لەماوەی پێنج مانگدا نزیکەی پێنج هەزار تەلەفۆن بۆ هێڵی گەرم کراوە

بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانی هەرێمی کوردستان، لە پێنج مانگی سەرەتایی ئەمساڵدا چوار هەزار و ٦٩٦ پەیوەندی بە هێڵی گەرمەوە کراوە.

سلێمانی

 

پڕۆژەی هێڵی گەرمی ١١٩ لە ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان بە هاوکاری ڕێکخراوی UNFPA ئەنجامدراوە.

 

ئەم هێڵە لە سەرجەم هەرێمی کوردستان بەردەستە، کە ژنان و سەرجەم ئەندامانی خێزان بێ بەرامبەر لەکاتی بوونی کێشەیەکدا یاخود بۆ داواکاری یاسایی، دەروونی و کۆمەڵایەتی پەیوەندی بکەن و ڕێوشوێنی سەرەتایی بگیرێتەبەر، هەروەها ژنان دەشتوانن سکاڵای یاسایی لەو ڕێگایەوە تۆماربکەن.

 

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، چوار هەزار و ٦٩٦ پەیوەندی کراوە بە ١١٩، کە ١٧٥٨ پەیوەندی لە هەولێر، ١٧٥٤ پەیوەندی لە سلێمانی، ١١٨٤ پەیوەندی لە دهۆک کراون.

 

"زۆرترین پەیوەندییەکان کێشەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیان هەیە"

لەبارەی زۆرترین ئەو کێشانەی کە ژنان بەهۆیەوە پەیوەندی پێوەدەکەن، جەمال ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان تایبەت بە ژنها ڕایگەیاند، لە زۆرترین ئەو کێشەنەی لەبارەیەوە پەیوەندییان پێوەدەکرێت کێشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.

 

بەپێی وتەی جەمال ڕەسوڵ، ژنان نامەیان بۆ دەنێردرێت، یاخود پەڕەی کەسیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام و سناپچاتەوە هاک دەکرێت، یاخود هەڕەشەییان لێدەکرێت بەوەی کە وێنەیان بڵاودەکرێتەوە.

 

پەیوەندیکردن بە هێڵی گەرمەوە لە هەڵکشاندایە

لە سەرەتایی پڕۆژەی هێڵی گەرم لە ساڵی ٢٠١٨، لەبەر ئەوەی پڕۆژەکە تازەبووە، پەیوەندی کەمتر بە هێڵەکەوە کراوە، لەو ساڵەدا هەزار و ٣١٤ پەیوەندی کراوە، کە ١٨٩ لە هەولێر، ٦٨٥ لە سلێمانی، ٤٤٠ لە دهۆک بووە.

 

لە ساڵی ٢٠١٩ ئامارەکان بە ڕێژەی ٪٨٨.٨ زیادی کردووە، لەو ساڵەدا ١٠ هەزار و ٧٧٧ پەیوەندی کراوە، کە هەزار و ٢٦٩ لە هەولێر، چوار هەزار و ٦٣٦ لە سلێمانی، چوار هەزار و ٨٧٢ لە دهۆک بووە.

 

لەساڵی ٢٠٢٠ جارێکی دیکە ئامارەکە بەرزبووەتەوە، ١٠ هەزار و ٩٣٦ پەیوەندی کراوە،هەزار و٤٣٣ لە هەولێر، شەش هەزار و ٦٨٦ لە سلێمانی، دوو هەزار و ٨١٧ لە دهۆک بووە.

 

ت.پ