داوای هەڵدانەوەی دۆسییەی دکتۆر بان زیاد دەکرێت

ڕێکخراوەکانی باشووری کوردستان لە نامەیەکدا ئیدانەی کوشتنی دکتۆر بان زیاد دەکەن و داوای سەرلەنوێ هەڵدانەوەی دۆسییەکەی دەکەن و داوا دەکەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چاودێری دۆسییەکە بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

تۆڕی هەشتی مارس و ڕێکخراوی کوردستانی کۆنگرەی ئازادیی و گۆڕانکاری لە باشووری کوردستان سەبارەت بە کوشتنی دکتۆر بان زیاد نامەیەکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەنجوومەنی بالای دادوەری، نێردەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە عێراق کرا.

 

لە نامەکەدا هاتووە، بە تووندی ئیدانەی تاوانی کوشتنی  وەحشیگەرانەی دکتۆر بان زیاد تارق پزیشکی دەروونناس و چالاکوانی مەدەنی دەکەین، هەروەها شێواندنی جەستەی ئەو ژنە دکتۆرە، تەمومژاوەیی لێکۆڵینەوەکان، خێرایی نائاسایی دادگاییکردنەکە، شاردنەوەی بەڵگەکان لەگەڵ داننانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بە حاڵەتی خۆکوشتن یەکناگرێتەوە، بۆیە داوا لە دادگای فیدراڵی عێراق دەکەین دووبارە دۆسییەی کوشتنی ئەو ژنە دکتۆرە بکاتەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، دەبێت سەرلەنوێ لێکۆڵینەوە لە بەڵگەی جینایی، ڕاپۆرتی پزیشکی داوەری و شایەتحاڵەکان بکاتەوە، بەمەرجێک لێکۆڵینەوەکان بەسەرپەرشتی دادوەری سەربەخۆ و بێلایەن بێت و دوور لەدەستتێوەردانی سیاسی، حزبی و خێڵەکی بێت.

 

باس لەوەشکراوە، داوای تیمێکی شارەزا لە لێکۆڵینەوەی جینائی دەکەین کە سەر بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لیژنەی مافی ژن لە نەتەوەیەکگرتووەکان بن لە پێناوی شەفافییەت و دادپەروەری ڕاستەقینە و بەسزاگەیاندنی هەموو کەس و لایەنێک کە بەشداربووە لەم تاوانەدا.

 

لە کۆتایی نامەکەدا داوایەکی تایبەت ئاڕاستەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن تا هەوڵی جدی بدەن بۆ هەمووارکردنەوەی یاسای سزادانی عێراقی ماددەکانی "٤١،١٢٨،٤٠٩،٣٩٨" کە تایبەتە بەکەمکردنەوەی سزای تاوانەکانی کوشتنی ژنان بەناوی "غسل العار"ەوە هەروەها پێداگری دەکەن بۆ پەسەند کردنی یاسای توندوتیژی خێزانی لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.

 

جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی ٤ـی ئابی ٢٠٢٥، دکتۆر بان زیاد تارق لە ماڵەکەی خۆیدا کوژرا و ئەشکەنجەی زۆر بە جەستەیەوە دیار بوو کە جەستەی شوێندرابوو، هەروەها پارێزگاری بەسرە لە دۆسییەکەی تێوەگلاوە، بەڵام ئەنجوومەنی دادوری عێراق دۆسییەکەی داخست و دانی بەوەدانا حاڵەتەکە خۆکوژی بووە، ڕووداوەکە کاردانەوەی شەقامی عێراقی بەدوای خۆیدا هێنا.