پلانێک بۆ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دادەنرێت
پلانێک بۆ نەهێشتنی توندوتیژی لە کۆمەڵگادا پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان کرا.
سلێمانی
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە چوارچێوەی پڕۆژەی "١٧ ئامانجی تۆڕی گەشەپێدانی پێڕەو"، ڕێکخراوەکانی بەشدار لەو پڕۆژەدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانیان لە سلێمانی کرد.
لە سەردانەکەدا لەلایەن حیسام بەرزنجی سەرۆکی ڕێکخراوی گەشەپێدانی ئابوری کوردستان "کیدۆ"ەوە ئەو پلانە خوێندرایەوە کە ئامادەکرابوو بۆ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، تا کاری لەسەر بکەن بە ئامانجی نەهێشتنی توندوتیژی لەسەرجەم توێژە جیاوازەکاندا.
لە کۆبوونەوەکەدا زۆرینەی بەشداربووان و پێشکەشکاری کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوەدەبرا.
لە پلانەکەشدا باس هۆکارەکانی توندوتیژی لە کۆمەڵگادا کرا، ڕێگاچارەی پێویست بۆ چارەسەرکردن و ئەو لایەنانەی کە ئەرکی نەهێشتنی توندوتیژییان هەیە خرایەڕوو، تێیدا هاتبوو پێویستە لەسەر ڕێکخراوەکان و لایەنە ئیدارییەکانی حکومەت هەوڵی نەهێشتنی توندوتیژی بدەن.

تریفە جەلال، ڕاهێنەر و ئەندامی کیدۆ، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەو پلانەی دانراوە دەبێت تا ساڵی ٢٠٣٠ جێبەجێبکرێت، ماوەیەکی زۆریشە کار لە پڕۆژەکەدا دەکەن، یەکێکیش لە خاڵەکانی ناو ئەو پەیڕەوە نەهێشتنی توندوتیژی کۆمەڵایەتییە، دەیانەوێت پلانێک دابنێن بۆ نەهێشتنی ئەو توندوتیژییە زۆرانەی بەرامبەر ژنان دەکرێت، هۆکارەکانیشیان دیاریکردووە، هەر کێشەیەک ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار دەکەنەوە، لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە توندوتیژیدا.
تۆڕی گەشەپێدانی پێڕەو
لە ساڵی ٢٠١٥ UN دایمەزراندووە و کار بۆ ١٧ ئامانج دەکات، هەریەک لە ئامانجەکان چەند مەبەستێکیان هەیە، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٤٠ ڕێکخراو و سەندیکا و کۆمەڵە کاری تێدا دەکەن و بەردەوام ئەندامی تازەی هەیە.
ت.پ