ئۆنروا: ٧٥ هەزار دانیشتووی غەزە بێبەش دەبن لە خزمەتگوزاریی سەرەتایی
ئاژانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕایگەیاند، بەهۆی ڕاوەستاندنی بەشە بودجەی ڕێکخراوەکە لەلایەن ئەمریکاوە، نزیکەی ٧٥ هەزار دانیشتووی غەزە بێبەش دەبن لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.
ناوەندی هەواڵ
ئاژانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران ‘ئۆنروا’، سەبارەت بەو قەیرانە داراییەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە و ناتوانن خزمەتگوزاریی سەرەتایی پێشکەش بکەن، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: بەهۆی ڕاوەستاندنی بەشە بودجەی ڕێکخراوەکەمان لەلایەن ئەمریکاوە ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بوینەتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر وڵاتانی بەخشەر هاوکاریی دارایی زیاتر پێشکەش نەکەن ئەوا لە مانگی داهاتوودا نزیکەی ٧٥ هەزار دانیشتووی كامپەكانی غەزە لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بێبەش دەبن و ناتوانن مووچەی كارمەندەكانیشیان بدەن.
ئۆنروا ئاماژەی بەوەشكردووە، پێویستیان بە دەستپێكردنی هەڵمەتێكی كوتانی منداڵانە و ئەگەر قەیرانی دارایی بەمجۆرە بەردەوام بێت، ئەوا ناتوانن خزمەتگوزارییەكانیان بەم جۆر و كوالێتییەی ئێستا پێشكەش بكەن.
ئۆنروا، ئاژانسێکی گرێدراوی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانە و لە بواری کاروباری ئاوارە و پەناباران کار دەکات، لە هەر شوێنێکی جیهان ئاوارە و پەنابەر هەبێت، خزمەتگوزاریی سەرەتاییان پێدەگەیەنێت.