دووەمین کۆنفڕانسی زانستی نێودەوڵەتی جینۆسایدی کورد ڕەنگدانەوەی لە ئەدەب، هونەر و میدیادا بەڕێوەدەچێت

بەبەشداری چەندین چالاکوان و ڕێکخراوەکانی ئەنفال، جینۆسایدەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و هەوڵی داگیرکەر بۆ تواندنەوەی گەلی کورد، دووەمین کۆنفڕانسی جینۆسایدی گەلی کورد بەڕێوەدەچێت کە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.

سلێمانی

 

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆتێل هایکریست، لە شاری سلێمانی، لە لایەن حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆسنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بەشداری چەندین چالاکوان و ڕاگەیاندکارانی شاری سلێمانی، دووەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی جینۆسایدی کورد ڕەنگدانەوەی لە ئەدەب-هونەر-میدیادا، کە یەکەمین کۆنفڕانسی لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە شاری سلیمانی بەسترا، بە ئەنجامدانی چەندین توێژینەوەی زانستی و دەرخستنی چەندین جینۆسایدی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەوڵەتانی داگیرکەر بەردەوام لە هەوڵی لە ناوبردن و سڕینەوەی کوردبوون، دووەمین کۆنفڕانسیان ئەنجامدا.

 

سەرەتا خولەکێک وەستان و بێدەنگی بۆ بەبیرهێنانەوەی شەهیدان ئەنجامدرا، وا بڕیارە دووەمین کۆنفرانسی جینۆسایدی کورد لە سلێمانی ماوەی دوو ڕۆژ بخایەنێت و چەندین بابەتی گرنگ تایبەت بە جینۆسایدی کوردان بخرێتەڕوو، لە حەوت پانێڵ پێکدێت، هەشتەم پانێڵ بە ڕووی میواندا کراوە دەبێت، پاشان لە حەوت وڵات میوانەکان بانگێشتکراون، لە کۆی چەندین توێژینەوەی زانستی تەنها ٢٨ توێژینەوە بۆ جینۆسایدکردن لە لایەن خوێندنی باڵاوە هەڵسەنگاندنی بۆکراوە.

 

لە درێژەی کۆنفڕانسەکەدا باس لەوەکرا، جینۆساید بەرهەمی قبوڵنەکردنی ئەو زوڵم و داگیرکارییەیە کە بەرامبەر کورد ئەنجامدراوە، پاشان لە ڕێگەی ژینگەوە جینۆساید بەرامبەر کورد و نەوەی داهاتوو دەکرێت، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵ بۆ کارکردن لەسەر کەیسەکانی جینۆساید و ئەنفال بکەن، هەوڵ بە ناساندنی بە تەواوی جیهان بدەن، هەروەها دوای چەندینساڵ لە دژایەتی کورد ویسترا کورد پاکتاو بکرێت، بەڵام کورد لەسەر پێیەکانی خۆی وەستا، لە باشوور هەرێمی کوردستان هەیە، لە ڕۆژئاوا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی هەیە و لە باکوور پرۆسەی ئاشی هەیە، بۆیە نابێت کورد جارێکیتر رێگە بدات بەهۆی ناکۆکی ناوخۆیی و شەڕی براکوژی ئەو کارەسەتە دووبارە ببێتەوە، بۆیە دەبێت کورد یەکڕیز بێت.

 

پانێڵەکە لە دووتوێی هونەر و میدیا و ئەدەبدا خۆی دەبینێتەوە

مهاباد جەلال، بەڕێوەبەر لە هونەری شێوەکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری وتی:  وەک لیژنەی جینۆساید کارمان کردووە لەم کۆنفڕانسەدا، بە نزیکەی لە حەوت وڵاتەوە میوانەکان بانگێشتی کۆنفڕانس کراون، کە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت، لە حەوت پانێڵ پێکدێت، هەشتەم پانێڵ بەڕووی میوانەکاندا کراوە دەبێت، هەریەک لەو وڵاتانە بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی باس لە جینۆساید دەکات، بەڵام لە دوتوێی هونەر و میدیا و ئەدەبدا خۆی دەبینێتەوە، لە پانێڵەکەدا کۆمەڵێک توێژینەوە پێشکەشکرا، بەڵام ٢٨ توێژینەوەی زانستی بۆ باسکردن لە پانێڵەکەدا وەرگیراوە، کە لەلایەن خوێندنی باڵاوە هەڵسەنگاندنی بۆکراوە، هەروەها لەو کتێبەی پێشکەش بە بەشداربوانی دەکرێت هەموو توێژینەوە وەرگیراوەکان باس کراوە تێیدا.