سزای ١٢ ساڵ زیندانی بەسەر تاوانبارێکی بەکۆیلەکردنی ئێزدییەکان پەسەند کرا
دادگای تێهەڵچوونەوەی سوید، سزای ١٢ ساڵ زیندانی لینا ئیسحاقی هاوڵاتی سویدی عێراقی پشتیڕاستکردەوە، کە بە تاوانی جینۆساید و بەکۆیلەکردنی ژنان و منداڵانی ئێزدی سزادرابوو.
ناوەندی هەواڵ
دوای ئەوەی بەهۆی پەیوەندییکردنی بە داعش و بەکۆیلەکردنی ئێزدییەکاندا، لە مانگی شووباتی ئەمساڵ لەلایەن دادگاوە سزای ١٢ ساڵ زیندانی بەسەر لینا ئیسحاقدا سەپێندرابوو، دادگای تێهەڵچوونەوەی سوید، سزاکەی پەسەند کرد.
بەپێی زانیارییەکان، لینا ئیسحاق تەمەنی ٥٢ ساڵە و لە ساڵی ٢٠١٣ بە مەبەستی پەیوەندیکردن بە داعشەوە لەگەڵ خێزانەکەی خۆیان گەیاندووە بە سووریا و لە شاری ڕەقە نیشتەجێبوون.
بەپێی شایەتحاڵان کە لە پرۆسەی دادگاییکردنەکەیدا شایەتییان داوە، لینا ئیسحاق لەو ماوەیەی کە لە سووریا بووە، سێ ژن و شەش منداڵی ئێزدی لە ماڵەکەیدا بەدیل گرتووە و وەک کۆیلە مامەڵەی لەگەڵ کردوون.
هەروەها وێڕای ئەوەی کە ئەو کەسانەی ناچارکردووە ببنە موسڵمان، بەشێوەی زارەکی و جەستەیی ئازاری داون و لە دامرکانەوەی حەزی چەکدارانی داعش بەکاری هێناون.
هەرچەندە لینا ئیسحاق ڕەتیکردووەتەوە کە لە ماڵەکەیدا کردەوەی لەو شێوەیە ئەنجام درابێت، بەڵام دادگا بە بەڵگەی شایەتحاڵان سزاکەی دەرکردووە.