تورکیا تۆمەتبارکرا بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ و چەکدارکردنی منداڵانەوە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە نوێترین ڕاپۆرتیدا دەربارەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە ئاماژەی بەوەداوە کە تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی منداڵان چەکدار دەکات و ئەنقەرەش بەو مەبەستە تۆمەتبار کرا.
ناوەندی هەواڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە نوێترین ڕاپۆرتیدا کە بڵاویکردووەتەوە دەربارەی ئەو وڵاتانی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن، لیستی ئەو وڵاتانەی ئاشکراکرد کە تێیدا منداڵان چەکدار دەکەن و بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن، یەکێک لەو وڵاتانەش تورکیایە، کە منداڵان لە گروپى چەکدارى سوڵتان موراددا چەکدار دەکات کە بەشێکە لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا.
ڕاپۆرتەکە لە نێوان بەرواری ١/٤/٢٠٢٠ تا ٣١/٣/٢٠٢١ ئامادەکراوە و بەپێی لیستەکە ئەو وڵاتانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن بریتین لە عێراق، ئێران، تورکیا، سووریا، ئەفغانستان، بۆرما، کۆمارى کۆنگۆى دیموکرات، لیبیا، مالى، نایجیریا، پاکستان، سۆمالیا، سوودانى باشوور، ڤێنزوێلا و یەمەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکە هۆکارى دانانى تورکیا لە لیستى ئەو وڵاتانەدا بۆ ئەوە گەڕاندوەتەوە کە تورکیا ماوەیەکى زۆرە پشتیوانى گروپى چەکدارى سوڵتان موراد دەکات كە بەشێکە لە ئۆپۆزسیۆنى سوریا، بەپێى راپۆرتەکانى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکاش، ئەو گروپە منداڵان چەکدار دەکات و لە شەڕەکاندا بەکاریان دەهێنێت.