قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر ژنان

پانێڵی دووەمی کۆنفرانسەکە باسکردن بوو لەسەر قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر ژنان.

بەیروت

 

کۆنفرانسی دووەمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بەردەوامە و لە پانێڵی دووەمدا باس لە کێشە و قەیرانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر ژنان کرا.

بوشرا عەلی چالاکوان لە وڵاتی لوبنان سەبارەت بە "لەو وڵاتانەی لە ١٠ ساڵی کۆتایدا شەڕی تێبووە و ڕۆڵی ژنان تێیدا" وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا کە ژنان لە ماوەی ١٠ ساڵی شۆڕشی گەلاندا بە ناوی " بەهاری عەرەبی گەلان" ڕۆڵی کارا و ڕاستەوخۆیان هەبووە و بەشداری چالاکی خۆپیشاندانەکان بوون، هەروەها لە بڕیارە چارەنوسسازەکاندا ڕۆڵیان هەبووە.

 

هەروەها باسی لەوەکرد کە قەیرانەکان ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژنان هەیە، بۆیە تا ژن لە کۆمەلگەیەکەدا نەبێتە خاوەنی هێز و کاریگەری ڕاستەوخۆی نەبێت، ئەو کۆمەلگەیە ناتوانێت چاکسازی تێدا بکرێت، نمونەی چەندین وڵاتیشمان هەیە کە ژنان بوونەتە پێشەنگ، لەو ڕووەوە پێویستە ژنان ببنە هێزێکی کاریگەر و بە هێزی ژنانە ڕوبەڕووی کێشەکان ببنەوە.

لە بەشێکی دیکەی پانێڵەکەدا مریەم زولفەقاریان لە وڵاتی ئێرانەوە باسی لە دۆخی ژنان کرد کە چۆن ڕژێمی ئێران فشار و زەختەکانی لەسەر ژنان زیاد کردووە و لە زیندانەکاندا بە سەدان ژنی چالاکوان سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت.

 

مریەم وتیشی: ژنان لە ئێران لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە گوشاریان دەکرێتە سەر، دەکوژرێن یاخود فشاریان لێدەکرێت کە پەنا بۆ خۆکوشتن ببەن، ڕێژەی توندوتیژییەکان لەو وڵاتە زیادی کردووە، هەروەها مادەی هۆشبەریش یەکێکی دیکەیە لەو کێشانەی کە ژنان پێوەی دەناڵێنن، ڕژێم قەیرانەکان دروستدەکات و بەڕێگەی جیاواز وا دەکات ژنان و گەنجان ببنە بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکان.

مریەم ئاماژەی بەوەشدا کە زیندانی ئەوین بەسەدان ژنی چالاکوان و سیاسی تێدایە کە لەلایەن ڕژێمەوە دەستگیرکراون و سزایان بەسەردا سەپێنراوە لە پێناوی هەوڵدان بۆبەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانیان، هەروەها لە زینداندا ئەشکەنجەی ژنان دەکرێت و بە خراپترین شێوە ئازار دەدرێن و لە مافی زیندانیشیان بێبەش دەکرێن، هەروەها چەندەها توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا و نەخۆش هەن کە لە چارەسەری پزیشکیش بێبەش دەکرێن.

لینا بەرەکات لە سوریاوە بە رێگای تۆڕی زوومەوە بەشداری بەشی دووەمی پانێڵەکە بوو تێیدا باسی لە "کاریگەری شەڕ و ئاڵۆزییەکان کرد لەسەر ژنان" و نمونەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سوریای لەسەر ژنان باسکرد.

کۆنفرانسەکە بە گفتوگۆ کردن، ڕەخنە و پێشنیار لە نێوان ژنانی بەشداربوودا بەردەوامە.

 

ت.پ