لە سێدارەدان، خۆکوشتن و کوشتن... سیانەیەکی تراژیدی کە ژنانی ئێرانی داپۆشیوە
لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ٢٧ ژن و ٩ منداڵ کوژراون، ١٣ ژن بە هۆکاری نادیار خۆیان کوشتووە، هەروەها چوار ژن کە پێشتر بە تاوانی کوشتن و تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو، لەسێدارەدران.

ناوەندی هەواڵ
کوشتنی ژنان لە ئێران تەنها "توندوتیژی تاکەکەسی" نییە، بەڵکو نیشاندەرێکی ڕوونە بۆ ناڕەحەتییەکی قوڵتری کۆمەڵایەتی و سیاسی، جا ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکوژرێن، لە ماڵەوە بە بێدەنگی بمرن، یان بە بیانووی زەق لە لایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە لە سێدارە بدرێن، ئەمانە هەمووی ئەڵقەن لە زنجیرەیەک سیستەمێکدا کە وەک هاوڵاتی پلە دوو مامەڵە لەگەڵ ژنان دەکات.
ڕێژەی ژنان لە ئێران ساڵ لە دوای ساڵ لە زیادبووندایە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێک لەو حاڵەتانە بە تەواوی بێ بەڵگەنامە دەمێننەوە، یاساکانی ئێران نەک هەر شکست دەهێنن لە پاراستنی ژنان لە توندوتیژی، بەڵکو هانی دەدەن، ژنان بەناوی "شەرەف"ەوە دەکوژرێن و بکوژەکان لەسەر بنەمای چەمکەکانی وەک "ئیرەی" و "شەرەف" سزای نەرمیان پێدەدرێت، لە نەبوونی یاسایەکی ڕوون کە توندوتیژی خێزانی بە تاوان بزانێت، ژنان لە پەیوەندییە کوشندەکاندا گیریان خواردوە.
ئەم دیاردانە هەڕەمەکی نین، ئەوان دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی زنجیرەیەک یاسای کەموکوڕی و پاشەکشەن کە وەک موڵکی پیاوان مامەڵە لەگەڵ ژنان دەکەن.
بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ئاژانسەکەمان مانگی ڕابردو ٢٧ ژن و ٩ منداڵ کوژراون، ١٣ ژن بە هۆکاری نادیار کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و چوار ژنیش بە تاوانی کوشتن و ماددەی هۆشبەر کە پێشتر سزا دراون لە سێدارە دراون.
ڕۆژی ١٥ی تەمووز، منداڵە کچێکی تەمەن ٧ ساڵانی هاوڵاتی شاهرودی نەناسراو کوژرا.
ڕۆژی ٢١ی تەمووز، عاتفە ئەمینی، ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵانی هاوڵاتی یەزد، کە پێشتر بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر سزا درابوو، لە زیندانی ناوەندی یەزد لە سێدارە درا، ڕۆژی دواتر ڕەخسارە ڕەجائی، پزیشکی گشتی، دانیشتوی شاری شیراز بە هۆکارێکی نادیار کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا.
ڕۆژی ٢٥ی تەمووز تەرمی ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵانی ئەفغانی دانیشتوی تاران لەگەڵ منداڵە کچێک و دوو کوڕی تەمەن ٥ و ٣ و ٢ ساڵان دۆزرایەوە کە هەموویان بە هۆکاری نادیار لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژراون.
ڕۆژی دواتر تەرمی ژنێک و منداڵە کچە ١٣ ساڵانەکەی لە گەڕەکی جیتغاری تاران دۆزرایەوە کە هەردووکیان و گیانیان لەدەست داوە بە گولە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، لە نێوان ٢٣ بۆ ٢٩ی تەمووز، زەهرا دلاوەند دانیشتوی کەنغاوەر و فەریدە ڕۆشنی دانیشتوی ناوچەی لەکستان کۆتایان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
ڕۆژی ٢٧ی تەمووز، ژناێکی گەنج بەناوی ئایلین عەبدول حوسێن، دانیشتوی شاری میاندۆب، بە هۆکارێکی نادیار کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا و دواتر گیانی لەدەستدا، هەر لەو ڕۆژەدا ژنێکی تەمەن ناوەڕاستی نەناسراو کە نیشتەجێی تاران بوو، لەلایەن زاواکەیەوە کوژرا، کە وتیان بەهۆی ناکۆکی خێزانییەوە بووە.
ڕۆژی ٢٨ی تەمووز، تەرمی سووتاوی ژن و پیاوێک لەناو ئۆتۆمبێلێکدا لە تاران دۆزرایەوە، هەر لەو ڕۆژەدا ژنێک بە ناوی (هەستی بریندەن) دانیشتوی شاری ئیسلام ئاباد بە هۆکاری نادیار کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا.
ڕۆژی ٢٩ی تەمووز، ژنێک بە ناوی ئارەزو حەق مورادی دانیشتوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی سنە بە هۆکارێکی نادیار کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا، ڕۆژی دواتر ژنێک بە ناوی مەهتاب بەیاتی کە پێشتر بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر سزا درابوو، لە زیندانی وەکیل ئاباد لە مەشهەد لە سێدارە درا.
ڕۆژی ٣١ی تەمووز تەرمی ژنێکی تەمەن ٦٦ ساڵی هاوڵاتی ڕەفسەنجان دۆزرایەوە، ئەو ژنە لەلایەن پیاوێکەوە کوژرابوو کە زێڕەکانی دزیبوو، هەر لەو ڕۆژەدا ژنێکی تەمەن ٥٢ ساڵ بە ناوی ناهید جوکار هاوڵاتی شیراز کە پێشتر بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر سزا درابوو، لە زیندانی عادل ئاباد لە شیراز لە سێدارە درا.
لە یەکەمی ئابدا ژنێکی تەمەن ٧٢ ساڵانی هاوڵاتی ئێلیغودرز لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا، کە وتیان بەهۆی کێشەی خێزانییەوە بووە، تا ئێستا ناسنامەی ئەو ژنە نادیارە، هەر لەو ڕۆژەدا ژنێک بە ناوی پەریسا شەهسیواری هاوڵاتی شاری قروە بە هۆکاری نادیار کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا.
ڕۆژی ٢ی ئاب، ژنێکی نەناسراو لە گەڕەکی لاواسان لە پارێزگای شەمیرانات، لە هەلومەرجێکی نهێنیدا، و لە ئەنجامی لێدانێک لە سەری گیانی لەدەستدا، هەر لەو ڕۆژەدا، خەدیجە دەهقانی، فەرمانبەری کەرتی تایبەت لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکان لە پارێزگای ڕاسک، دوای ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسای لە کارەکەی دوورخرایەوە، کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا، تەرمی ژنێکی تەمەن ناوەڕاست بەناوی بیبی شا کەریمی لە بەرزاییەکانی تابنەکی لامێرد دۆزرایەوە، دوای ئەوەی ماوەی دوو ڕۆژە بێسەروشوێن بوو.
لە ٣ی ئابدا ژن و پیاوێکی کۆچبەری ئەفغانی کە لە ناوچەی قیامەشت لە تاران دەژیا، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژران، هەر لەو ڕۆژەدا ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٢ ساڵ بە ناوی شەهلا عارفخانی هاوڵاتی نیشابوور و دانیشتوی تاران بە هۆکاری نادیار لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا.
ڕۆژی ٤ی ئاب، ژنێکی نەناسراوی هاوڵاتی شاری وەلی عەسری تاران لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا، کە وتیان بەهۆی ناکۆکی خێزانییەوە بووە، ژنێکی دیکە بە ناوی فاتمە بەمبەوری هاوڵاتی بەمبەور و دانیشتووی شاری سەرباز، لە کاتی ڕێگای بۆ ئێرانشەهر بە مەبەستی چارەسەر، لە لایەن دەستدرێژکارێکی نەناسراوەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.
ڕۆژی ٦ی ئاب، ژنێکی گەنج بە ناوی فەرزانە هاشمی کاروی هاوڵاتی ئامل بە هۆکارێکی نادیار کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا، هەر لەو ڕۆژەدا ژنێکی گەنج بە ناوی شنیان مەنسووری هاوڵاتی گوندی سەرینجیانە سەر بە دێهکەلان بە هۆکارێکی نادیار خۆی سووتاند و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست دا.
ڕۆژی ٩ی ئاب، تەرمی دایک و ژنێکی گەنج لە کۆمەڵگەی ئێکبەتان لە تاران دۆزرایەوە، ئەمەش دوای ماوەیەکی زۆر لە مردنیان.
ڕۆژی ١١ی ئاب، ژنێک بە ناوی سودابە قاسم زادە کە پێشتر بە تاوانی کوشتنی هاوژینەکەی سزا درابوو، لە زیندانی ناوەندی ئەسفەهان لە سێدارە درا، هەر لەو ڕۆژەدا، ژنێکی گەنج تەمەن ١٥ ساڵ بە ناوی شەیدا کاردەکار، هاوڵاتی گوندی درۆنکەڵەی شەرقی بابۆڵ، لەلایەن پیاوێکەوە کە ڕەتیکردبووەوە هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات کوژرا، ژنێکی تەمەن ٤٤ ساڵ هاوڵاتی شاری مەشهەد بە تاوانی دزینی زەڕەنگەری لەلایەن دراوسێکەیەوە کوژرا.
ڕۆژی ١٢ی ئاب، پاشماوەی ژنێک کە ١٢ ساڵ پێشتر لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرابوو، لە گوندێکی نزیک جۆوین دۆزرایەوە، هەر لەو ڕۆژەدا ژنێکی نەناسراو لە فیروزکو لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا، کە لەسەر ناکۆکی کەسی بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، لە نێوان ١١ بۆ ١٨ی ئاب، دوو ژن بە ناوەکانی سۆنیا فەتاحیان هاوڵاتی گوندی شییان سەر بە شاری سنە و سوکند جوداکی هاوڵاتی شاری تویسەرکان، بە هۆکاری نادیار کۆتایان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
ڕۆژی ١٣ی ئاب، ژنێکی نەناسراو لە شاری کەرەج بە بازدان لە پردێکی پیادە کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست دا، ڕۆژی دواتر پیاوێک لە شاری مینۆدەشت سەر بە پارێزگای گوڵستان ژن و دوو کچەکەی کوشت، پاشان دەچێتە ماڵی خەزوری لە شاری ئامڵ، لەوێ خوشکی هاوژینەکەی، مەلیحە قزلسفلو و دوو کچەکەی و منداڵە بچووکەکەی و باوکی و هاوژینی خوشکەکەی کوشتوە.
ڕۆژی ١٨ی ئاب، ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵ بە ناوی فاتمە بامەری دانیشتوی گوندی میر ئاباد لە ناوچەی جەلکە جاح هاشم و هاوژینەکەی لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە تەقەیان لێکرا، هەر لەو ڕۆژەدا تەرمی دوو ژنی گەنج لە ماڵێکدا لە گەڕەکێکی باشووری تاران دۆزرایەوە، دەوترێت هۆکاری مردنەکەی حەبی ژەهراوی بووە، لە پەیوەندی لەگەڵ تاوانەکەدا دوو کەس دەستگیرکراون، هەروەها ژنێکی تەمەن ٧٨ ساڵ لە پارێزگای ساری لەلایەن دەستدرێژکارێکی نەناسراوەوە کوژرا کە زێڕەکانی دزیوە.
لە ١٩ی ئاب، ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٠ ساڵ بەناوی نەسیبە تەفکری کە دایکی منداڵێکە و هاوڵاتی زاهیدان، لەلایەن باوکیەوە کوژرا، کە بەهۆی ناکۆکی خێزانیەوە بووە، ژنێکی دیکە بە ناوی شەقایق عەليخاني، هاوڵاتی میاندوئاب بە هۆکارێکی نادیار کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا.
لە ٢٠ی ئابدا ژنێکی تەمەن ناوەڕاستی هاوڵاتی بل دختر لەلایەن کوڕەکەیەوە کوژرا، کە وتیان بە بیانوی کێشەی دارای بووە، هەر لەو ڕۆژەدا ژنێک بە ناوی مەهسا ئەکبەری کە پێشتر بە تاوانی کوشتن سزا درابوو، لە زیندانی ناوەندی شیراز لە سێدارە درا.
ڕۆژی ٢١ی ئاب، ژنێکی نەناسراوی هاوڵاتی گەڕەکی یوسف ئاباد لە تاران لەلایەن براکەیەوە کوژرا، کە وتیان بە بیانوی کێشەی بنەماڵەی بووە، هەروەها کچەکەی بە سەختی بریندار بووە.