داوا دەکرێت زاراوەی هەورامی ببێتە بەشێک لە خوێندنی کوردی
سەنتەری ژیوا لە هەڵەبجە دانیشتنێکی ڕێکخست سەبارەت بە مافە کەلتورییەکانی زمانی هەورامی لە دەستوری هەرێمی کوردستاندا.
هەڵەبجە
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەنتەری ژیوا لە هەڵەبجە و یانەو سیاچەمانە سەبارەت بە مافە کلتورییەکانی هەورامی لە کوردستان دانیشتنێکیان ڕێکخست، پاشان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئەوەیان خستەڕوو کە داوایان کردووە زاراوەی هەورامی بچێتە ناو خوێندنی کوردی.
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزیری ڕۆشنبیری نامەیەکی فەرمی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، تێیدا داوا دەکات زاراوەی هەورامی بچێتە ناو خوێندنی کوردی و بە فەرمی دانی پێدابنرێت، بەو مەبەستە هەردوو ڕێکخراوەکە نامەیەکی کراوەیان ئاراستەی سەرۆکی حکومەت و پەرلەمان و فراکسێۆنەکان کرد و باس لەوەدەکەن ئەم هەوڵەی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان جێبەجێ بکەن.
لە ساڵی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٩دا داخوازی هەورامی و هەورامییەکان ئاڕاستەی پەرلەمان کراوە و تا ئێستاش کاری لەسەر نەکراوە، هەر لە کۆنگرەکەدا ئەوەیان ڕاگەیاند: ئێمە وەک هەورامی مافی خۆمانە کە لە خوێندندا زاراوەی هەورامیمان هەبێت و ئەرکمان هەبێت و زمانمان و شێوەزاری هەورامی لە دەستوردا وێنا بکرێت.
لە پێشتردا چەندین جار داوای کردنەوەی بەشی هەورامیناسی لە زانکۆی هەڵەبجەدا کراوە تاوەکو بۆشایی دروست نەبێت لە وتنەوەی وانەی مامۆستایان لە خوێندنگاکاندا، هەورامیەکانیش لە ناوچەی هەڵەبجە و هەوراماندا بوونیان هەیە و ساڵانە داوا دەکەن کە شێوەزاری هەورامی لە خوێندندا بچەسپێنرێت، بەڵام تاوەکو ئیستا حکومەت بەدەم داواکەیانەوە نەهاتووە.
ت.پ