٥١مین ساڵیادی بۆردومانی هەڵەبجە بە چەكی ناپاڵم بەرز ڕاگیرا

ساڵەکانی ڕۆژ بۆ هەڵەبجەییەکان پڕن لە یادو بیرەوەری ناخۆش، پڕن لە کارەسات و مەینەتی و ماڵ وێرانی، ئەمڕۆش دیسان یادێکی تاڵی ئەو بیرەوەرییانەیە، کە بۆردمانکردنی ھەڵەبجەیە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعسەوە بە چەکی ناپاڵم.

 ڕێژنە سەلام

 

هەڵەبجە- لەم ڕۆژەداو  لە ٢٦_ی نیسانی ١٩٧٤ دا هەڵەبجە، دوو ڕۆژ پاش بۆردومانكردنی شاری قەڵادزێ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بە چەكی قەدەغەكراوی ناپاڵم بۆردومانكراو، لەو بۆردومانەدا نزیكەی (٥٠) هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون، بۆردومانی ساڵی ١٩٧٤ سەرەتای كۆمەڵێك تاوانی یەك لە دوای یەك بوون دەرحەق بە خەڵكی بێ تاوانی هەڵەبجە.

 

لەوبارەیەوە کوێستان ئەکرم فەرەج. بەرپرسی ڕێکخراوی لاهای بۆ جینۆساید لقی هەڵەبجە لەو بارەیەوە وتی: سەری ڕێزو نەوازەش بۆ شەهیدان و کوردستان نەوی دائەنوێنین ، هەڵەبجە چەند نەهامەتیەکی هەیە بە بیرەوەری من کە تەمەنم ٧ ساڵ بوو خانوی ماڵی باوکم  بە لاپاڵم و سارۆخ تەخت بوو مالی ئیمەش یەکێک بوو لەو ماڵانەو چەندین جار لە رادیۆی ئێران ناوی ئەو ماڵانەی بڵاو کردەوە کە بە چەکی لاپالم و سارۆخ ماڵەکانیان تەخت بووە( ماڵی ئێمەش یەکێک بوو لەو ماڵانە کە هیچمان بۆ دەرنەچوو) جگە لە زیانە مادیەکان هەر لەو بۆمب باران کردنەدا نزیکەی ٦٠ هاولاتی سڤیل شەهید بوون.

 

ئەمرۆ بەمەبەستی بەرز راگرتنی ئەو یادە، لەلایەن کەسایەتیەکان و ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە تاجە گوڵینە لەسەر مەزاری شەهیدان دانرا.

 

 هاوڵاتیانی هەڵەبجە دەڵێن، ئەم یادە بەرز و پیرۆز ڕادەگرین و، لێرەوە دەخوازین کورد و کوردستانیان چیدی نەبنە ئامانجی چەکە قەدەغەکراوەکان و کۆمەڵکوژی و جینۆساید و تاوانی نامرۆڤانە، سەری ڕێزو نەوازش بۆ سەرجەم شەھیدانی ئەو کارەساتە دادەنەوێنین و تاجەگوڵینەی ڕێزو وەفا لەبەردەم ناوی ئەو شەهیدانە دادەنێین.