لە ڕۆژی جیهانی ئاودا: کۆمەڵگە و ئیکۆسیستم مەترسی وێرانکارییان لەسەرە

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی ئاوە، تەوەری ئەمساڵ بریتییە لە "پاراستنی سەهۆڵبەندان"، ئاماژە بەوەکراوە، سەهۆڵبەندانەکان خێراتر لە جاران دەتوێنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی جیهانی ئاو لە ٢٢ی ئاداری هەموو ساڵێکدا بەڕێوەدەچێت بە ئامانجی تیشک خستنە سەر گرنگی ئاوی شیرین و پێشخستنی بەڕێوەبردنی بەردەوامی سەرچاوەکانی، هەر ساڵەو تەوەرێک دیاری دەکرێت کە ئامانج لێی درک کردن و چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانی ئاوە.

 

نەتەوەیەکگرتووەکان بابەتێکی ئامادەکردووەو ئاماژەی بەوەکردووە، تەوەری ڕۆژی جیهانی ئاوی ٢٠٢٥ بریتییە لە "پاراستنی سەهۆڵبەندان"، سەهۆڵبەندانەکان بۆ ژیان گرنگن، ئاوی تواوەیان پێویستە بۆ ئاوی خواردنەوە، کشتوکاڵ، پیشەسازی، بەرهەمهێنانی وزەی پاک و ئیکۆسیستەمی تەندروست، بە خێرایی توانەوەی سەهۆڵبەندانەکان دەبێتە هۆی نادڵنیایی لە ڕۆیشتنی ئاو، کاریگەری قووڵی لەسەر مرۆڤ و هەسارەکە هەیە، کەمکردنەوەی جیهانی دەردانی کاربۆن و ستراتیژییە ناوخۆییەکان بۆ گونجاندن لەگەڵ بچووکبوونەوەی سەهۆڵبەندانەکان زۆر گرنگن، لەم ڕۆژە جیهانییەی ئاودا، دەبێت پێکەوە کاربکەین بۆ ئەوەی پاراستنی سەهۆڵبەندان بخەینە ناوەڕۆکی پلانەکانمانەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و قەیرانی ئاوی جیهانی.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لەگەڵ گەرمبوونی هەسارەکە، جیهانی بەستوومان بچووک دەبێتەوە، ئەمەش وایکردووە سوڕی ئاو پێشبینی نەکراوتر بێت، بۆ ملیارەها کەس، لێشاوی ئاوی تواوەیی لە گۆڕاندایە و دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو و وشکەساڵی و بوومەلەرزە و بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا، کۆمەڵگە و ئیکۆسیستمی بێشومار مەترسی وێرانکارییان لەسەرە.

 

ساڵ بە ساڵ زیاتر کەمبوونەوەی ئاو دەردەکەوێت و ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان بەدەست نەبوون و کەمی ئاوەوە دەناڵێنن، زۆرێک لە دانیشتووانی جیهان ڕێگایەکی دور دەبڕن بۆ بەدەستخستنی قومێک ئاوی شیرین، کە ئەمەش وایکردووە کاریگەری خراپ لەسەر ئەو وڵاتانە درووستبکات بە تایبەت ولاتانی هەژار نشین.