منداڵانی باشوور لەگەڵ منداڵانی ڕۆژئاوای کوردستان لە کۆیە نەورۆزیان پیرۆز كرد

چەند منداڵێكی شاری كۆیە و قامیشلۆ و عەفرین پەیامی نەورۆزیان نارد بۆ هەموو كوردان و داوادەكەن ساڵی داهاتوو لە ناو خاكی خۆیان ئاگری نەورۆز بكەنەوە.

شیا كۆیی

 

 كۆیە- نەورۆز لە كوردەواریدا جەژنێكی تایبەتەو مێژوویەكی كۆنی هەیە، لە هەموو شوێنەكانی كوردستان لە ئێوارەی ٢٠ی ئادار ئاگر دەكرێتەوە، مەشخەڵی بڵیسەی ئاگر ناوشارو شاخ وداخەكان ڕووناك دەكاتەوە، ژنان هەمیشە رۆڵی گرنگیان هەبووە لە جەژنی نەورۆز و زۆر جار بۆ چەسپاندنی هەستی نەتەوایەتی و داكۆكی كردن لە ئازادی كورد ژیانی خۆیان فیدایی کردووە، وەك زەکیە ئالکان، کاتێک لە زانکۆی دیجلەی لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان لە کۆلێژی پزیشکی دەخوێنێت، تێکۆشانی نەتەوایەتی سەرنجی ڕادەکێشێت و ئاشنای تێکۆشان دەبێت، زەکیە ئاڵکان بۆ ئەوەی لە هەموو ڕوویەکەوە، ببێتە وەڵامێکی شیاو بۆ ژنانی پێشەنگی سەرهەڵدانەکان و گەلە ستەم دیدەکەی، بۆ ئەوەی  کۆتایی بە زوڵم و فشارەکانی دوژمن بهێنێت، لە نەورۆزدا لە ٢١ی ئاداری ١٩٩٠، لە سەر سووری ئامەد ئاگری لە جەستەی بەرداو ئاگری نەورۆزی هەڵگیرساند، زەکیە ئاڵکان بەم چالاکیەی پەیامی ئەوەیدا کە ھیچ ھێزێک ناتوانێت کورد و نەورۆز لە یەکتری دابڕێنێت.

 

ساڵانە لەم ڕۆژەدا یادی نەورۆز دەکرێتەوەو شاری كۆیەش هاوشێوەی هەموو شارەكانی دیكەی كوردستان لەناو شوێنەواری دێرینی قشڵەی كۆیە كە بەشێكی زۆر لە كوردانی ڕۆژئاوای کوردستان ئامادەبوون ئاگری نەورۆزی كردەوە، منداڵەكان بەخۆشحاڵییەوە پیرۆزباییان بۆ هەرچوارپارچەی كوردستان نارد.

 

لە ئاهەنگەکانی نەورۆز هەمیشە منداڵان بە جلوبەرگە نەتەوەییە ڕەنگاوڕەنگەکانیان سیمایەکی جوان دەبەخشن، هەروەها دەربارەی نەورۆز زاناری وەردەگرن کە جەژنێکی نەتەوەییەو پێی ئاشنا دەبن.

 

منداڵانی بەشداربووی ئاهەنگی نەورۆزی کۆیە قسەیان بۆ دەزگاکەمان کردو نەورۆزیان پیرۆز کرد، ژیندا ئیبراهیم خەڵکی عەفرین وتی: پیرۆزبایی لە هەموو چوار پارچەی کوردستان دەکەمم هیوادارم ساڵێکی دیکە لە عەفرین شارەکەی خۆم یادی نەورۆز بکەینەوە.

 

ئارا پشتیوان، خەڵکی کۆیەیەو وتی: پیرۆزبایی لەهەموو گەلی کورد دەکەم، نەورۆز کەشێکە دەبێت جلی کوردی بپۆشیت و کوردایەتی بسەلمێنێت، هاتووم بۆ قشڵەی کۆیە بەشداری دەکەم، کەشێکیزۆر خۆشی هەیەو کوردستان خاکێکی زۆر جوانە، سروشتێکی جوانی هەیە و ساڵانە بەشداری لە ئاگری نەورۆز دەکەین.

 

هێلین دارا، خەلکی قمایشلۆ جەژنی نەورۆزی پیرۆز کردو هیای خواست ساڵی داهاتوو لە قامیشلۆ جەژنی نەورۆز پیرۆز بکەن.

 

عەلی ئەکرەم، خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان پیرۆزبایی کردو وتی: بە جلی کوردی ئەن جەژنە بەسەر دەبەین، پیرۆزبایی لەهەموو شوێنێک دەکەین.

 

شەنە عەلی وتی: زۆر دڵخۆشم لە قشڵەی کۆیە ئامادەم لەم ئاهەنگە، دەمەوێت جەژنی نەورۆز لە هەموو کوردستان پیرۆز بکەم، زۆر دڵخۆشم کە جلوبەرگی کوردیم لەبەردایە.

 

زیلان زیرەک وتی: خۆشحاڵم بەشدارییم کردووە لە کردنەوەی ئاگری نەورۆز لە قشڵەی کۆیە.