سزای ٣٠ مانگ زیندانی و ٨٠ قامچی بەسەر نێرگز محەمەدی'دا سەپێنرا
کۆمەڵگەی دادوەری قودسی تاران سزای ٣٠ مانگ زیندانی و ٨٠ قامچی بەسەر نێرگز محەمەدی چالاکوانی مافی مرۆڤدا سەپاند.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەرانا، نێرگز محەمەدی جێگری سەرۆک و وتەبێژی ناوەندی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ-DHRC، لەلایەن لقی ١١٧٧ی دادگای تاوانی دادوەری قودس-ی تاران سزای ٣٠ مانگ زیندانی و ٨٠ قامچی بۆ سەپێندرا، ئەم سزایەش پەیوەندی بە دۆسیەیەکی نوێوە هەیە کە لە زینداندا بۆ نێرگس محەمەدی کراوەتەوە.
بە وتەی تەقی ڕەحمانی، هاوژینی نێرگز، تۆمەتەکانی نێرگز محەمەدی بەم جۆرەیە: "پڕوپاگەندە کردن دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بەیاننامە، لە نووسینگەی زیندانی (مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە کوشتنی خەڵک لەسەر شەقامەکان لە سەرانسەری وڵات)، دژ وەستانەوەی سەرۆکایەتی و دەستەی زیندان (بۆ کۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانی ناڕەزایی)، شکاندنی شوشە و هەوڵدان بۆ ناوزراندنی زیندان بە ناوی ئەشکەنجە و دەستدرێژیکردن".
نێرگز محەمەدی جێگری سەرۆک و وتەبێژی ناوەندی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ-DHRC، لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا دوای پێنج ساڵ و نیو لە زیندانکردنی ئازاد کرا، بەڵام دوای کەمتر لە دوو مانگ لە ئازادکردنی، لە ٦ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا بانگ کرا بۆ دادگا، لە ئێستاشدا سزای ٣٠ مانگ زیندانی و ٨٠ قامچی بەسەردا سەپێندرا.
ت.پ