دووەمین کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا دەستیپێکرد

بە دروشمی "بەیەکێتی ژنان، شۆڕشی دیموکراتی پێکدەهێنین" دووەمین کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان دەستیپێکرد.

بەیروت

 

ئەمڕۆ لە هۆڵی ئوتێل پادۆڤا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، دووەمین کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بە دروشمی "بەیەکێتی ژنان، شۆڕشی دیموکراتی پێکدەهێنین"، دەستیپێکرد.

 

لە کۆنفرانسەکەدا زیاتر لە ١٠٠ ئەندام بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و چەندین ژنی دیکە لە ڕێگەی زوومەوە بەشداربوون و بۆ ماوەی ٢ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

حەنان عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکار وتاری کردنەوەی کۆنفرانسی پێشکەشکرد و تێیدا ئاماژەی بەوەدا: ١٠ ساڵ بەسەر شۆڕشی گەلان بە ناوی "بەهاری عەرەبی گەلان" و ٨ ساڵ بەسەر یەکەمین کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا تێپەڕیوە، ئەمڕۆش بۆ جاری دووەم کۆبووینەتەوە تا کێشەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بهێنینە باس.

 

لە وتارەکەدا ئاماژەش بەوەکرابوو کە گرنگی بەستنی ئەم کۆنفرانسە ئەوەیە لە ماوەی نێوان ٨ ساڵی کۆنفرانسی یەکەم و دووەمدا چەندین شۆڕش و تێکۆشانی ژنان بەڕێوەچووە لە وڵاتانی وەک تونس، مصر، یەمەن و عێراق و چەندین وڵاتی دیکە، هەروەها شاهیدی چەندین کێشە و گفتی ژنان بووین، هەروەها بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا یەکێکی دیکە بوو لە هۆکارەکانی کە ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی بوونەوە، بۆیە لەم کۆنفرانسەکە ئەزموونی ژنان و کێشە و گرفتەکانیان دەهێنینە زمان و ڕێگەچارەسەری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی ژنان دەخەینە ڕوو.

هەنا سیدۆ وتاری کۆردیناسیۆنی ژنانی کوردستان-کەژەکەی خوێندەوە و تێیدا بەخێرهاتنی ژنانی کرد کە لەم دۆخەدا کە قەیرانی سیاسی و ئابوریەکان کاریگەری کردووەتە سەر هەموو وڵاتان، کاریگەری راستەوخۆشی کردووەتە سەر ژنان، بەڵام بە دڵسۆزییەوە ژنان لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیاندان و لێرەدا کۆبوونەتەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا لەم چەند ساڵەی دوایدا چەندین تێکۆشانی ژنان بەڕێوەچوو، بەڵام دۆخی ژنان تا دێت لە سایەی سیستم و دەسەڵاتی پیاوسالارییەوە بەرەو خراپبوون دەچێت.

 

هەروەها هاتووە: هەزاران ژنی ئێزدی بوونە کۆیلەی جەنگ و لە بازارەکاندا فرۆشران، ژنان لە تورکیادا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و دەوڵەتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، عێراق، باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و لیبیا و چەندین ناوچەی دیکە داگیرکاری دەکات و بووەتە مەترسی بۆ سەر ژنان، ئەمە لەکاتێکدا ژنان لە ولاتانی دیکەی وەک فەلەستین، ئەفغانستان، تونس و... ڕووبەڕووی چەندەها کێشە دەبنەوە، بۆیە گرنگە چارەسەرییەکان بە دیدی ژنانە و بە هێز و ئیرادەی ژنانەوە هەوڵ بپ ڕووبەڕوو بوونەوە بدرێت، ئێمەش لەو باوەڕەداین کە کۆنفرانسەکە دەبێتە وەڵام دەرەوەی کێشەکانی ژنان و ئەنجامی باش بەدەست دەهێنرێت.

ڕەیحان حەسەن، وتاری ژنانی شەنگالی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا: کۆنفرانسەکە لە ژنان پیرۆز دەکەین و هیوادارین کە کۆنفرانسەکە دەرمانی برینەکانی ژنان بێت، وەک تەڤگەری ژنانی ئێزدی ئەم کۆنفرانسە دەبێتە هێزێک بۆ ئێمە، کە هاوکاتە لەگەڵ هێرشەکانی داعش بۆ سەر شەنگال پێش ٧ ساڵ و بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی ئەم کۆنفرانسە دەکەین و هەموو هەوڵمان دەدەین کە کێشەکانی ژنان بە هێز و بیری ژنان چارەسەر بکەین.

 

لە کۆنفرانسەکەدا سینەفزیۆنێکی وێنەیی پێشکەشکرا کە تێیدا نمایشی شۆڕش، بەرخۆدان و چالاکییەکانی ژنان کرا، کۆنفرانسەکە بەردەوامە و تەوەری دووەمی کۆنفرانسەکەش باس لە قەیرانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا و کاریگەرییەکانی لەسەر ژنان دەکات.