مەهوەش سیدال لە زیندانی ئێڤین هەڕەشەی لێکرا

مەهوەش سیدال لە زیندانی ئەێڤین لە ١٣یەمین ڕۆژی مانگرتندایە و باری تەندرووستیی ناجێگیرە، سەرەڕای ڕێگرییەکان لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی، لە لایەن هیدایەت فەرزادی بەرپرسی زیندانەکە ڕووبەڕووی هەڕەشەی مردن بووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

چەوساندنەوەی ژنانی زیندانی ئێڤین لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە درێژەی هەیە، ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوەکانی کورد و ئێران سەبارەت بە بارودۆخی ژنێکی زیندانیی سیاسیی ئێران لە زیندانی ئێڤین ڕایگەیاند، ژنێکی زیندانیی سیاسیی ئێران بە ناوی مەهوەش سیدال لە زیندانی ئێڤین لە ١٣یەمین ڕۆژی مانگرتندایە و باری تەندرووستیی ناجێگیرە، سەرەڕای ڕێگرییەکان لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی، لە لایەن هیدایەت فەرزادی بەرپرسی زیندانەکە ڕووبەڕووی هەڕەشەی مردن بووەتەوە و پێی وتراوە “مانگرتنەکە بشکێنە ئەگینا لەناو دەچێت.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، مەهواش بەهۆی مانگرتنەکەی تووشی لاوازی جەستەیی، ئازاری گەدە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، پەستانی هەناسەدان، شەقیقە و خوێنبەربوون بووە.

 

باس لەوەشکراوە، بەرپرسانی زیندانی ئێڤین تا ئێستاش ئامادە نین خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکانی بۆ دابین بکەن.

 

هاوکات، لە ٢٧ی ئایاری ئەمساڵدا، مەهوەش سیدال خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لە زانستە نێودەوڵەتییەکان مانگرتنی لە خواردن ڕاگەیاند، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر ڕێگریکردن لێی لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی، هەروەها لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان بوەتەوە.

 

 لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ـدا مەهوەش سیدال لەگەڵ چەند چالاکوانێکی دیکە لە شاری تارانی پایتەختی ئێران بە بێ فەرمانی دادوەر و لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا، دواجار لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بۆ جاری دووەم دەستبەسەر کرایەوە و ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کرا.

 

مەهوەش لەلایەن لقی ٢٦ـی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی “بڵاوکردنەوەی درۆ” سزای دوو ساڵ زیندانییکردنی بەسەردا سەپێندرا، پاشان بە تۆمەتێکی دیکە، كە بریتییە لە “تێکدانی موڵک و ئاسایشی گشتیی” لە لایەن لقی سێیەمی لێکۆڵینەوەی داواکاری گشتیی زیندانی ئەوین دۆسێیەکی دیكەی یاسایی نوێی بۆ کرایەوە.