڕوویانداوە ئاژانسی ژنها کۆیکردووەتەوە کە حاڵەتی کوشتن و سوتانی ژنانن، ئەمە جگە لەو ئامارانەی کە ناخرێنە بەرچاو، یاخود دەشاردرێنەوە، لەبەر هۆکاری دواکەوتووی کۆمەڵگە و هەرزوو لە نێوان خێزانەکاندا بە سوڵحی عەشایەری کۆتایی پێدەهێندرێت.

 

مانگی ئازار بە مانگی مێژووی ژنان ناسراوە، بەڵام ژنان سەرەڕای ڕۆژی جیهانی ژنان و تێکۆشانی چەند سەد ساڵەیان لەپێناو بەدەستهێنانی ماف و ئازادی، ڕووبەڕووی کوشتن و خۆکوشتن دەبنەوە، هەرزووش ڕووداوەکان بێدەنگەی لێدەکرێت و کپ دەکرێنەوە.

 

ڕووداوەکانی مانگی ئازار

شەوی ١/٢ی ئازار لە گوندی لەکانی قەزای ئاکرێ، پیاوێک هاوژینەکەی لە ماڵی باوکی ژنەکەدا دەکوژێت، کەیسەکە لە بنکەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە ئاکرێ تۆمارکراوە، قایمقامی قەزای ئاکرێ ڕایگەیاند، "پیاوێک بە ناوی چ.م.ر هاوژینەکەی خۆی کوشتووە"، پۆلیسی ئاکرێ ئاماژەیان بەوەدا تۆمەتبارەکە دەستگیر نەکراوە، لەدوای ئەوەشەوە هیچ هەواڵێکی دەستگیرکردنی تاوانبار ڕانەگەیەندرا.

 

لە ٢ی ئازاردا، تەرمی ژنێکی لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٤ لە قەڵادزێ گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و پۆلیسی قەڵادزێ ئاماژەیان بەوەداوە کە پەڕاوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە و هۆکاری مردنەکەی ڕانەگەیەندرا.

 

ژنانی گەنج هەوڵی خۆکوشتن دەدەن

ژنێکی گەنجی ١٤ ساڵ لە شەوی ٦/٧ی مانگی ئازار لە گەڕەکی سەروەری شاری سلێمانی بە گولـلە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، لە هەمان ڕۆژدا و لە ٧ی ئازاردا ژنێکی گەنجی تەمەن ١٥ ساڵ لە شاری سلێمانی خۆی سوتاند، لە ٨ی ئازار و ڕۆژی جیهانی ژنان لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی سلێمانی بەهۆی زۆری رێژەی سوتاویەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

 

لە٢٢ی ئازاردا و ڕۆژێک دوای جەژنی نەورۆز، ئاشنا ڕەئوف کە تەمەنی ٢٤ ساڵە و دایکی دوو منداڵە بە سوتاوی لەگەڵ هاوژینەکەیدا گەیەندرانە نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو لە قەزای چەمچەماڵ، بەهۆی زۆری سوتاوی جەستەی ژنەکەوە سەرلەبەیانی ٢٧ی مانگ گیانی لەدەستدا، بە وتەی لایەنی پەیوەندیدار ئاشنا هەوڵی خۆسووتانی داوە و هاوسەرەکەشی نەیتوانیوە بیوەستێنێت، خێزانەکەشی دەڵێن ئاشنا کێشەی کۆمەڵایەتی هەبووە.

ئاشنا پێش گیان لەدەستدانی بە پۆلیسی چەمچەماڵی گوتووە کە خۆی هەوڵی خۆسوتاندنی داوە، وتووشیەتی: "هیچ کەس تاوانبار نییە.

 

هەبوونی چەک ڕێگای بۆ پیاوان کردووەتەوە بەڕووی هاوژینەکانیان بەکاریبهێنن

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ئازاری ٢٠٢١ لە گەڕەکێکی قەزای سۆراندا پیاوێک ژنەکەی بەر گولـلە دەدات بەو مەبەستەی بیکوژێت بەڵام هیچ کام لە گوللەکانی بەرنەکەوتووە، ژن و پیاوەکە هەردووکیان تەمەنیان ٢٧ ساڵە و خاوەن منداڵێکن.

ژنەکە ئاماژەی بەوە کردووە "ڕووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە دروستبووە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕوویداوە، ئێوارەی دوێنێ هاوژینەکەم هاتەوە بۆ ماڵەوە و دەستڕێژی گولـلەی لە ماڵەوە کرد و خەریک بوو بمکوژێت و زیاتر لە ١٥ گولـلەی ئاڕاستەی خۆم و منداڵەکەم کردووە".

ژنەکە ئاماژەی بەوەش کرد هاوسەرەکەی پێشمەرگەیە و بۆ ئەنجامدانی ئەم کارەی مۆڵەتی وەرگرتووە و نەچووەتە دەوام، ژنەکە لە دوو ڕۆژ پێش ڕووداوەکەوە چەند جارێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە هەڕەشەی لێکراوە و دەشڵێت: "هەر دەیگوت دەتکوژم". ژنەکە سکاڵای لەسەر هاوژینەکەی تۆمارکردووە و پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان لە ڕووداوەکە ئاگادار کراونەتەوە.

 

ئێوارەی ٢٧ی ئازار لە گوندی چەوری سەر بە ناحیەی نەوجولی قەزای کفری برایەک بە گولـلە خوشکێکی خۆی خۆی دەکوژێت، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند "ژنەکە ناوی هـ.م.ک تەمەنی ٢٥ ساڵە و دایکی دوو منداڵە، لە دوای کوشتنیشی تاوانبارەکە هەڵهاتووە".

پۆلیس لێکۆڵینەوەی بۆ ڕووداوەکە کردووە و بەپێی ماددەی ٤٠٦ فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبار دەرچووە و گەڕان بەدوای تۆمەتبار دەستیپێکردووە.

 

جگە لە کوشتن، ژن ڕووبەڕووی سوتان دەبێتەوە

شەوی ٢٦/٢٧ی ئەم مانگە لە شاری کەرکوک پیاوێک هاوژینەکەی بە ناوی ئاڵا عەبدول جەمال لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٣ و بە ڕەگەز تورکمان، دەسوتێنێت پاشان هەڵدێت، ئاڵا لە ٪٩٥ جەستەی سوتاوە، بە وتەی ئاڵا هاوژینەکەی بە ناوی ف.ئ.س سوتاندویەتی و سکاڵای لەسەر تۆمار دەکات.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان بەرلەوەی ئاڵا هاوسەرگیری لەگەڵ تاوانباردا بکات چوار منداڵی هەبووە، عەقید یوسف ساڵح  بەرپرسی بنکەی پۆلیسی دۆمیز لە کەرکووک دەڵێت "دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کە ئاڵا لە دادگا لە هاوژینەکەی مارە نەکراوە."

 

تەقەی خۆشی دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی ژنان

لە جەژنی نەورۆز و یەکەم ڕۆژی بەهاردا ئایجان عەبدولمەلیکی ١٥ ساڵ کە خەڵکی ڕۆژئاوایە و دانیشتووی کامپی دۆمێزە لە سنوری پارێزگای دهۆک، لەکاتی تەقەی خۆشیدا بریندار دەبێت، بەهۆی سەختی برینەکەشیەوە ٢٤ی ئازار لە نەخۆشخانەی ڤین لە دهۆک گیانی لەدەستدا.

دایکی ئایجان دەڵێت "ئامادەکاری نەورۆزمان دەکرد، گوتیان دەچین هەندێک شت دەهێنین، گوتمان باشە، بەڵام زوو بگەڕێنەوە، دەرگامان کردەوە ئەو یەکەم کەس بوو هاتە ژوورەوە و کەوتە سەر زەوی".

د.رووباد جەمیل، پسپۆڕی نەخۆشی مێشک و دەمار، کە چاودێریی ئەیجانی دەکرد ئاماژەی بەوەدابوو: "چارەسەرکردنی ئەیجان لێرە ئەستەم بوو، چونکە ئامێری دەرهێنانی گوللەکە نییە".

 

ت.پ