سلێمانی، گردبوونەوەیەک دژی سزادانی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینان ئەنجامدرا
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی دژی سزادانی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان بە بەشداری ژمارەیەک لە چالاکوانان و پارێزەران ئەنجامدرا، تێیدا داوای پاڵپشتییان لە سەرجەم حزب و ڕێکخراوەکان کرد.
سلێمانی
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی گردبوونەوەیەک بە بەشداری ژمارەیەک لە چالاکوانان و پارێزەران ئەنجامدرا، تێیدا ژنان، پارێزەران، چالاکوانان، ڕۆشنبیران، نوسەران و چەندین کەسایەتی شاری سلێمانی بەشداربوون، دروشمی ئازادی بۆ شێروان شێروانی و هاوڕێکانی و وێنەی چالاکوانانی بادینان بەرز کرابوونەوە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا محەمەد ساڵح، پارێزەر و یاساناس، ئاماژەی بەوەدا سزادانی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان نایاساییە و پێویستە هەرچی زووە ئەو بڕیارە هەڵوەشیتەوە، ئەو پارێزەرە داواشی کرد سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێست بنوینێت و لێبوردنی تایبەت بۆ ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانە دەربکات.
نەغەدە عوسمان، فەرمانبەر و چالاکوان، لە لێدوانێکیدا بۆ ژنها ئاماژەی بەوەدا لە سزادانی ئەو ڕۆژنامەنووسانەدا دادگا کاری خۆی نەکردووە و لایەنی پەیوەندیدار گوێ بە ناڕەزایەتییەکانی هاوڵاتیان نادات، وتیشی: حکومەت بە بڕیاری کنسوڵخانە و دەوڵەتانی زلهێز تاوانی سیخوڕیکردنی لەسەر ڕۆژنامەنووسان لابرد، چونکە خۆیان پاشکۆی ئەو وڵاتانەن، ناتوانن دژی سیاسەتی ئەو دەوڵەتانە بجوڵێنەوە، پەیامیشم ئەوەیە دادوەران و هاوڵاتیان داوای داخستنی دەرگای دادگاکان بکەن، چونکە دادگا کاری خۆی ناکات، ژن کوژان و تاوانباران سزا نادرێن بەڵکو ڕۆژنامەنووسان سزا دەدات.
ڕێزان ئەحمەد هەردی، پزیشک لە نەخۆشخانەی شار، لە گردبوونەوەکەدا بەشداربوو، بۆ ژنها دوا و وتی: دەمەوێت بە بەشداریم لەم گردبوونەوەیەدا بەشداربم لە دژ وەستاندنەوەی سزادانی دەنگی ئازاد، کە دەنگیان لەپێناو ئازادیدا بەرز کردووەتەوە، دەنگی ئازاد مافی هەموو کەسێکە و یەکێک لە دروشمە سەرەکییەکانی حزب و لایەنە کوردی و جیهانییەکانیش ئازادی تاک و ڕادەربڕینە، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی یاسایەکی دروستکراو سزا بەسەر ڕۆژنامەنووسان و چالاکواناندا سەپاندووە، بەشداریشم بۆ دژ وەستانەوەی ئەو نایەکسانی و نادادپەروەرییەیە و دەڵێم ئازادی بۆ ئەو مرۆڤانەی بە نائازادانە سزا دراون.
ت.پ