کەژەکە: ٨ی ئادار ڕووحی دیموکراسی و ئازادییە

کۆردیناسیۆنی کەژەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا بەبۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان دەڵێت: ئامانجمان ئەوەیە کە سەدەی ٢١ بکەینە سەردەمی ئازادی ژن و بە جێهێنانی شۆڕشی دووەمی ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆردیناسیۆنی کەژەکە بۆ ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکؤشانی ژنان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، سەردەمی دەوڵەت- نەتەوە کۆتایی هاتووەو ئامانجیان ئەوەیە کە سەدەی ٢١ بکەینە سەردەمی ئازادی ژن و بە جێهێنانی شۆڕشی دووەمی ژنان.

 

ڕاگەیاندراوی کۆردیناسیۆنی کەژەکە بەم شێوەیەیە:

بۆ هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان و خوشکە بەهێزەکانمان:

٨ی ئادار ڕووحی دیموکراسی و ئازادییە ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی ژنانی کارە. ئەم ڕۆژە تایبەتە بە هەموو ژنان کە بۆ مافە بنەڕەتییەکانیان خەبات دەکەن و ئەو مرۆڤانەی بۆ ئەم پەیامە تێدەکۆشن، بە تایبەت بۆ ژنانی کورد، با ئەم ڕۆژە بە شانازی و ڕێزەوە بە پێوە پیرۆزبکرێت. ٨ی ئادار ڕۆژی یەکگرتن و چالاکییە بۆ هەموو ژنان. وەک بزوتنەوەی ئازادی ژنانی کورد، بە ڕێزەوە یادی هەموو ئەو ژنانە دەکەینەوە کە ژیانیان بۆ ئازادی بەخشیوە. سڵاو لە بەرخودان و کردارە بەهێزەکانی ژنان دەکەین لە مێژوودا کە سەرەڕای هەموو ستەم، توندوتیژی و کۆمەڵکوژییەکان، بەڵام هەموو بوارەکانی ژیانیان لە زیندانەکان، چیاکان، کۆڵانەکان، شوێنەکانی کار، کێڵگەکان و ماڵەکان  گۆڕیوە بۆ مەیدانی ئازادی. زیاتر لە ٤٠ ساڵە بزووتنەوەی ئازادی ژنانی کورد خەباتێکی گەورەی کردووە بۆ قووڵکردنەوەی ئایدیۆلۆژیای ڕزگاری ژن، بۆ ڕاگەیاندنی هێزی ژنان، بۆ بەهێزکردنی پاراستن و بەرزکردنەوەی ئاگاییان، بۆ دڵنیابوون لە نوێنەرایەتی یەکسان و ئازادی لە بوارە سیاسییەکاندا، بۆ شکاندنی سێکسیزم و جیاوازیی ڕەگەزی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، و بەم شێوەیە پێشخستنی ئازادی ژنان. هەمیشە گرنگییەکی زۆرمان داوە بە هاوبەشکردنی دەستکەوتەکانمان لەگەڵ ژنانی سەرانسەری جیهان.

 

ئێستا، بە دڵخۆشیەوە، بە ورە و بڕیارەوە، ئامانجمان ئەوەیە کە سەدەی ٢١ بکەینە سەردەمی ئازادی ژن و بە جێهێنانی شۆڕشی دووەمی ژنان، ئەرك و پەیامی خۆمان لە ناو بزووتنەوەی جیهانی ڕزگاری ژناندا بەجێبهێنین. وەک هەمووان دەزانن، ساڵی ٢٠٢٦ بەردەوام بوو لە گۆڕانکارییە خێرا و سەرنجڕاکێشەکان. جیهان بە خێرایی دەچێتەوە بۆ سیستەمێکی دابەشبوو و چەند-قوتبی. ڕێکخستنی جیهانی ڕووخاوە. سەرۆکە پۆپۆلیستەکان بەردەوام بە پێشخستنی بەرژەوەندییە سەرکوتکەرەکانی خۆیان لەسەر هەموو هەموو بەهاکان. بەم شێوەیە جیهان ناتوانێت زیاتر بەردەوام بێت لە ناو ململانێی هێز و ناکۆکییە دژوارەکاندا. کەپیتالیزم، باوکسالاری و دیکتاتۆریەت بوونەتە هۆی داڕمانی زەوی لە ژێر پێماندا. بەم هۆیانە، سیستەمی نێودەوڵەتی کە لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ و یاسا دامەزراوە، لە سەر لێواری تێکچوونە. سەرۆکی ئەمریکا، دونالد ترەمپ، بە کردار و وتارەکانی خۆی، وەک ئەوەی دواین میخ بدات لە تابووتی دەوڵەتی نەتەوە. ئەمڕۆ دیکتاتۆر و سەرکردە پۆپۆلیست و دژە ژنەکان چوارچێوەی جیهانێکی ڕووخاو دادەنێن. بە داخەوە، دیموکراسییەکان "مەبەست ئەو کەسانەیە بۆ سیستەمێکی دیموکراسی تێدەکۆشن" ناتوانن ئەم ئاراستەی تێکدەرییە سنووردار بکەن. لەم بارودۆخەدا، پرسی سەرەکی بۆ ژن بریتیە لەوەی، چۆن ئەم پڕۆسەیە لێکبدەینەوە و چۆن خۆمان لە ناویدا جێگیر بکەین؟ ئەمە پرسیارێکی بنەڕەتییە کە کۆمەڵگا، بە تایبەتی ژنان، دەبێت وەڵامی بدەنەوە. ڕوونە کە سیستەمی نێودەوڵەتی، بە پێچەوانەی ئەو بانگەوازانەی دەیکات، چارچێوەیەکی پاراستن و هاوسەنگ بۆ ژیانی گەلان پێشکەش ناکات؛ بەڵکو هەم هۆی دروستبوون و هەم هۆی قووڵبوونەوەی بارودۆخە نەرێنییەکانە بۆ ژنان.

 

سەردەمی دەوڵەت-نەتەوە کۆتایی هاتووە

سەردەمی دەوڵەتی نەتەوەیی کۆتایی هاتووە و هەموو ماسکەکانی، لەگەڵ قەیرانە زۆرەکانی کە دروستی کردوون، کەوتوون. لە کۆتایی سەدەی ٢٠، بە ڕووخانی سیستەمی دووقوتبی، گەڕان بۆ ڕێکخستنی جیهانی نوێ دەستی پێکرد. جەنگی یوگسلافیا، جەنگی عێراق، شۆڕش و جەنگەکانی دوای بەهاری عەرەبی، جەنگی ڕووسیا-ئوکراینا، جەنگی ئیسرائیل-غەزە، و جەنگە بەردەوامەکان لە چوار پارچەی کوردستان کە لە لایەن چوار دەوڵەتی داگیرکەرەوە دابەش کراوە، هەموویان لە ساڵانی ٩٠ەکانەوە توندتر بوون. ئەم جەنگە کۆلۆنیالیستانە، کە زەویان وێران کردووە، نەوەستان و بە شێوەیەکی سیستەماتیک لەلایەن هێزە سەرکەوتووەکانەوە بەردەوام دەکرێن. لە شوێنی چارەسەرکردنی کێشەکان، قووڵتریان کردوون و هەموو شتێکی سەردەمی کۆنیان وێران کردووە. وەک گرامشی وتی"جیهانی کۆن دەمرێت و جیهانی نوێ هەوڵ دەدات لەدایک ببێت؛ ئێستا کاتی دڕندەکانە. ئەم ڕاستییە ئاشکرایە". مرۆڤایەتی لە سەردەمێکدا دەژی کە هێزدارەکان سەردەستن. دەوڵەتی نەتەوەیی، بە بەستنەوەی کۆمەڵگا بە دەسەڵات لە ڕێگەی هاونیشتمانییەوە، گەورەترین لێدانی لە سروشتی کۆمەڵایەتی داوە. هەموو ئەو بوارانەی کە کۆمەڵگا پێیان بەردەوامە ئابووری، ژینگە، تەندروستی، نیشتەجێبوون، پەروەردە و پاراستنی بنەڕەتی لەلایەن دەوڵەتەوە دەستبەسەر کراون. گەل، کۆمەڵگا و ژنان بێپاراستن ماون. لەگەڵ ئەوەی زەویمان ماوەیەکی درێژ سیگنالی SOS دەدات، بەهۆی خوازیاری قازانج، وێرانکردنی ژینگە، کۆمەڵکوژی و کۆچبەریی گشتی بەردەوامە. بۆچی، سەرەڕای ئەوەی زەوی لە سەر لێواری مردنە بەهۆی بەکارھێنانی زۆر، دەوڵەتان ڕێککەوتنە پێویستەکان ناکەن و سنوورداری پێویست بەسەر کۆمپانیاکاندا دادەنەن؟ زانست و تەکنەلۆژیا کە دەبوو چارەسەر بدۆزنەوە، کەچی بوونەتە چەکی مەترسیدار لە دەستی ناوەندەکانی هێزدا و بەکاردەهێندرێن لە دژی مرۆڤایەتی. بۆچی خواردن و ئاوی خواردنەوەمان ژەهراوی دەکرێت؟ بۆچی نەخۆشییە سەرچاوەگرتووەکان ڕێگرییان لێ ناکرێت؟ وەڵامەکە سادەیە: بۆ ئەوەی چەند کەسێک قازانجی زیاتر بکەن. هەژاری، نایەکسانی، فشارە کۆمەڵایەتییەکان، دیکتاتۆریەت، قەیرانی ژینگە، پیسی، لەدەستچوونی جۆراوجۆری زیندەوەران و بەکارھێنانی بێکۆنترۆڵی تەکنەلۆژیا، هەموویان ئەنجامی جەنگەکانن کە سیستەمی کەپیتالیزم دەیخاتەڕوو بۆ پاراستنی مەیدانەکانی پێشبڕکێی خۆی. کاتی ئەوە هاتووە وەهمی ئەوە بەجێبهێڵین کە دەوڵەت خزمەتی گەل دەکات.

 

دەوڵەتە نەتەوەییەکان ستوونی سەرەکی سیستەمی کەپیتالیزمن. بۆ پاراستنی دەسەڵاتیان، پێویستیان بە گەل، کرێکار، بێکار، سوپا، ماددەی خاو، کۆچبەر، خێزان، تەکنەلۆژیا و ئایدیۆلۆژیایە کە چەوساندنەوە ڕەوا دەکات (نەتەوەپەرستی، فوندەمێنتالیزمی ئایینی، سێکسیزم و زانست‌پەرستی). وەک ژن، ئێمە دەوڵەتمان نییە. وەک کرێکار، دەوڵەتمان نییە. وەک کۆچبەر، دەوڵەتمان نییە. وەک گەلی ڕەسەن، دەوڵەتمان نییە. هەرگیز دەوڵەتێک نەبووە و نابێت کە بە ڕاستی نوێنەرایەتی بکات، بەرژەوەندییەکانمان بپارێزێت و خۆش بژێوییمان بخاتە پێش. لە سەرانسەری جیهان، ژنان هێشتا ناچارن لە هەموو بوارێکدا بۆ یەکسانی خەبات بکەن. بەردەوام ڕووبەڕووی توندوتیژی سیستەماتیکی پیاوان دەبنەوە. بچووک دەکرێنەوە، داگیر دەکرێن و وەک کەلوپەل مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. بۆچی سەرکردەیەکی وەک تاڵیبان لە ئەفغانستان یان جولانی لە سوریا، سەرەڕای ڕەدکردنەوەی خەڵک، بە پشتگیریی دەرەکی دەگەنە دەسەڵات؟ بۆچی سەرکردە و هێزەکانی پشتگیری لەلایەن گەلەوە کوژران، ڕاونران، تاوانبارکران یان زیندانی دەکرێن؟ چونکە ئیرادەی گەل بنەما نییە؛ بەرژەوەندییەکانی ئەوانەی لە دەسەڵاتدان بنەمان. گەلان پەلکێشکراون بۆ ناو جەنگەکانی ئەوانی تر و کراونەتە ئامرازێکی ململاوێی دەسەڵات. بۆچی گەل زۆرترین باجی سیاسەتێک دەدات کە خۆیان هەڵیاننەبژاردووە؟ باوکسالاری، پێکهاتە سەرکوتکەرەکان، دابەشبوونی چینایەتی، میلیتاریزم و فوندەمێنتالیزمی ئایینی هەزاران ساڵە ژنان چەوساندووەتەوە، کوشتووە و بەکارھێناوە. شارستانیەتی باوکسالار کە ستەم سیستەماتیک کرد، ئێستا لە هەقیەتێکانی نزیک بە دڕندایەتی دەلەرزێت. پەڕەکانی کەیسی جێفری ئێپستاین، کە بە ترسەوە لە سەرانسەری جیهان بیندرا، وەک دانپێدانانێکەی سیستەمی باوکسالارە. ئاشکراکردنی دەستدرێژکارانی ناو ملیاردێر و ئەلیتەکان ناتواندرێت وەک حاڵەتێکی تاک و جیاواز ببیندرێت. تاوانکارە ڕاستەقینەکە خۆی سیستەمی کەپیتالیزمە کە بە کۆدە باوکسالارییەکان شێوەی پێدراوە. ئێمە لە خاڵێکداین کە بەڕاستی یان ئازادی یان دڕندایەتیـە. ئەو پێشنیارەی دەڵێت "ئازادی ژنان، بنەمای هەموو ئازادییەکانە"، تەنها تیۆری نییە؛ بنەمای هەموو ئازادییە کۆمەڵایەتییەکانە. کۆیلایەتی و فێمینسایدی ژنان بنەمای هەموو سیستەمەکانی سەردەستییە. ڕزگاری ژنان پێویستی بە خەباتێکی گەورە و ڕادیکاڵ هەیە. پێویستە خۆمان پاک بکەین لە هەموو ئەو شتانەی پەیوەست بە سەردەستییەوە لە زەهنیەت، کولتوور، شێوازی ژیان و ئامرازەکانیدا. دەبێت خەباتی خۆمان پێش بخەین، نەک خەباتی ئەوانی تر. دەبێت پارادایم، دامەزراوە، سیستەمی جێگرەوە و کولتووری خۆمان دروست بکەین بۆ پاراستنی خۆمان، کۆمەڵگەکەمان، خاکەکانمان، ژینگە و کاری خۆمان. ژن هێزی پێشخەری سۆسیالیزمن.

 

پرسی ژن فراوانتر و قووڵترە لە پرسی چین یان نەتەوە. هیچ خەباتێکی سۆسیالیستی کە لە ڕزگاری ژنان سەرکەوتوو نەبێت، ناتوانێت ئەنجامی دادپەروەر بەدەستبهێنێت؛ مێژوو ئەمەی سەلماندووە. لە بەرامبەر دڕندایەتی باوکسالار کە ژیانی هەموو زیندەوەرانی ناخۆش کردووە، ژنان دەبێت وەک هێزی سەرەکی بۆ پێشخستنی ئاشتی و دیموکراسی دەرکەون. ئەگەر ژنان لە هەموو شوێنێک ئاشتی و دیموکراسی نەپارێزن، هیچ پەنایەکی ئاراممان نامێنێت. بە هێزی فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی، وەک ژنانی کورد، ١١٦ەمین ڕۆژی جیهانی ژنانی کار بەو ڕۆحەوە یاد دەکەینەوە. لەم پەیامەدا بیر و داواکارییەکانمان سەبارەت بە ئەم پڕۆسەیە لەگەڵ خوشکەکان و ڕێکخراوەکانی ژناندا هاوبەش دەکەین. بەم بۆنەیە، ١١٦ەمین ڕۆژی جیهانی ژنانتان پیرۆزبێت. بە هێز و ڕووناکی خەباتی هاوبەشی ژنان، پەیمانەکەمان نوێ دەکەینەوە و ڕایدەگەینین کە تاریکییە دروستکراوەکانی سەردەستی و باوکسالاری لە ژیانمان دەردەکەین و هەر ڕۆژێک دەکەینە ٨ی ئادار.

 

با هەر ڕۆژێک وەک ٨ی ئادار بێت؛ پڕ لە هیوا و ڕووناکی.

لە ڕۆزا تا سارا، سڵاو بۆ هەموو سیمبولەکانی بەرخودانمان.