لە نێوان هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان پاکستان بە زۆر، هەزاران پەنابەری ئەفغانی دیپۆرت دەکاتەوە

کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە گەڕانەوەی زۆرەملێی پەنابەرانی ئەفغانی بە تایبەتی ژنان لە پاکستانەوە، لە ماوەی مانگی نیساندا زیاتر لە ١٢٠ هەزار پەنابەری ئەفغانی لە پاکستان دیپۆرتکراون.

 

ناوەندی هەواڵ- لە کاتێکدا کە ئەفغانستان بەردەوامە لە ئەزموونکردنی یەکێک لە توندترین قەیرانەکانی ئاوارەبوون لە جیهاندا، دەسەڵاتدارانی پاکستان بە زۆر هەزاران کۆچبەریان دیپۆرت کردەوە، وڵاتێکە ڕووبەڕووی داڕمانی ئابووری، نائاسایشی خۆراکی توند، سنووردارکردنی بەرفراوان بووەتەوە.

 

کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان ڕۆژی هەینی ٢٥ی نیسان ڕاپۆرتێکی لە هەژماری 'ئێکس' ی خۆیدا بڵاوکردەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە زیاتر لە ١٢٠ هەزار پەنابەری ئەفغانی لە پاکستانەوە دیپۆرتکراونەتەوە.

 

لە میانەی سەردانێکیدا بۆ دەروازەی سنووری تورخهام، کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان ڕوونیکردەوە کە دەیان هەزار ئەفغانی لە پاکستانەوە دەگەڕێنەوە، بەشێکی زۆریشیان ناچار بوون بەجێبهێڵن. کۆچبەرانی گەڕاوە ماندوو، دڵەڕاوکێیان هەیە لە داهاتوو، زۆرجار تەنها بەشێکی کەم لە کەلوپەلی تایبەتی خۆیانەوە دەگەڕێنەوە ماڵەوە.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە ژنان و منداڵانی کچی ئەفغانستان بەتایبەتی نیگەرانن لە گەڕانەوە بۆ ئەفغانستان، بێبەشبوون لە دەستڕاگەیشتن بە خوێندن، بژێوی ژیان،ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان. هەندێک لە گەڕاوەکان هەرگیز گەشتیان بۆ زێدی خۆیان نەکردووە، ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری بوونەتەوە.

 

شایانی باسە کە پاکستان لە سەرەتای مانگی نیسانەوە دەستی کرد بە دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەنابەرە ئەفغانیانەی کە کارتی ڕەگەزنامەی ئەفغانی 'پە ئۆ ر' و 'ئای سی سی' یان هەبووە بە زۆر. لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیەدا، نیگەرانییەکان بۆ ئەفغانییە لاوازەکان پەرەی سەندووە، بەتایبەتی ئەو ژنانەی کە لە مافە سەرەتاییەکانیان لە ئەفغانستان بێبەش بوون، ژمارەیەکیان دوای گەڕانەوەی تاڵیبان پەنایان بۆ پاکستان بردووە.

 

بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، پاکستان لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ دەستیکردووە بە گەڕانەوەی ئەفغانییە نایاساییەکان بۆ وڵاتەکەیان بە زۆر، لەو کاتەوە تا ئێستا نزیکەی ٩٠٠ هەزار کەس دیپۆرتکراونەتەوە.

 

مانگی ڕابردوو حکومەتی پاکستان ڕایگەیاند کە بەپێی ڕێککەوتنێکی دوو قۆڵی نێوان هەردوو وڵات زیاتر لە ٨٠٠ هەزار ئەفغانی کە وەک پەنابەر لە پاکستان تۆمارکراون، دیپۆرت دەکەنەوە. دەسەڵاتداران بەنیازن نزیکەی یەک ملیۆن ئەفغانی کە لە قۆناغی دووەم و سێیەمی گەڕانەوەیاندا لە UNHCR تۆمارکراون، دیپۆرت بکەنەوە.

 

پێشتریش چەند ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە ڕاگواستنی زۆرەملێی پەنابەرانی ئەفغانی لە پاکستان، چارەنووسی نادیاریان لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا، داواشیان لە حکومەتی پاکستان کرد پرۆسەکە ڕابگرێت.