پۆلیسی یۆنان ئەشکەنجەی پەنابەران دەدات
کۆچکردنی هاوڵاتیان بۆ وڵاتانی دەرەوە لە زیادبووندایە، پۆلیسی یۆنانیش لەدوای دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە پەنابەران بە توندترین شێوە سوکایەتیان پێدەکات، ڕووتیان دەکاتەوە پارە و بەڵگەنامەکانیان لێوەردەگرێت، دواجار دیپۆرتیان دەکاتەوە.
ناوەندی هەواڵ
٤٢ پەنابەری کورد، عێراقی و سووری لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە بە دڕندانەترین شێوە ئەشکەنجەدراون، ١٢ پەنابەریان بە زۆر ڕووتکردووەتەوە و پاشان دیپۆرتیان کردوونەتەوە بۆ تورکیا، فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقیش ڕوونیکردەوە، ئەو پەنابەرانە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی یۆنانەوە ئەشکەنجەی توند دراون، پارە و مامەڵەکانیان لێسەندراوەتە و سوکایەتیان پێکراوە.
ئەو پەنابەرانە ماوەییەکی زۆرە لەناو کەمپەکاندا ماونەتەوە و لە دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆر دوێنێ ٢٩ی حوزەیران دیپۆرت کراونەتەوە، پەنابەرەکان ڕایانگەیاندووە، لەدوای دەستگیرکردنیان ئەشکەنجەی زۆر دراون هەروەها ١٢ پەنابەریان بە زۆرەملێ ڕووتکردووەتەوە و پاشان ڕەوانەی شاری ئەدێرنەی تورکیا کراون.
سەبارەت بەم هەڵوێستەی پۆلیسی یۆنان، فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق ئیدانی ئەو ڕەفتارانە دەکات و بە نامرۆڤانە ناوی دەبات، داواش لە ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی پەنابەران دەکات بەرامبەر بەم کارە نەشیاوە هەڵوێستان هەبێت، هەروەها فشار بۆ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران UNHCR و رێکخراوی کۆچی نیودەوڵەتی IOM ببەن، بۆ ئەوەی بێدەنگ نەبن لەئاست ئەو مامەڵە نامرۆڤانەی پۆلیس و پاسەوانەکانی سنوورە وشکانی و دەریاییەکانی یۆنان بەرامبەر بە پەنابەران.
لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٢٦ هەزار و ٧٧٢ هاوڵاتی عێراقیی، بەشێوەی نایاسایی خۆیان گەیاندووەتە وڵاتانی ئەوروپا، کە زۆرینەیان کوردن، بەپێی ئامارێکی دەزگای لوتکە لە شەش ساڵی ڕابردوودا، هەتاکو شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ، لە عێراقدا زیاد لە ٦٥٠هەزار پەنابەر ڕوویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە، کە مەزەندە دەکرێت نزیکەی لە ٪٧٠ لەو ڕێژەیە کورد بن، ٤٣٠ کەس گیانیان لەدەستداوە کە پێنجیان کوردن و لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بووە.
ت.پ