مەکەگە: لە مانگی شوباتدا پێنج ڕۆژنامەنووسی ژن دەستگیرکراون

مەکەگە ڕاپۆرتی پێشێلکردنی مافەکانی ژنانی ڕۆژنامەنووسی لە مانگی شوباتدا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە لە مانگی شوباتدا لە تورکیا پێنج ژنە ڕۆژنامەوان دەستگیرکراون و داوای کۆتاییهێنانی بە توندوتیژی دژی ڕۆژنامەوانان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی ژنی میزۆپۆتامیا "مەکەگە" ڕاپۆرتی پێشێلکردنی مافەکانی ژنانی ڕۆژنامەوانی بۆ مانگی شوبات بڵاوکردەوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە پێنج ژنی ڕۆژنامەوان دەستگیرکراون و لە مانگی شوباتیشدا فشار و هێرشەکان لەسەر ژنانی ڕۆژنامەوان بەردەوامیان هەبووە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: فشار و ڕێگرییەکان لەسەر ڕۆژنامەوانان قووڵتر دەبێتەوە، ڕۆژنامەوانی تاوان نییە.

 

باس لەوەش کراوە کە بە درێژایی مانگی شوبات هێرشی جەستەیی کراوەتە سەر ڕۆژنامەوانان و ڕێگریان لێ کراوە و لەسەر شەقام بە شێوەیەکی خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە.

 

لە بەردەوامیی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ئێمە وەکو مەکەگە جارێکی تر جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە ڕۆژنامەوانی تاوان نییە، بەدواداچوون بۆ هەواڵەکان، وێنەگرتن، گواستنەوەی زانیارییەکان بۆ بەرژەوەندیی گشتی، تۆمارکردنی ئەو شتانەی کە لە شەقام ڕوودەدەن و ئاشکراکردنیان بەشێکی گرنگن لە ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی ڕۆژنامەوانی.

 

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا مەکەگە ئاماژەی بە ناوی ئەو ڕۆژنامەوانانە کردووە کە لە مانگی شوباتدا دەستگیرکراون. ناوی ڕۆژنامەوانەکان بەم شێوەیەیە: "ئەلیف بایبورت-پەیامنێری ئاژانسی هەواڵیی ئەتکین "ئەتها"، خەدیجە دومان-سەرنووسەر و خاوەنی ڕۆژنامەی ئاتلیم، نادیە گوربوز-سەرنووسەری ئاژانسی هەواڵیی ئەتکین "ئەتها"، ئۆزدەن کنک- کارمەندی تەرەتە، پنار غایب-سەرنووسەری ئاژانسی هەواڵیی ئەتکین "ئەتها".