پلاتفۆرمی دیموکرات لە ڕۆژی جیهانی ژناندا پشتیوانی خۆی بۆ ژنان و زیندانیانی ژن دووپات دەکاتەوە
لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانی ژنان، "پلاتفۆرمی دیموکراتی فرانتەیشناڵ بۆ ژنان" ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، دەڵێت: ژنان وەک زیانبەرکەوتووی سەرەکی هەڵاواردن و چەوساندنەوە دەمێننەوە، هەروەها جەختی لەسەر گرنگی هاودەنگی نێوانیان وکرەوە.
ناوەندی هەواڵ
پلاتفۆرمی دیموکراتی فرانتەیشناڵ بۆ ژنان ٧ی ئادار ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا باسی لە بارودۆخی ژنان لە ئاستی جیهانی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وئێراندا کرد و وتی: بڵاوبوونەوەی شەڕ و پاوانخوازی و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان زۆرجار ژنان دەکاتە زیانبەرکەوتووی یەکەم.
ئاماژە بەوە کراوە، کە گرژی و شەڕەکان لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە، ستەم و چەوساندنەوەی ژنان گەورەتر دەکەن و جیاکاری یاسایی و کۆمەڵایەتی بەرامبەریان زیاد دەکەن لە قۆناغەکانی قەیران و میلیتاریزەکردندا، ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا ژنان نەک هەر هەڵاواردنی یاسایی بەڵکو بەرتەسکی کولتووری و نەریتیش ڕووبەڕووی دەبنەوە کە بەشداریکردنیان لە پێکهاتەکانی بڕیاردان و دەسەڵاتی سیاسیدا سنووردار دەکات.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، تیشکی خستە سەر ئەزموونە مێژووییەکانی بزووتنەوەکانی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا، تیشکی خستە سەر خەباتی ژنان لە سەرانسەری جیهان، لە ژنانی کرێکارەوە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە تا چالاکوانانی هاوچەرخ، وەک نموونەیەک بۆ ڕۆڵی ژنان لە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیدا، ئاماژەی بە کەسایەتییەکانی وەک ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، کلارا زێتکین، ئەنجێلا دەیڤس و نەوال سەعداوی کردووە و پێداچوونەوەی بە خەباتەکانیان کردووە وەک بەشێک لە ڕەوتێکی جیهانی بەرەو یەکسانی.
لە بەشێکی دیکەی ئەم لێدوانەدا، ئەزموونی بەشداری ژنان لە پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە هەندێک بوار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانەش ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان لە باکووری سورویا، وەک نموونەیەک لە ئامادەبوونی چالاکانەی ژنان لە بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵایەتیدا باس کرا.
باس لە بارودۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرا و بە بیرهێنانەوەی لەسێدارەدانی ژنانی زیندانیانی سیاسی لە ساڵانی شەستەکان و بارودۆخی ئەوان لە ساڵانی ڕابردوودا و ژنانی وەک زەینەب جەلالیان، وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی وەک نموونەی بەرخۆدان هێنایەوە، وتی: ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران جارێکی دیکە لە پێشەنگی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم دواییەدا بوون و بوونیان لە شەقامەکاندا بۆتە هێمایەکی جیهانی بۆ داخوازی "ژیان و ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، جەخت لەسەر پێویستی "شۆڕشێکی هزری و کۆمەڵایەتی" بۆ گەیشتن بە یەکسانی ڕەگەزی هێنا و ڕوونی کردەوە کە هۆشیاری و پەروەردە و لێکدانەوەی دووبارەی مێژوو لە ڕوانگەی ژنەوە، هاوکات لەگەڵ دامەزراندنی تۆڕەکانی هاوپشتی کۆمەڵایەتی، هەنگاوی بناغەین بۆ ئەم ئاراستەیە.
پلاتفۆرمی دیموکراتی فرانتەیشناڵ بۆ ژنان داوای لە هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز کرد کە ٨ی ئادار بکەنە بۆنەیەک بۆ هۆشیاری و هاودەنگی و کردەوەی بەکۆمەڵ و پشتیوانی لە مافەکانی ژنان و زیندانییە سیاسییە ژنەکان و پێشخستنی بەشداری چالاکانەی ژنان لە کایە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان.