دیبا کەسکین: ئیسلامی ڕاستەقینە تەمومژاوی کراوەو گۆڕاوە بۆ ئامرازێکی سیاسی لە دەستی دەسەڵاتدا

ڕووداوەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و سووریا بەتایبەتی، ئەوە دەردەخەن کە چۆن ئایین گۆڕاوە بۆ ئامرازێکی سیاسی لە دەستی زلهێزە ئیمپراتۆرییەکاندا، تیشک دەخاتە سەر دژایەتی نێوان باوەڕی ڕاستەقینە و ئەو پراکتیکانەی کە بەسەر کۆمەڵگەکاندا سەپێندراون.

دیلان ئایدین

 

ئامەد-لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکان بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکان لە شاری حەلەبی سووریا، دیوی تاریکی زلهێزە جیهانییەکان جارێکی دیکە ئاشکرا بوو، لە یەک شەودا هەزاران گروپی چەکدار لە وڵاتانی جیاوازەوە کۆکرانەوە و بە بەکارهێنانی تانک و تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا، کە ئەنجامەکەی سەدان کوژراو و بریندار بوو، لەگەڵ کۆچکردنی زۆرەملێی هەزاران کەس.

 

لەو گەڕەکانەدا کە زانیاری کەم و چارەنووسی دانیشتووانی شاردراوەتەوە، کەس ڕاستی نازانێت کە لە پشت ئەم گەمارۆوە چی دەگوزەرێت، دۆخەکە وەک کارەساتێکی مرۆیی دەمێنێتەوە کە بە بێدەنگی ئەنجام دەدرێت، دوور لە هەر چاودێریکردنێک یان لێپرسینەوەیەک.

 

دیبا کەسکین، سکرتێری دەستپێشخەریی یەکێتی، لە قسەکانیدا سەبارەت بەو هێرش و کۆمەڵکوژییانەی لە حەلەب ڕوویاندا، وتی: هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیسلام بە ڕۆح و بناغەی ڕاستەقینەی خۆی ناژین، بەڵکو بە پێی بەرژەوەندی و شرمزاری خۆیان دەژین، ئەم دژایەتییە درۆیی بانگەشەی ئایینی ئاشکرا دەکات کاتێک وەک بەرگێکی سیاسی بەکاردێت.

 

ئاماژەی بە هەڵوێستی ئەو پیاوە ئایینییەی ناسراو بە "مەلا مەزهەر تاهر" کرد، کە ڕاستەوخۆ ڕەخنەی لە ژنانی  شەڕڤانی ناو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ "ئاسایش" لە حەلەب گرت، بەو جۆرە لێدوانانە بۆ ئاشکراکردنی لایەنگرییەکی ڕوون بەرامبەر بە ژنانی شەڕڤان و ئاشکراکردنی ئەو عەقڵیەتەی کە هەوڵدەدات ڕۆڵی ئەوان لە بەرگریکردن لە کۆمەڵگەدا تێکبدات.

 

'ئیسلام بووەتە تەنها ڕێوڕەسمێک"

جەختی لەوە کردەوە، کە ئیسلام لە کۆمەڵگە پەراوێزخراوە کاتێک قورئان لە چوارچێوەیەکی دیکۆراتیدا قەتیس دەکرێت یان بە دیوارەکانەوە هەڵواسراوە، لەکاتێکدا بەهاکانی لە ڕاستی دوورخراونەتەوە،بەم شێوەیە مرۆڤەکان تەنها لە ڕێگەی ڕێوڕەسمی فەرمی وەک یادی خودا و نوێژ و ڕۆژووەوە ئیسلام دەناسن، بەبێ ئەوەی لە ڕێگەی ڕاستی و دادپەروەری و یەکسانی و مرۆڤایەتی و جیاکردنەوەی چاکە و خراپە لە ژیانیاندا بەرجەستە بێت یان لە ڕێگەی عەقڵ و تێگەیشتنەوە، بەبێ ئەو بەهایانە، ئیسلام لە بناغەکەیدا تەمومژاوی دەبێت، کورت دەبێتەوە بۆ ڕێوڕەسمی بەتاڵ کە ڕەنگدانەوەی پەیامی ڕاستەقینەی خۆی نییە.

 

دیبا کەسکین ئاماژەی بەوەدا، کە هەموو وڵاتێک بە ناوی ئیسلامەوە کردەوە ئەنجام دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا کەس ناوێرێت دەنگی خۆی لە دژی ئەوان بەرز بکاتەوە، لەم نێوەندەدا باوەڕداران لە بناغی ڕاستەقینەی ئایینەکە دووردەکەونەوە، هەروەها ئەوانەی دەکوژن دروشمی ''الله أكبر'' بەرز دەکەنەوە، ئەوانەی تەنها سەیری دەکەن نزای ''ئەی پەروەردگار، بمپارێزە'' بەرز دەکەنەوە، بۆیە دەبێت بپرسین، ''ئەمە چ جۆرە ئیسلامێکە؟" ئەوەی هەیە ئیسلامی دەسەڵاتداران و فەرمانڕەواکانە، لە کاتێکدا ئیسلام کە لەسەر دادپەروەری و ڕەحمەت دامەزراوە لە ڕاستیدا نەماوە.

 

دیبا کەسکین ڕوونیکردەوە، پرسی "ئیسلامی ڕاستەقینە" تەنها پەیوەندی بە دەستێوەردانی زلهێزە باڵادەستەکانەوە نییە کە خۆیان وەک شارستانییەتی ناوەندی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەپاندووە، بەڵکو زیاتر ئەوەیە کە کێشەکە ماوەیەکی زۆرە بوونی هەیە، ئەو باس لەوە دەکات کە لەم دواییانەدا دایکێک لێی پرسیوە "بۆچی ئایین و باوەڕ و کۆمەڵگە هاوتەریب ناڕۆن؟ ئەمە چ جۆرە ئیسلامێکە؟" ئەو ئیسلامەی ئەمڕۆ پرسیاری لێدەکرێت، لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونی نەماوە، ئەوەی هەیە ئیسلامی دەسەڵاتدار و فەرمانڕەواکانە، لە کاتێکدا، ئایینی ئیسلامەی کە لەسەر بنەمای دادپەروەری و بەرکەت بوو، لە ڕاستیدا نەماوە.

 

نموونەیەکی لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتاب هێنایەوە، کاتێک یەکێک لە هاوەڵەکانی پرسیاری ئەوەی لێکرد کە چۆن منداڵ پەروەردە بکات، لە وەڵامدا وتی: فێری مەلەکردن و تیر و کەوان و ئەسپ سواری و ئەتەکێتی گفتوگۆ و تێگەیشتنیان بکە، ئەم نموونەیە ڕەنگدانەوەی دیدێکی گشتگیرە بۆ ژیان، کە مرۆڤ پەروەردە دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی بپارێزێت، لە هەمان کاتدا خاوەنی عەقڵ و تێگەیشتنە، توانای بەڕێوەبردنی ژیان و باوەڕ و سیاسەتی هەیە، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ئەم ڕێبازە گۆڕا، لە سەردەمی عەباسیدا هارون ڕەشید دەیوت منداڵەکانتان تەنها فێری قورئان و خودا و پێغەمبەر بکەن، بەم شێوەیە ئیسلام لە دروشمێکی تەنهادا کورتکرایەوە، لە کاتێکدا بەهاکانی دادپەروەری و بەرەکەت و مرۆڤایەتی لە ژیانی خەڵکدا نەما.

 

ڕوونیکردەوە، کە ئەم گۆڕانە بووە هۆی بەکارهێنانی ئایین وەک چەکێک لەلایەن دەسەڵات دارانەوە، تا سەدەی یازدەهەم مرۆڤایەتی لە دۆخی سروشتی خۆی نامۆ بوو، منداڵانیش تەنها فێری خوێندنەوەی قورئان دەکران بەبێ ئەوەی هیچ پەیوەندییەک بە ژیان و کۆمەڵگەوە هەبێت، بەم شێوەیە ئایین بووە ئامڕازێک لە دەستی دەسەڵاتداران، تا ئەمڕۆش وەک چەکێک بۆ ملکەچکردن و کوشتنی خەڵک بەکاردەهێنرێت.

 

سەبارەت بەوەی کێ لە پشت ئەم گروپانەوەیە و ئامانجیان چییە، ڕوونیکردەوە، کە زلهێزە ئیمپریالیستییە جیهانییەکان لە پشتیانەوەن، ئامانجیان دابەشکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕینیەتی بۆ گۆڕەپانێکی شەڕی هەمیشەیی، ئەم زلهێزانە شەڕی خۆیان لە وڵاتەکانی خۆیاندا ئەنجام نادەن، بەڵکو دەیانگوازنەوە بۆ گەلانی تر، لەوێدا دەنگی هاوار دەبیسترێت و بۆنی باروت و مەرگ ماڵەکان دەگرێتەوە و دەیکاتە دیمەنی ئاپۆکالیپتیکی ڕۆژانە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک سەربازێکی ئەمریکی یان ئیسرائیلی دەکوژرێت، ئەوە بە کارەساتێکی گەورە دادەنرێت، بەڵام کاتێک هەزاران گەنج و ژنی ئێمە دەکوژرێن، ماڵەکانمان وێران و تاڵان دەکرێن، ئەوە وەک کارەساتێک نابینرێت، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمڕۆ گۆڕەپانێکە بۆ ململانێی دەسەڵاتی ئیمپریالیستی، ئێمە لە خاک و ماڵەکانی خۆماندا دەژین، بەڵام مووشک لەسەر سەرمان دادەنرێت، ئەم شەڕە کە شەڕی ئێمە نییە، بەڵکو شەڕی ئەوانە بەسەر ئێمەدا سەپێنراوە.

 

دیبا کەسکین پێیوایە باوەڕ بە سیاسی کراوەو ئیسلام گۆڕاوە بۆ ئامرازێک لە دەستی زلهێزە سیاسییەکان، ئەگەر شەڕ نەبوایە ئەم ئاژاوەگێڕییە بوونی نەدەبوو و ئەم زلهێزانەش نەیاندەتوانی بە ئامانجەکانیان بگەن، هەر ئەمەشە وایکردووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە باوەڕ هەستیارترین پرسە، شەڕ بە ناوی ئاینەوە دژی گەل بەڕێوەدەچێت، کاتێک پڕۆژەی ''پشتێنەی سەوز'' لەبەرچاو دەگرین، درک بەوە دەکەین، لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە لە پلانەکانی ئەمریکا و ڕووسیا و زلهێزە ئیمپریالیستەکان، کە چۆن ئیسلامی سیاسی هاتە ناو ناوچەکە، بۆ ئەوەی بزانین ئەو پرسە پێشهاتێکی ئەم دواییە نییە، بەڵکو دەرئەنجامی پلانە درێژخایەنەکانە کە زلهێزەکان لە ڕێگەی کەرەستەی جیاوازەوە جێبەجێ دەکرێن.

 

دیبا کەسکین، لە کۆتایی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە، کە هێزە ڕاستڕەوەکان لە جیهاندا بە ئاشکرا کاردەکەن، هێزە چەپەکان کە لە ڕابردوودا بەها مرۆیی و کۆمەڵایەتیەکانیان بەدەستەوە بوو و بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ بنەماکانی خۆیان هاوسەنگ دەکرد، دابەزینیان بەخۆوە بینی، هەروەها ئەو هێزانەی ئەمڕۆ جیهان کۆنتڕۆڵ دەکەن بە ئاشکرا هەموو شتێک دەکەن، تاکە ئامانجیشیان بەرژەوەندی خۆیانە، پێیان لەسەر زەوی کوردستان داناوە تا بیکەنە گۆڕەپانێکی نوێ بۆ پڕۆژەکانیان.