لەماوەی ٦ مانگی ئەمساڵدا ٩ حاڵەتی کوشتن و ١٢ حاڵەتی خۆکوشتن تۆمار کراوە
لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە باشوری کوردستان ٩ حاڵەتی کوشتن و ١٢ حاڵەتی خۆکوشتنی ژنان هەبووە، لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠یشدا ٣ حاڵەتی کوشتنی ژنان و ١٣ حاڵەتی خۆکوشتنی ژنان تۆمارکراوە، بەو پێیە ئەمساڵ ڕێژەی کوشتنەکان زیادی کردووە.
سلێمانی
بەپێی ئامارەکانی میدیا هەواڵییەکان بەراورد بە ساڵی پار رێژەی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، زۆرترین حاڵەتەکانیش لە کامپی ئێسیان لە پارێزگای دهۆک بووە، بەجۆرێک لەماوەی سێ رۆژدا سێ ژنی گەنجی ئاوارەی ئێزیدی کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، بەڵام تائیستا لەلایەن هیچ ڕێکخراوێکی ژنان و بەرپرسی کامپەکەناوە ئاماژە بەهۆکاری خۆکوشتنەکەیان نەکراوە.
لە توندوتیژی دژ بە ژناندا ڕەچاوی تەمەنیش ناکرێت لەهەر تەمەن و شوێن و ئاستێکدا بێت توندوتیژی بەرامبەر ژنان ئەنجامدەدرێت، ئەو ژنانەی لەسەرەتای ئەمساڵەوە کوژراون تەمەنیان لە ١٥-٣٥ ساڵدا بووە، زۆرترین ئەو ژنانەشی کوژراون تەمەنیان لە نێوان ٢٠-٢٥ ساڵدایە.
توندوتیژییەکان بە کێشەی کۆمەڵایەتی بەناو دەکرێن
زۆربەی کات کوشتنی ژنان بە بیانوی شەرەف و کێشەی کۆمەڵایەتی بەناو دەکرێت و ئەو دەستەواژەیە دەدرێتە پاڵ هەر کەیسێکی ژنان و کۆتایی بە باسەکەی دەهێنرێت، دەستگیرنەکردنی تاوانباریش، ڕێگە بۆ تاوانی دیکە خۆشدەکات.
پرسی توندوتیژی دژ بە ژنان بابەتێکە لە تەواوی جیهاندا باس دەکرێت و هەرێمی کوردستانیش بەدەر نیە لەو دیاردەیە، بەو پێیە لە هەر شوێنیک ژن هەبێت توندوتیژی هەیە، بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکانی مافی مرۆڤ بەردەوام لە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو دیاردەیە بەڵام تاوەکو ئێستا نەتوانراوە بنەبڕ بکرێت.
هەرێمی کوردستان خاوەنی یاسای باری کەسێتییە کە ساڵی ٢٠٠٨ هەموار کراوەتەوە، تێیدا گرنگترین مافەکانی بۆ ژنان دەستنیشانکردووە، بەڵام ئەم پێشێلکارییانەی دژ بە ژنان دەکرێت پێمان دەڵێن یاسا نەیتوانیوە بەپێی پێویست لە ئاست کەیسەکانی ژناندا سەروەر بێت.
ت.پ