١٥ زیندانی سیاسی لە ئێران مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە
هەڵمەتی ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانی زیندانیانیی سیاسیی ڕایگەیاند, ١٥ زیندانی سیاسی کورد و ئێران، لەوانەش پەخشان عەزیزی، وریشە مواردی و شەریفە محەمەدی مەترسی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە.

ناوەندی هەواڵ
هەڵمەتی ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانی زیندانیانیی سیاسیی، کە لە چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێکهاتووە، لەبارەی دۆخی زیندانیی سیاسیی ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە. ئاماژە بەوە دەکات، ١٥ زیندانیی سیاسیی کورد و ئێران، کە دیارترینیان بریتین لە پەخشان عەزیزی، وریشە مواردی و شەریفە محەمەدی مەترسی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە.
ئاماژە بەوەکراوە، لەسێدارەدان نیشانەی لاوازیی و ترسی دیکتاتۆرییەتی فەرمانڕەوایە لە بەرانبەر ڕاپەڕینی جەماوەری و بەرخۆدانی چالاکوانان و ئازادیخوازان، ئێران لە ڕێگەی لەسێدارەدان و سەرکوتکردن دەیەوێت مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان و چالاکوانان دەکەن دژی ئەم شەپۆلە نوێیەی لەسێدارەدان بووەستنەوە وهەموو ئامرازێکی سیاسی و یاسایی و نێونەتەوەیی بەکاربهێنن بۆ وەستاندنی سزای لەسێدارەدان.