تەندروستی جیهانی: کوتان ژیانی ٦٠٪ی منداڵانی لە مردنی سورێژە رزگار کردووە
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە هەفتەی هۆشیاری کوتاندا دەلێت: کوتان ژیانی ٦٠٪ی منداڵانی لە مردن رزگار کردووە.

ناوەندی هەواڵ
هەفتەی جیهانی بۆ هۆشیاریی کوتان لە ٢٤ی نیسان تا ٣٠ی نیسان بەردەوام دەبێت، ئامانجی سەرەکی لەم هەفتەیە؛ هۆشیارکردنەوەی دایک و باوکانە لە کوتانی منداڵەکانیان بە ڤاکسین، هەروەها باشترکردنی رێگەکانی ئاسانکردنی دەستگەیشتن بە ڤاکسینە.
دروشمی ئەمساڵ لە هەفتەی جیهانی بۆ هۆشیاریی کوتاندا ''کوتان بۆ هەمووان لەڕووی مرۆڤایەتییەوە رێی تێدەچێت''ە، بەجۆرێک هەموو تاکێک لە هەر وڵاتێک بێت، پێویستە کوتانی بۆ بکرێت و بەبێ جیاوازی خزمەتگوزارییەکانی بۆ دابینبکرێت.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوەکرد، کوتان ٤٠٪ی رێژەی مردنی کۆرپەی کەم کردووەتەوە و ئێستا منداڵان کواڵیتیی ژیانیان لە رۆژە سەرەتاییەکانی تەمەنیان زۆر بەرزترە بەراورد بە سەردەمی پێش ڤاکسین. ئاماژە بە ڤاکسینی سوورێژەش دەکات کە ٦٠٪ی منداڵان بەهۆی ڤاکسینی دژەسوورێژەوە لە مردن رزگاریان بووە.
یونیسێف ئاشکرای دەکات، پێش دۆزینەوەی ڤاکسین ساڵانە ٢.٦ ملیۆن منداڵ بەهۆی سوورێژەوە گیانیان لەدەستدەدا، بەڵام ئێستا کەمبووەتەوە بۆ نزیکەی ساڵانە ١٠٧ هەزار منداڵ.
ئاشکراشیکرد، لە ٥٠ ساڵی رابردوودا تەنیا بە ڤاکسینی سوورێژە، ژیانی ٩٤ ملیۆن منداڵ پارێزراوە، لە ساڵی ٢٠٠٠دا زیاتر لە ٨٠٠ هەزار منداڵ بەهۆی سوورێژەوە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام بەهۆی چڕکردنەوەی کوتان بە ڤاکسینی سوورێژە ئەو ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٢٢دا کەمبووەتەوە بۆ نزیکەی ١٠٠ هەزار گیانلەدەستدان.