کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد

بە بەشداریی ٤٠٠ ئەندام، لە باشوور، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، کۆنفرانسی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستیی کوردیی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێستا، لە پارکی ئازادیی لە شاری قامیشلۆ، کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کوردیی لە ڕۆژئاوای کوردستان بە خولەکێک وەستان بە بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە ڕۆحی شەهیدان دەستیپێکرد.

 

لە کۆنفرانسەکەدا، ٤٠٠ ئەندام لە لایەنە سیاسییەکان، ڕۆشنبیران و توێژە جیاوازەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و چەندین ناوچەی سووریا و شاندەکانی یەنەکە و نوێنەری مەسعود بارزانی سەرۆکی پەدەکە لە باشوور و شاندی دەم پارتی و دەبەپە لە باکووری کوردستان بەشدارییان کردووە.

 

بڕیارە وتاری کردنەوەی کۆنفرانس لەلایەن مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی قەسەدە بخوێندرێتەوە، هەروەها وتاری نوێنەری مەسعود بارزانی، یەنەکە، دەم پارتی و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێشکەش بکرێت.

 

لە کارنامەی کۆنفرانسەکەدا، ڕەشنووسی یەکڕیزیی کورد، کە پێشتر گفتوگۆی لەسەر کراوە، دەخرێتەڕوو و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، لە ئەنجامی گفتوگۆکاندا، شێوەی کۆتایی وەردەگرێت و پەسەند دەکرێت.

 

لە کۆتاییدا، بە ڕاگەیاندراوێک ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکە بۆ ڕای گشتیی دەخرێتەڕوو.

 

بە مەبەستی ڕووماڵکردنی کۆنفرانسەکە زیاتر لە ٦٠ دەزگای ڕاگەیاندن و نزیکەی ٢٠٠ ڕۆژنامەنووس چاودێری کۆنفرانسەکە دەکەن.