لە کۆیە شانۆگەرییەک بەمەبەستی پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو
خوێندکاران و مامۆستایانی خوێندنگەی ئامادەیی هێڤیار، بەمەبەستی پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، شانۆگەرییەکیان لە ناو بازاڕی شاری کۆیە ئەنجامدا.
شیا کۆیی
کۆیە- ئەمڕۆ، لە فولکەی حاجی قادر لەناو بازاڕی شاری کۆیە، خوێندکاران و مامۆستایانی خوێندنگەی ئامادەیی هێڤیار، بەمەبەستی پشتیوانی کوردانی ڕۆژئاوا شانۆگەرییەکیان سازکرد.
''ژنان لە کۆنەوە هەمیشە خەبات گێڕبوونە''
سەمیرە یاسین، مامۆستا و شانۆکار، وتی: جێی شانازیە کە ئەمڕۆ ڕۆڵی شەڕڤانێکم بینیوە، ئامانجیشمان لەم شانۆییە پشتگیریکردنمانە لە ژنانی شەڕڤانی ڕۆژئاوای کوردستان کە گیانی خۆیان بەخت کردووە بۆ پاراستنی خاکی کوردستان، هەروەها بەداخەوەم کە هەندێک وتار دەبیستین لەلایەن چەند مەلایەک و هەندێک خەڵکەوە، کە گوایە نابێت ژن لەبەرەی شەڕدابێت، بەڵکو دەبێت لە ماڵەوەبێت و خزمەت بکات، من ڕەتی دەکەمەوە، چونکە ئێمە وەک مرۆڤ شان بە شانی پیاوان خەبات دەکەین بەبێ ترس و داوای مافی خۆمان دەکەین.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: ژنان لە کۆنەوە هەمیشە خەبات گێڕبوونە، لە مێژووشدا میرنشینی ژنمان هەبووە و دەسەڵات داربوونە وەکو میرنشینی خانزدای سۆران، کە بەزۆری ژنان بەشداری کۆڕ و کۆبوونەوەکانیان کردووە و مێژوویان نووسیوەتەوە، هەروەها هەمیشە هەوڵیان داوە کۆمەڵگە بەرەو پێشەوە ببەن، وەک حەپسەخانی نەقیب و مەستورەی ئەردەڵانی، عادیلە خانم کە شارەدێی هەڵەبجەی بەڕێوەبردووە.