لەناو هۆڵی پەرلەمان هێرشکرایە سەر دوو پەرلەمانتاری ژن ومۆبایلەکانیان لێسەندرا
لەناو هۆڵی پەرلەمان و گفتوگۆکردن لەسەر لێبڕینی موچە، لەلایەن پۆلیسی پەرلەمانەوە هێرشکرایە سەر پەرلەمانتاران شایان عەسکەری لە فراکسیۆنی گۆڕان و هەڵەز ئەحمەد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو و مۆبایلەکان ڕفێندرا.
ناوەندی هەواڵ
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە میانەی دانیشتنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی لێبڕینی موچە، هەردوو پەرلەمانتار شایان عەسکەری لە فراکسیۆنی گۆڕان و هەڵەز ئەحمەد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو و مۆبایلەکان ڕفێندرا، لە بارەیەوە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان بەست.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا شایان عەسکەری ئاماژەی بەوەدا: ئەمڕۆ لەكاتی گفتوگۆی لێبڕینی مووچە لەنێوان دوو پەرلەمانتار دەمەقاڵێیەك دروست بوو، لەوكاتەدا پاسەوان و پۆلیسەكانی ناو هۆڵی پەرلەمان هێرشیانكردە سەر من و مۆبایلەكەیان ڕفاندم، ئەوەش مانای وایە جیاوازیی لەنێوان شەقام و پەرلەماندا نیە، چونکەی ئەو كاتەی لەشەقام بووم بۆ داواكردنی مافەكانی هاوڵاتیان هێرشمكرایە سەر و هەوڵی ڕفاندنی مۆبایلەكەم درا، ئێستاش بەهەمان شێوە لەناو پەرلەمان مۆبایلەكەم ڕفێندرا، لەكاتێكدا پەرلەمان بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانانە كەچی پاسەوانەكانی بەم شێوەیە پەلاماری پەرلەمانتاران دەدەن.
پەرلەمانتار هەڵەز ئەحمەدیش لە کۆنگرەکەدا وتی: ئەمڕۆ پاسەوانێكی زۆر هاتبوونە ناو هۆڵی پەرلەمان، من چووم دكتۆرە شایان بپارێزم و بەرگیری لێ بكەم، بەڵام مۆبایلەكەی منیشیان ڕفاند، وتیشی ئەمە بەرنامە بۆ داڕێژراو بووە و بەدەیان كەس بەجلی مەدەنییەوە هاتبوونە ناو هۆڵی پەرلەمان، من سکاڵا لەسەر ئەو پاسەوانانە تۆمار دەکەم.
دانیشتنی ١٦ لە خولی پێنجەمی پەرلەمان ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی وەزیران لە کابینەی نۆیەمی حکومەت بەڕێوەچوو، تێیدا پرسی لێبڕینی موچە یەکێک بوو لە تەوەرەکانیان.
ت.پ