مانگی سووری کورد پێشانگایەکی هۆشیاری بۆ پاڵپشتیکردنی منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە و تالاسیمیا سازدەکات
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ دابینکردنی چاودێری تەندروستی و پاڵپشتی دەروونی بۆ ئەو کەسانەی کە زیانیان بەرکەوتووە، مانگی سووری کورد، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پێشانگایەکی هۆشیاری بۆ پاڵپشتیکردنی منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە و تالاسیمیا سازدەکات.
نەغم چاچان
قامیشلۆ- لە نێوان ئاستەنگە تەندروستی و ئابوورییەکانی بەردەم ناوچەکەدا، مانگی سووری کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک ڕێکخراوێکی مرۆیی گرنگ دەردەکەوێت، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە پاڵپشتیکردنی کۆمەڵگە، بەتایبەتی منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە، لە چوارچێوەیەکی مرۆیی بە ئامانجی پتەوکردنی بنەماکانی هاودەنگی و بەرپرسیارێتی هاوبەش.
بۆ پشتیوانی لە منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە، مانگی سووری کوردی خواستی وایە لە ٢٠ی تشرینی دووەم لە پارکی ئازادی لە قامیشلۆ، پێشانگایەکی هۆشیاری بۆ منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە و تالاسیمیا سازبکات، پێشانگاکە یەک ڕۆژە وەک پەیامێکی مرۆیی کاردەکات کە تیشک دەخاتە سەر گرنگی هونەر و هۆشیاری لە چارەسەرکردنی پرسە تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکان.
هەدیە عەبدوڵا، هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی، لە سەرەتای قسەکانیدا، ڕایگەیاند: مانگی سوور لە ساڵی ٢٠١٢ دامەزراوە، لەو کاتەوە تا ئێستا بەردەوام بووە لە کارەکانی لە ناوچە جیاجیاکانی، هەوڵەکانمان بە پلەی یەکەم لەسەر وەڵامدانەوەی دیاردە لەناکاوەکانی وەک کارەساتی سروشتی، بوومەلەرزە، ئاگرکەوتنەوەیە، کە ٦٠ ئۆتۆمبێلی فریاگەوزاری جێگیر کردووە لە سەرانسەری هەرێمدا، جگە لە ناوەندە فریاگوزارییە هەمیشەییەکان کە بە درێژایی کات کاردەکەن، هەروەها ناوەندە تەندروستییەکانمان لە هەموو کامپەکاندا هەیە و خزمەتگوزاری بەردەوام پێشکەش دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵانێکی زۆرە ناوەندێکی تایبەت بە چاودێریکردنی منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە نەبووە، مانگی سووری کوردی یەکەم کەس بوو کە پاڵپشتی و چاودێرییان کرد، کە ئەمەش لە پابەندبوونە مرۆییەکان و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوەی گرتووە.
لە درێژەدا باسی لەوە کرد، کە مانگی سووری کوردی نەخۆشخانەیەکی تایبەتمەندی بۆ چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە و تالاسیمیا کردۆتەوە، کە ئێستا لەکاردایە، لە کاتێکدا هێشتا یەکەی سووتاوی تەیار کراوە و هێشتا کارا نەکراوە.
ڕوونیشیکردەوە، تووشبووانی تالاسیمیا مانگانە یەکجار یان دووجار پێویستیان بە گواستنەوەی خوێن هەیە، ئەمەش بەپێی بارودۆخی خۆیان ئەبێت، ئەم نەخۆشخانەیەش یەکەم نەخۆشخانەیە لەجۆرەکەی لەهەرێم، لەگەڵ دابینکردنی هەموو پێداویستییە پزیشکییە پێویستەکان و پێشکەشکردنی ژینگەیەکی چارەسەری ئاسوودە و پارێزراوی بۆ نەخۆشەکان.
هەدیە عەبدوڵا، جەختی لەوە کردەوە، کە مانگی سووری کوردی نەک هەر خزمەتگوزاریی چاودێری تەندروستی پێشکەش دەکات، بەڵکو هەوڵدەدات پاڵپشتی دەروونی و ئەخلاقی پێشکەش بە نەخۆشەکان بەتایبەتی منداڵان و گەنجانی پێگەیشتوو بکات، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی سەختی ئەم نەخۆشیانە و کاریگەرییە قووڵەکانیان لەسەر ژیانیان، ستافی نەخۆشخانەکە خاوەنی ئەزموونێکی بەرفراوانن، ئێمە شاهیدی پێویستییەکی بووین بۆ گرنگیدانی بە منداڵان و گەنجانی پێگەیشتوو کە تووشی نەخۆشی تالاسیمیا بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەتا منداڵەکان لەکاتی چارەسەرکردندا دەگریان، دایکانیش ئازارێکی زۆریان دەچەشت، هەر بۆیە ژوورێکی تایبەتمان بۆ منداڵەکان دروستکرد و دیوارەکانیمان بە ڕەنگی دڵخۆش ڕازاندەوە بۆ بەرزکردنەوەی ڕۆحیان و دابینکردنی ژینگەیەکی ئاسوودە بۆیان، ئەمەش کاریگەرییەکی ئەرێنی بەرچاوی لەسەر باشی دەروونییان هەیە.
وتیشی: زۆرێک لە گەنجان بەهۆی بارودۆخی تەندروستییانەوە ناچاربوون واز لە خوێندن بهێنن، پڕۆگرامی پەروەردەییمان بۆ دابین کردن کە بریتی بوو لە هۆشیاری تەندروستی، شارەزایی کۆمپیوتەر، زمانی کوردی، زمانە بیانییەکان، ئەم دەستپێشخەرییە بەشداری کردووە لە بەرزکردنەوەی متمانە بەخۆبوونیان و پێدانی پاڵنەرێکی بەهێز بۆ بەردەوامبوون و گەشەکردنیان.
ڕوونیشیکردەوە، ئامانج لە سازدانی پێشانگایەک لە ڕۆژانی داهاتوودا پاڵپشتیکردنی منداڵانە لە ڕووی دەروونییەوە و بەرزکردنەوەی متمانە بەخۆبوونیان، هەروەها بەشێکی تایبەت بە پشتگیری دەروونیمان هەیە، کە گرنگییەکی تایبەت بە منداڵەکان دەدات، ئەوان زۆر حەز بە دروستکردنی شت دەکەن بە دەستەکانیان، ئێمەش هەمیشە پێمان وتون کە ئەم دەستە بچووکانەتان توانای دروستکردنی شتی جوانی هەیە، هەروەها ویستمان چالاکییەکان ڕێکبخەین کە وزەی ئەرێنییان بەرزبکاتەوە و کاتە بەتاڵەکانیان پڕبکەنەوە لەو شتانەی کە خۆشییان بۆ دەهێنێت، تێبینیمان کردووە کە بەڕاستی داهێنەرن لەو کارانەی کە دروستی دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە بڕیارماندا پێشانگایەکی تایبەت سازبکەین بۆ نمایشکردنی ئەو کارە دەستیانەی کە لەلایەن منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتەوە دروستکراون، وەک دیارییەکی هێمای پێشکەشیان دەکەین کە ڕەنگدانەوەی توانا و داهێنەرییەکانیان بێت، هەروەها سندوقێکی بەخشینمان داناوە بۆ ئەوەی هەرکەسێک ئارەزووی بەشداریکردنی هەبێت بتوانێت پشتگیری لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو منداڵانە بکات بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە پێشانگاکە یەکەم پێشانگا دەبێت لە جۆری خۆیدا بەم شیواز و ناوەڕۆکە، هەروەها ئەوە یەکەمجارە پێشانگایەک بەم کارەکتەرە مرۆڤدۆستانە و هونەرییە ڕێکدەخرێت، بۆ ماوەی یەک ڕۆژ تەنها لە پارکی ئازادی لە قامیشلۆ، لە کاتژمێر ٥:٠ی بەیانی تا ٩:٠٠ بەڕێوەدەچێت، بەپێی هەلومەرج و پێداویستییەکان، ڕەنگە لە چەند مانگی داهاتوودا پێشانگایەکی هاوشێوە ڕێکبخەین.
لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: لە سەرەتای پێشانگاکەدا پێشەکییەک بۆ نەخۆشخانەکە دەدەین، یەکێک لە پزیشکەکان لە چوارچێوەیەکی پەروەردەییدا باس لە سروشتی نەخۆشەکان و بارودۆخی تەندروستیان دەکات، هەروەها ژمارەیەک بەرهەمی هونەری و دەستی کە لەلایەن منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتەوە دروستکراون نمایش دەکرێن، وەک تابلۆ، پەیکەر، گوڵ و ئەو ئافراندنانەی دیکە کە بە دەستی خۆیان دروستیان کردووە، ئەم بەرهەمانە وەک دیارییەک پێشکەش دەکرێن کە گوزارشت لە پاکی دڵیان و وزە داهێنەرەکانیان دەکات.