٪٥ی ژنانی تورکیا ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە

ناوەندی ستۆکهۆڵم بۆ ئازادییەکان ئاشکرای کرد لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە ٪٥ی ژنان لە تورکیادا توندوتیژی سێکسیان بەرامبەر کراوە.

ناوەدنی هەواڵ

 

لەم ساڵانەی دوایدا لە تورکیا توندوتیژی جۆراوجۆر بەرامبەر بە ژنان زیادی کردووە، هۆکارەکەشی نەبوونی پشتیوانییەکی یاساییە بۆ ژنانی ئەو وڵاتە.

 

بە پێی داتاکانی وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی لە دوای پاشگەزبوونەوەی دەوڵەتی تورکیا لە پەیماننامەی ئەستەنبول لە ٢٠ی ئازاری ئەمساڵدا، توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان زیادی کردووە.

 

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ٢٠ی ئایار/٥، وەزیری خزمەتگوزاری خێزان و کۆمەڵایەتی ديريا يانيك، لە دانیشتنی پەرلەمانی تورکیادا ڕایگەیاند: "حاڵەتەکانی توندوتیژی سێکسی کەمتر لە ڕێژەی ٪١١یان دەبرێنە بنکەکانی پۆلیس و سكاڵایان لەسەر تۆمار دەکرێت".

 

یاساکانی تورکیا بەبێ چاودێری ماونەتەوە و کاریان پێناکرێت بە جۆرێک ئەو وڵاتە پێش ئەوەی لە پەیماننامەی ئەستەنبول بکشێتەوە هیچ کارێکی بە یاساکانی مافی مرۆڤ نەدەکرد، هەرچەندە یاسایەک هەیە هەرکەسێک دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنێک ئەنجام بدات دەبێت زیندانی بکرێت لە سێ مانگ بۆ دوو ساڵ، بەڵام دادگاکان لێکۆڵینەوە ناکەن و سزاکە ناسەپێنن، هەروەها هاوسەرگیریکردن لەگەڵ ئەو ژنانەی دەستدرێژیان کراوەتە سەر لەلایەن تاوانبارەوە وەک ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون لە یاساکە هەڵدەبژێردرێت لەلایەن تاوانبارەوە.

 

ت.پ