ڕێکخراوەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: ژن سەرکردە و داهێنەری داهاتووە
ڕێکخراوەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربارەی ٨ـی ئادار ڕایانگەیاند، بەشداریی سەرەکیی ژنان لە خۆپیشاندانی مەدەنی، چالاکی سیاسی و دامەزراوە مەدەنییەکان سەلمێنەرە کە ژن سەرکردە و داهێنەری داهاتووە.
ناوەندی هەواڵ
هەریەکە لە ڕێکخراوەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێکهاتوون لە "ڕێکخراوی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" ئاسۆی ژنی کورد – ڕێکخراوی ژنانی کۆمەڵە، ڕێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان "نینا"، ڕێکخراوی یەکێتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران" بە بۆنەی ٨ـی ئادارەوە ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیەیە:
“ژنانی ئازادیخواز و سەربەستی نەتەوەی کورد بەدرێژایی مێژووی خەباتی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی خۆیان، هەمووکات وەک هێزێکی گۆڕانکار و بەرهەمهێنی هۆشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەستپێشخەرییان کردووە، خەباتی ژنان تەنها داواکاریی مافێکی تایبەت نەبووە، بەڵکو بەشێک بووە لە پلانێکی گەورەتر بۆ گۆڕینی بناغەی کۆمەڵگە و بونیادنانەوەی سیستەمێکی دادپەروەر، یەکسان و بێچەوسانەوە، ئەم ڕێگایە کە پڕاوپڕە لە گیانفیدایی، قوربانیدان و خۆڕاگری، لاپەڕەیەکی زێڕینی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تۆمار کردووە.
هەشتی مارس، تەنها بۆنەیەکی نێودەوڵەتی نییە، بەڵکو سەکۆیەکی سیاسی و مێژووییە بۆ نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ ئامانجەکانی سەربەستی و یەکسانی، ئەم ڕۆژە،بیرهێنانەوەی ئەو ڕاستییەیە کە ماف نادرێت، بەڵکو بە خەبات و بەردەوامی وەردەگیرێت، هەروەها هێمای یەکگرتوویی نێوان ژنان و هەموو هێزە پێشکەوتووەکانە کە باوەڕیان بە گۆڕانکاریی بنچینەیی هەیە.
لە ئێستادا، لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیدا سیستەمێکی یاسایی و سیاسی هەیە کە بە شێوەی سیستماتیک، هەڵاواردنی لەسەر بنەمای ڕەگەز دامەزراندووە، یاسا لە بوارەکانی وەک پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، میرات، شایەتی دان، جلوبەرگ، بەشداریی سیاسی و دادگاییکردن، ژن لە پیاو بە کەمتردانان و ئەم جیاوازییە وەک ‘ئاسایی’ دەردەخەن.
ئەم ڕێکخستنە یاساییە، هاوئاهەنگە لەگەڵ فەرهەنگ و عەقڵییەتی دەسەڵاتخوازی کە ژن بە مرۆڤێکی پلە دوو دەناسێنێت و ژیانیان لە سنوورێکی بەرتەسکی کۆمەڵایەتیدا پێناسە دەکات، بەڵام لە بەرامبەر ئەم سیستەمەدا، ژنانی هۆشیار و ڕێکخراوی ئێران بە تایبەتی لە کوردستان، بوونەتە هێزی سەرەکیی خۆڕاگری و گۆڕانکاری.
خەباتی ژنان خەباتە بۆ دامەزراندی سیتەمێکی دیموکراتیک
بەشداریی سەرەکیی ژنان لە خۆپیشاندانی مەدەنی، چالاکی سیاسی و دامەزراوە ناحکومییەکان، سەلمێنەری ئەوەیە کە ژن سەرکردە و داهێنەری داهاتووە، ژنان بە هۆشیاریی سیاسی و بڕیار و ئیرادەی خۆیان، سنوورە فەرمی و دیاریکراوەکانیان شکاندووە و ئەجێندای یەکسانی و دادپەروەرییان خستووەتە ناو گۆڕەپانی گشتییەوە، لەو چوارچێوەیەدا، ئێمە پێنج ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایدەگەیەنین کە خەبات بۆ وەدیهاتنی سەرجەم مافە زەوتکراو و پێشێلکراوەکان بەشێکە لە خەباتێکی گەورەتر بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتیک، سێکۆلار و دادپەروەر، کە تێیدا یاسا بە شێوەیەکی یەکسان بۆ هەمووان دەستەبەر بکرێت و هیچ مرۆڤێک بەهۆی ڕەگەز، نەتەوە، باوەڕ یان هزری سیاسییەوە نەبێتە ئامانجی هەڵاواردن.
بانگەوازی بۆ تێکۆشان
ئێمە وەکو پێنج ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵات پەیمان نوێ دەکەینەوە، لەگەڵ شەهیدانی ڕێگای ئازادی و هەموو ئەو ژنە قارەمانانەی کە لە بەرامبەر بیر و سیاسەتی دژەژنی دەسەڵاتی ئێران ئازایانە وەستان و گیانبازییان کردووە، باوەڕمان وایە کە بەردەوامی، خۆڕێکخستن و هاوخەباتی نێوان هێزە دیموکراتیک و پێشکەوتووەکان، ڕێگای گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد، یەکسان و دادپەروەر خۆش دەکات و خەباتی ژنان، خەباتی گەلانە بۆ ئازادی و سەرکەوتنی ژنان سەرکەوتنی دیموکراسی و مرۆڤایەتییە.