ڕێپاک: ٨ـی ئادار ڕۆحی دیموکراسی و ئازادییە

ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ئافرەتانی کوردستان "رێپاک" ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان لە هەموو ژنان پیرۆزدەکات و دەڵێت: ٨ـی ئادار ڕۆحی دیموکراسی و ئازادییە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ئافرەتانی کوردستان "رێپاک"، بەبۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنانەوە ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

 

ڕاگەیاندراوەکەی ڕێپاک بەم جۆرەیە:
ئەم ڕۆژە تایبەتە، لە هەموو ژنانی جیهان و بەتایبەتیش ژنانی کورد کە لەپێناو بەدەسهێنانی ماف و ئازادییەکانیاندا تێدەکۆشن پیرۆزدەکەین. ٨ـی ئادار ڕۆژی یەکگرتن و ئەنجامدانی چالاکی ژنانە لە سەرانسەری جیهاندا. ساڵی ٢٠٢٦، ساڵێکی پڕ لە گۆڕانکاری بوو کە هەر لە سەرەتای ساڵەکەوە ئەمە بەدیکرا. زۆر بەداخەوە لە بارۆدۆخێکی نالەباری سیاسیدا ئەم رۆژە پیرۆز ئەکەین، لە دۆخێکدا کە شەڕ و ئالۆزی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوو لە هەڵکشان دەکات پێشوازی لەم رۆژە دەکەین. هەروەک بەدیدەکرێت وەک هەمیشە ئەمجارەش لەلایەن زهنییەتی پیاوسالارییەوە رۆژەکانمان بە شەڕ و جەنگ تێدەپەرێنین. ئەمڕۆ کاتی ئەوەهاتووە کە ئەم ڕاستییە بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بکرێت. مرۆڤایەتی لە بە قۆناغێکدا تێدەپەڕێت کە هێزە هەژمونییەکان حکومی گەردوون دەکەن. دەوڵەت نەتەوە لە ڕێگەی بەستنەوەی کۆمەڵگا بە دەسەڵات، گەورەترین زەبری لە سروشتی کۆمەڵایەتی وەشاندووە. هەموو ئەو بوارانەی کە کۆمەڵگا لەسایەی بەردەوامە وەل بواری ئابوری، ژینگەیی، تەندروستی، نیشتەجێبوون، پەروەردە و پاراستنی بنەڕەتی لەلایەن دەوڵەتەوە دەستبەسەر کراون. گەل، کۆمەڵگا و ژنان بێ پاراستن ماون.

 

ماوەی مانگێک لەمەوبەر رۆژئاوای کوردستان لەلایەن چەکدارانی حکۆمەتی کاتی سوریاوە گەمارۆدرابوو، ئێستاکەش هەروەک بەدیدەکرێت لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە شەڕێکی قورس و نامرۆڤانە بەڕێوەدەچێت.هەرچەندە دروست نابێت ئێمە بڵێین تەنها کوردستان لەژێر مەترسیی پاکتاوکارییە. لەهەمان کاتدا فەلەستین، لوبنان و ئەفغانستان و زۆر وڵاتی تریش لەناو شەڕ و پێکداداندنێکی بەردەوامدان. بەرهەم و ئەنجامی ئەم شەڕانە بەڕوونی بەدیاردەکەوێت ئەمیش کۆمەڵکوژکردنی گەلی ناوچەکەیە. بناغەی هەر کۆمەڵگایەک ژنەو ئەوەی دەبینرێت دیسانەوە قوربانیکردنی ژنانە لەناو ئەم جەنگە هەڵگیرساوەدا، ئەمەش لە کۆمەڵکۆژی و هەڕەشەکردنەوە بگرە تا ڕێگریکردن لە ئامادەبوونی ژنان لە گۆڕەپانە سیاسی و کۆمەڵایەتییکاندا.


پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین، هەروەک چۆن ژنان لەهەموو جیهاندا بەرامبەری شێوازە جۆراوجۆرەکانی تۆندوتیژی دەبنەوە. لە هەرێمی کوردستانیشدا هەر بە هەمان شێوە ژنان بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووبەڕووی زهنییەتی پیاوسالاری دەبنەوە جا چ لەبواری دەروونییەوە بێت یاخود جەستییەوە. ئەم زهنییەتە ڕەگەزپەرەست و باوکسالارە لە هەموو گۆڕەپانەکانی ژیاندا هێرش دەکاتە سەر ژنان، جا چ ئەم ژنە لە ماڵەوە بێت یاخود لە گۆڕەپانەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا جێگە بگرێت.ژنان دەتوانن لە ڕێگەی زهنییەت و هێزی خۆیان بەرپەرچی ئەم هێڕشە پاکتاوکارییانەی زهنییەتی هەزار ساڵەی پیاوسالاری ببنەوە و تێکۆشانیان بۆ بگوازنەوە بۆ بەرزترین ئاست.


ژنان بە تێکۆشان، خەبات، پێشەنگایەتی و بەرخۆدانی خۆیانەوە بوونەتە هێمای خۆڕاگری بۆ هەموو جیهان و ئێستا ڕۆلی بەرچاو و سەرەتایی لە هەر گۆڕەپانێکی ژیاندا دەگێڕن. هەرچەندە باوکسالاری ڕێگرە لە بەرامبەر پێشکەوتن و گەشەسەندنی ژنان، بەڵام گەوهەری ناخی ژنان هەموو جارێک دیسانەوە خۆی نوێ دەکاتەوە و هەرجارەو بە ڕێباز و شێوازی جۆراوجۆر لە گۆڕەپانەکانی تێكۆشان دا ئامادە دەبێت. لەم قۆناغەدا بە تایبەتی لە باشوری کوردستان کە یەکگرتووی نەتەوەیی بەم شێوەیە پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینیوە، ژنان خاوەن ڕۆڵێکی گرنگ بوون چ لە بواری سیاسەتدا بێت چ لە بوارەکانی دیکە لەم پێشکەوتنەدا. لەمەودوا ژنان بە بەردەوامی خۆیان لە تێکۆشان و لەو میراتەی کە لە ژنانی وەک رۆزا لۆکسامبۆرگ، سارا، دەنیز، مینا خانم، حەپسەخان، لەیلاقاسم و ڤیان سۆران بۆیان بەجێماوە تێکۆشانیان بەرزتر و گەشتر دەکەن. تێکۆشانی ژنان بە جیهانی سەلماندووە ژن لە هەر قۆناغێکی دا رۆلی پێشەنگ و مێژوویی لەئەستۆدایە.


لە کۆتاییدا وەک ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ئافرەتانی کوردستان "ڕێپاک" سەری ڕێز ونەوازش لەبەرامبەرڕۆحە پاکی هەموو ژنە تێکۆشەرەکان و ئەو ژنانەی لە پێناو بەدەستهێنانی مافی ژنان و مرۆڤایەتیدا گیانی خۆیان بەختکردووە دادەنەوێنین.


لە کەسایەتی ژنە تێکۆشەر و پێشەنگی بواری ژنان، بەڕێز یانار محەمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادی ژنانی عێراق کە چەن ڕۆژێک لەمەوبەر لەلایەن زهنییەتی پیاوسالاری لە بەغدا تیرۆرکرا بەڵێنی بەرزکردنەوەی تێکۆشانمان دەدەین و دەڵێین رێچکە و شوێنپێی ئەم ژنە تێکۆشەرە پڕ دەکەینەوە. هەروەها بەڵێن دەدەین سەدەی ٢١ بکەینە سەدەی ڕزگاری ژنان. هەموو هەوڵدان و تێکۆشانی ئێمە لە پێناو دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازادە.


بەهێز و ڕووناکی خەباتی هاوبەشی ژنان، پەیمانەکەمان نوێ دەکەینەوە و ڕایدەگەیەنین کە تاریکییە دروستکراوەکانی سەردەستی و باوکسالاری لە ژیانمان دەردەکەین و هەموو ڕۆژێک دەکەینە ٨ـی ئادار. با هەر ڕۆژێک وەک ٨ـی ئادار پڕ بێت لە ڕووناکی و هیوا بۆ ژنانی جیهان