تورکیا بەردەوامە لە تینوو کردنی ڕۆژئاوای کوردستان

بۆ چواردەھەمین جار، تورکیا ئاوی شاری حەسەکە-ی لە رۆژئاوای کوردستان گرتەوە، بەو هۆیەوە ژیانی زیاتر لە یەک ملیۆن ھاوڵاتی لەو شارە کەوتووەتە مەترسیەوە و ڕووبەڕوی تینوێتی بوونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

گرتنەوەی ئاوی فورات لەلایەن تورکیاوە لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان و بەتایبەت شاری حەسەکە لە کاتێکدایە وەزری هاوین دەستیپێکردووە و ژیانی هاوڵاتیان دژوارتر بووە، کە لە ئێستادا پێویستیەکی زیاتریان بە ئاو هەیە، بۆ دابینکردنی ئاویش ڕووبەڕووی سەختیەکی زۆر دەبنەوە.

 

لە ڕۆژئاوای کوردستاندا ئاوی خاوێن بەهۆی گرتنەوەی ئاوی فوراتەوە دەست ناکەوێت، وەک ھاوڵاتیانی شاری حەسەکە دەڵێن "تونیەتی و بێ ئاوی تەنگی پێ ھەڵچنیوون" بە هۆی گرتنەوەی ئاویشەوە ھەزاران دۆنم زەوی لەناوچوون، بۆ دابینکردنی ئاوی خواردەوە پشت بە ئاوی تەنکەر دەبەستن، بەڵام بەھۆی پیسبوونی ھەندێک سەرچاوەی ئاوی لەو شارە، نەخۆشییەکانی پێست و سکچوونیش بڵاوبووەتەوە.

 

گرتنەوەی ئاو لە خەڵکی ئەو شارە لە لایەن تورکیاوە، کارێکە دژی یاسا نێودەڵەتییە مرۆییەکانە و چەندین جار داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە بە تاوان لە قەڵەمی بدات و وەک پێشێلکردنی هەموو بەها مرۆییەکان تەماشای بکات، بەڵام تا ئێستا دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە لە گرتنەوەی ئاو.

 

ت.پ