شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پێشوازی لە شاندی ئاشتی کرد

ئێوارەی دوێنێ شاندی نێونەتەوەیی ئاشتی و ئازادی سەردانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەنەکەیان کرد و لەسەر پرسی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و ڕێگریکردن لە شەڕی ناوخۆ گفتوگۆیان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی دوێنێ لە شاندی نێونەتەوەیی ئاشتی و ئازادی سەردانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەنەکە لە شاری سلێمانی کرد و لەسەر پرسی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و یەکڕیزی لایەنەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکان کۆبوونەوە.

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا پێخۆشحاڵە بە هاتنی شاندی ئاشتی بۆ کوردستان تا ڕێگری بکەن لە شەڕ و زیاتر سووتانی گوندەکانی وڵاتەکەمان و کوشتنی خەڵکی وڵاتەکەمان، هەروەها وتیشی: وەک یەکێتی بڕیارمانداوە بەهیچ شێوەیەک بەشداریی شەڕی کورد و کورد نەکەین، پێویستە هەموولایەکیش بەڵێنی ئەوە بدەن، کە شەڕی کورد و کورد تەحریم و تەجریم کراوە و نابێت ڕێگابدەین دەستپێبکاتەوە، ئەگەر دەستپێبکات بەکەسمان ناوەستێتەوە، کارێک دەکات هەتا ماوین نەتوانین سەرمان بەرزبکەینەوە و باسی ئازادیی بکەین.

 

کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەنەکە ئاماژەی بەوەشدا تورکیا بەرنامەی خۆی هەیە و لەمێژە دایڕشتووە، گرنگ ئەوەیە ئێمە دوای نەخشەی ئەو نەکەوین و جێبەجێکاری نەخشەکانی نەبین، پێشمەرگەی خۆمان نەکەینە بەشێک لە سوپای تورکیا.

دواتر شاندەکە بە یاوەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد  سەردانی گەلەری خاکیان کرد کە تێیدا خۆڵی ناوچە جیاوازەکانی چوار پارچەی کوردستانی تێدا هەڵگیراوە.