نوێنەری پەیەدە لە باشووری كوردستان بۆ پاڵپشتی لە ڕۆژئاوا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا
نوێنەری پەیەدە لە باشووری كوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: داوا لە گەلی كورد دەكەین پاڵپشتی ڕۆژئاوای كوردستان بكەن، چونكە لەوێ شەڕی مان و نەمانی كورد دەكرێ، داواش دەكەین باشووری كوردستان بۆ پاڵپشتی ڕۆژئاوا بڕژێنە سەر شەقام.
سلێمانی
ئەمڕۆ، لە بەردەم نوێنەرایەتی ڕۆژئاوا لە شاری سلێمانی، هەریەكە لە جاویدان کەمال، نوێنەری پەیەدە لە باشووری كوردستان، محەمەد ئالا، نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە باشووری کوردستان، نەجمە علوش، نوێنەری كۆنگرە ستار لە سلێمانی ، سەبارەت بە مەترسییەكانی سەر ڕۆژئاوای كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا پشتیوانیان بۆ ئەنجامدانی ڕێپێوانێک خستەڕوو.
جاویدان کەمال، نوێنەری پەیەدە لە باشووری كوردستان، وتی: داوا لە گەلی كورد دەكەین پاڵپشتی ڕۆژئاوای كوردستان بكەن، هەروەها دڵنیایی دەدەینە گەلەكەمان وەک ''قەسەدە'' شەڕی مان و نەمان دەكەین و تا كۆتا دڵۆپی خوێنمان بەرگری لە كوردستان دەكەین، هەروەها نەیاری سەرەكی گەلەكەمان دەوڵەتی توركە و بە كردار پیلان دژی گەلەكەمان دەگێڕێت و بە هەموو هێزیەوە پاڵپشتی هەتەشە دەكات، بۆیە لە ڕۆژئاوای كوردستانەوە كوردانە بانگەوازی لە گەلەكەمان لە ناوخۆ و دەرەوە دەكەین پاڵپشتی ڕۆژئاوای كوردستان بكەن، چونكە ڕووبەڕووی كۆمەڵكوژی بوونەتەوە لەلایەن چەتەكانی جۆلانییەوە كە یەك ئامانجیان هەیە ئەویش لەناوبردنی گەلەكەمانە.
وتیشی: لێرەوە بەناوی ڕۆژئاوای كوردستانەوە ڕایدەگەیەنین كە داوا لە گەلی خۆمان لە هەر چوار پارچەی كوردستان دەكەین پشتگیری گەلی ڕۆژئاوا بکەن، چونكە لەوێ شەڕی مان و نەمانی كورد دەكرێ، داوا لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەکەین سنووری سێمێڵكا بكەنەوە بە ڕووی ڕۆژئاوای كوردستاندا تا گەلەكەمان ڕووبكاتەوە ڕۆژئاوا بۆ پشتیوانیکرن، داوا لە مەسعود بارزانی و باڤڵ تاڵەبانی دەكەین بڕیار بدەن هێزی پێشمەرگەی باشووری كوردستان و هەروەها تەڤگەری ئازادی كوردستان هێزی گەریلا بنێرن بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، چونكە گەلەكەمان شەڕی مان و نەمان دەكەن، داوا لە گەلی خۆمان لە باشووری كوردستان دەكەین، لەم كاتەدا بڕژێنەوە سەرشەقام و سەردانی نوێنەرایەتی و وڵاتانی جیهان بكەین، تا بە هەموو جیهانی ڕابگەیەنین كە گەلەكەمان مەترسی جدی لەسەرە و هەروەها داواكارین هەموان پێكەوە بێ جیاوازی هەنگاو بۆ پاڵپشتی ڕۆژئاوا بنێنن، تا هێرشەكان بۆسەر گەلەكەمان ڕادەگیرێت.
''لەبەردەوم باخی گشتی گردبوونەوەیەک بۆ پشتگیری کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام دەدەین''
شیرین شێخ حەمەد، دەستەی ڕێڤەبەری کۆنگرە ستار، وتی: ئێمە لەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا بانگەوازیمان بۆ گەل لە باشووری کوردستان کرد، تا بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان بڕژێنە سەر شەقامەکان و دەنگ هەڵبڕن تا ئیتر کورد لە ڕۆژئاوا نەکوژرێت.
لە کۆتایی قسەکانیشدا، وتی: ئێمە وەک بەڕێوەبەری خۆسەر لەبەردەم باخی گشتی سەعات چواری ئێوارە گردبوونەوەیەک بۆ پشتگیری کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام دەدەین و پشتیوانیمان دووپات دەکەینەوە.