لە کۆڵن گردبوونەوەیەکی جەماوەریی بۆ ساڵیادی ژینا ئەمینی ئەنجام درا
بە پێشەنگایەتیی کژار لە کۆڵن، لە ساڵیادی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی چالاکییەکی جەماوەریی بەڕێوەچوو، لە چالاکییەکە ڕاگەیەندرا، تێکۆشانی ژنان دوای شەهیدکردنی ژینا ئەمینی بەردەوامە، ژنان بەرانبەر بە سیاسەتەکانی فشار و لەسێدارەدان پاشەکشە ناکەن.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ، لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی شەهیدکردنی ژینا ئەمینییەوە، بە پێشەنگایەتیی کۆمەڵگەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) و بە بەشداری رێکخراوەکانی ژنانی کورد، نوێنەرانی پژاک، ڕێکخراوەکانی ژنانی ئەنتەرناسیۆنالیست و چالاکوانان گردبوونەوەیەک ڕێکخرا.
لە گردبوونەوەکە بە زمانەکانی کوردی، ئەڵمانی و فارسی و ئینگلیزی، درووشمی “ژن ژیان ئازادی” بەرزکرایەوە و داوای ئازادکردنی زیندانیانی ئێران کرا، پاشان، ئەندامی کژار، جەمیلە ڕۆژهەڵات لە چالاکییەکەدا قسەی کرد و ڕایگەیاند، هێشتا تێکۆشانی ژنان دوای شەهیدکردنی ژینا ئەمینی بەردەوامە، ژنان بەرانبەر بە سیاسەتەکانی فشار و لەسێدارەدان پاشەکشە ناکەن و و هێڵی “ژن، ژیان، ئازادی” بە زیندوویی ڕادەگرن.
پاشان ئاراس حوسێنی، وتەبێژی پژاک لە ئەڵمانیا وتی: فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادی” تەنها تێکۆشانی ژنانی کورد یان ناوچەکە نییە، ئەم فەلسەفەیە لەگەڵ خواستی ژنان بۆ ئازادی، یەکسانی و ژیانی دیموکراتیک بووەتە یەک و گۆڕاوە بۆ تێکۆشانێکی جیهانی.
هەروەها بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پژاک، زاگرۆس ئەندەریار باسی لە فشار و سزاکانی لەسێدارەدان دژی زیندانیانی سیاسی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، هەروەها بانگەوازی لە ڕای گشتیی ئەورووپا و دەزگا نێونەتەوەییەکانی کرد، کە بۆ ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکان و خستنەڕووی دۆخی زیندانیانی سیاسی، پشتیوانییەکانیان بەهێزتر بکەن.