ژنێکی میسری بەهۆی سووتانی توندەوە گیانی لەدەستداو هاوژینەکەی تۆمەتبارە

ژنێک بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵەکەی لە شاری دامیات لە میسر گیانی لەدەستدا، خێزانەکەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هاوژینەکەی بە ئەنقەست ئاگری تێبەرداوە و ڕێوشوێنی یاسایی بەردەوامە بۆ ئاشکراکردنی بارودۆخی دەورووبەری ڕووداوەکە.

میسر

 

سەباح ڕەمەزان، ژنێکی تەمەن ٢٦ ساڵ، خەڵکی زەرقای شاری دامیاتلە میسر، ١٩ی ئەیلوول بەهۆی سووتانی سەخت و برینەکانی بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵەکەیدا گیانی لەدەستدا، خێزانەکەی هاوژینەکەی تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە بە ئەنقەست ئاگرەکەی دەستپێکردووە.

 

بە وتەی خێزانی زیانبەرکەوتووەکە، ڕووداوەکە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ڕوویداوە کە ئاگر لە شوقەیەکی ئەو گوندە کەوتووەتەوە، خێزانەکە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هاوژینەکەی لەکاتی خەوتنی ژنەکەیدا ئاگری تێبەرداوە.

 

ڕوونیکردەوە، کە بەگوێرەی گێڕانەوەییان، هاوژینەکەی سەتڵێک بەنزینی بەسەر قەنەفەکە ڕشتووە کە زیانبەرکەوتووەکە لێی دانیشتووە یان خەوتووە، دواتر ئاگری تێبەرداوە، بەو هۆیەوە سووتانی زۆری لێکەوتووەتەوە.

 

دوابەدوای ڕووداوەکە سەباح ڕەمەزان بەهۆی سەختی برینەکانیەوە بۆ چارەسەری پزیشکی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی ئاعسر لە شاری دامیات، بەڵام دوێنێ ١٩ی ئەیلوول بەهۆی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا، تەرمەکەی بردراوە بۆ مۆرگ لە نەخۆشخانەی پسپۆڕی دامیات تا تەواوبوونی ڕێکارە یاساییەکان.

 

بە وتەی ئەو خێزانە، سەباح ڕەمەزان هەوڵیداوە بانگی کوڕە تەمەن ١٠ ساڵەکەی بکات بۆ داواکردنی یارمەتی، کوڕەکە چووە و بینیویەتی دایکی بە بڵێسەی ئاگردا گیرۆدە بووە، هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەی داوە و داوای هاوکاری لە دراوسێکانی کردووە.

 

هەروەها خێزانەکە ڕایانگەیاندووە، هاوژینەکەی ژنەکەی  گواستووەتەوە بۆ ژووری نووستن لەکاتێکدا ژنەکەی ئاگری تێبەربووە و دەرگاکەی داخستووە، پاشان لەلای دراوسێکان وا خۆی نیشان داوە کە ناتوانێت بچێتە ژوورەوە و ڕزگاری بکات.

 

خێزانەکە ئاماژەیان بەوە کردووە، کە دواتر دراوسێکان توانیویانە لە ڕێگەی ژوورێکی تەنیشتەوە بگەنە دەستی زیانبەرکەوتووەکە پێش ئەوەی ببرێتە نەخۆشخانە، ئەو ژنە تووشی سووتانی پلە سێیەم بووە کە نزیکەی ٧٠٪ی جەستەی گرتووەتەوە، تا مردنی بارودۆخەکەی بە مەترسیدار ماوەتەوە.