سێ ڕۆژنامەنووس لەوانە مەریەم ئەبو دەقە لە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کوژران
لە نێوان پەرەسەندنی هێرشەکان بۆ سەر نەخۆشخانەکان و ئاوارەکان، مەریەم ئەبو دەقە، ڕۆژنامەنووسی فەڵەستینی لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلیدا کە نهۆمی چوارەمی کۆمەڵەی پزیشکی ناسری لە خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە کردە ئامانج، کوژرا.

ناوەندی هەواڵ
لە زیادبوونێکی ڕاستەقینەی پێشێلکارییەکانی هێزەکانی ئیسرائیل، بە ئامانجگرتنی رۆژنامەنووسان لە کەرتی غەززە بەشێوەیەکی سیستماتیک بەردەوامە، لە ئەنجامدا زیاتر لە ٢٤٠ ڕۆژنامەنووس لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە گیانیان لەدەستداوە، کە ئەمەش هەوڵێکی بە ئەنقەستە بۆ تەمومژاویکردنی ڕاستییەکان و بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان.
ڕۆژی ٢٥ی ئاب، مەریەم ئەبو دەقە، ڕۆژنامەنووسی فەڵەستینی، لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کۆمەڵگەی پزیشکی ناسر لە خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە، کوژرا.
سەرچاوە پزیشکییەکانی فەڵەستینی ڕایانگەیاند کە ژمارەی کوژراوانی هێرشی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆمەڵگەی پزیشکی ناسر گەیشتوەتە ٨ کەس کە سێ ڕۆژنامەنووسیان تێدایە، ڕۆژنامەنووسەکان بریتین لە حوسام مەسری، فۆتۆگرافەری ڕۆیتەرز و محەمەد سەلامە، فۆتۆگرافەر و مەریەم ئەبو دەقە، ڕۆژنامەنووس، هێرشەکە بەر نهۆمی چوارەمی کۆمەڵگەکە کەوتوە و بە ئامانجگرتنی گروپەکانی فریاگوزاری خێرا دووبارە بووەتەوە و لە ئەنجامدا ١٤ کەس گیانیان لەدەستداوە کە دوو ڕۆژنامەنووسیان تێدابووە.
هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە توندکردنی گیرە لە دەوری ئاوارەکان لە غەززە بە بەکارهێنانی برسێتی و بۆردومانکردن بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن پێش داگیرکردنیان لە ناوچەکە ئاوارەیان بکەن.
ئەم ڕووداوانە لە کاتێکدایە کە شەڕی ئیسرائیل لەسەر کەرتەکە پەرەدەستێنێت، وە ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکاندا کوژراون، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر ئەو ئاڵەنگاریە بەرچاوانەی کە ڕوبەڕوی پیشەکارانی ڕاگەیاندن لە ناوچە جێناکۆکەکان دەبنەوە.