ژنانی دێرەزوور: قسەی ڕقاوی و هاندان خزمەت بە سوورییەکان ناکات
لە نێوان پەرەسەندنی ئەو هاندان و زمانە هەڕەشەئامێزانەی کە لەلایەن هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەکاردەهێنرێن، دەنگی ژنان بەرز دەبێتەوە و جەخت لەسەر گرنگی یەکگرتوویی گەلی سووریا دەکەنەوە بە هەموو فرەچەشنییەکەیەوە.
زەینەب خەلیف
دێرەزوور- ژنانی دێرەزوور لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هۆشدارییان دا لە وتاری ڕاگەیاندنی کە ڕاستی سووریا دەشێوێنێت و چین و توێژە جیاوازەکانی دانیشتووانی سووریا دژی یەکتر هان دەدات و ڕێگە خۆشدەکات بۆ کۆمەڵکوژی و مەترسی شەڕی ناوخۆی بەرفراوان زیاد دەکات.
هند سالم، دانیشتووی هەجین، ناتەبایی بە دارێک دەچوێنێت کە ئاوی پێدەدرێت تا گەشە دەکات، وتی: دەبێت درەختی ناتەبایی پشتگوێ بخرێت بۆ ئەوەی بەرهەم نەهێنێت، کۆمەڵگە ناتوانێت هێزی ڕاستەقینە بەرهەم بهێنێت تا ژنان نەگەڕێنرێنەوە شوێنی شیاوی خۆیان، هەروەها چارەنووسی کۆمەڵگە لە دەستی دایکان و ژناندایە، بەو پێیەی ئەوان بناغەی ژیانن.
"چەوساندنەوەی ژنان سەرەتای داڕمانی کۆمەڵگەیە"
وڵاتێک کە ژنانی ژێردەستە و پەراوێزخراو بن، ناتوانێت سەرهەڵبدات یان سەقامگیری بەدەستبهێنێت، هەروەها تۆمەتبارکردنی ژنان و بە لاواز ناوزەدکردنیان جۆرێکە لە ترسنۆکی و فریودان، ئەگەر ژنان سست بوونایە، ئەوا نەتەوەیەکی بەهێز نەدەبوو، پیاوی بەهێزیش نەدەبوو، چونکە ژنان پاڵپشتی ڕاستەقینەن، ئەوانەن کە لە پشت ئەم پیاوانەوە وەستاون.
ڕوونیشیکردەوە، کە ژێردەستەیی ژنان نوێنەرایەتی یەکەم شێوازی داگیرکاری نەتەوەیەک دەکات، ستەمکردنی ژنان بە سەرەتای داڕمانی کۆمەڵگە و نموونەی دەوڵەتێکی شکستخواردوو و فاشیست دەزانرێت، هێزی کۆمەڵگە لە بەهێزی ژنان و هاوبەشی ڕاستەقینەیان لەگەڵ پیاواندایە، کە هەردوولا دەست بە دەست کاردەکەن بۆ بونیادنانی نەتەوەیەکی یەکگرتوو، ئەمەش ئەوەیە کە هەمووان ئارەزووی دەکەن.
هند سالم ئاماژەی بەوەدا، کە ژنان درێژکراوەی مێژوویەکی دوورو درێژی بەخشینن، بە ئاماژەدان بە نموونەی ژنە نەمر، کە بە درێژایی مێژوو، ژنان شارستانیەتەکانیان دامەزراندووە و نەتەوەیان بونیاد ناوە و ئەم ڕۆڵە تا ئەمڕۆش بە هاوبەشی لەگەڵ پیاوان بەردەوامە، نەک دژایەتیکردن لەگەڵیان.
ڕوونیکردەوە، ئەوانەی لە تەنیشت ژنان وەستاون و پشتگیریان کردووە، دوژمنی ئەوان نین، بەڵکو ئەوانەن کە لە باوەشیان گرتووە و یارمەتیان داوە و هاوکاریان کردووە، داوای بەردەوامی پشتیوانی و هاندان و بەهێزکردنی ژنان دەکات.
هند سالم سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو ڕێکخراوانەی ژنان دەربڕی کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کاردەکەن، پاڵپشتی و سەردان و داکۆکی لە پرسی ژنان دەکەن، هەروەها ئەو ڕێکخراوانە بە سەرچاوەی هێز بۆ کۆمەڵگە و ناوچەکە دەزانن.
"جیاوازی بە واتای ململانێ نییە"
مەریەم عەلی ئاماژەی بەوەدا، کە یەکڕیزیی هاوڵاتیان و یەکڕیزیی هەموو پێکهاتەکان مسۆگەری ڕاستەقینە بۆ پاراستنی کۆمەڵگە لە دووبەرەکی پێکدەهێنن، هەروەها جیاوازی یەکسان نییە بە ململانێ، بەڵکو دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی هێز ئەگەر لەسەر ڕێزگرتن و هاوکاری یەکتر بونیاد بنرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی سووریای دیموکرات"هەسەدە" ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان بینی لە پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ئاسایشی ناوچەکان، ئاماژەی بەوەشکرد، بوونی ئەوان بەشداربووە بۆ بەرزکردنەوەی هەستی ئاسایش بەتایبەتی لای ژنان و منداڵان، ئەمەش لەنێو ئەو بارودۆخە ئاسایشییە سەختانەی٣ کە سووریا شاهیدی بووە و بەردەوامیش شاهیدییەتی.
ڕوونیکردەوە، کە دامەزراندنی خۆبەرێوبەری نوێنەرایەتی هەنگاوێکی گرنگە بەرەو داهاتوویەکی باشتر بۆ سووریا، بەو پێیەی ڕێگە دەدات بە بەشداری ڕاستەقینەی هەموو پێکهاتەکان لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان و ڕۆڵێکی کارا بە ژنان دەبەخشێت لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.
نیگەرانی خۆی لە هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن دەربڕی کە زمانی هەڕەشە و شێواندن بەکار دێنن و وتی: ئەم جۆرە قسەکردنە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی سووریا ناکات، بەڵکوو گرژی و دووبەرەکیی توندتر دەکات، چارەسەرەکە لە ڕاگەیاندنی بەرپرسیاردایە کە ڕاستییەکان دەگەیەنن و بەشدارن لە بەهێزکردنی ئاشتی مەدەنی.