هەڵمەتی سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان: هەفتەی ڕابردوو ٢٠ زیندانی لەسێدارە دراون

بە پێی ڕاگەیەندراوی هەڵمەتی"سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" هەفتەی ڕابردوو ٢٠ زیندانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون، لە ماوەی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل زیاتر لە دوو هەزار کەس دەستگیر کراون.

ناوەندی هەواڵ

 

هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" لە هەفتەی ٧٩ یەمینی هەڵمەتەکەدا دژ بە سزای لەسێدارەدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: هەفتەی ڕابردوو ٢٠ کەس لە زیندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون، لە ماوەی یەک ساڵی سەرۆکایەتی مەسعوود پزیشکیان ژمارەی لەسێدارەکان گەیشتووەتە هەزار و ٤٧٧.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو دوو زیندانیی سیاسیی و لە ئەندامانی هەڵمەتی”سێشەمەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” بە ناوەکانی بێهروز ئیحسانی و مەهدی حەسەنی لە زیندانی قزڵحەسار لە شاری کەرەجی ئێران بە بێ دادگایکردنێکی دادپەروەرانە و بەبێ چاوپێکەوتنی کۆتاییان لەگەڵ خێزانەکانیان، لەسێدارە دران.

 

باس لەوەشکراوە، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو بە فەرمانی کەرەم عەزیزی بەرپرسی زیندانی قزڵحەساری شاری کەرەجی ئێران لەگەڵ جێگرەکانی بە ناوەکانی حەسەن قوبادی و ئیسماعیل فەرەج نەژاد زیاتر لە ١٠٠ پاسەوانی چەکداری زیندان و هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هەڵیانکوتایە سەر هۆڵی زیندانیانی سیاسیی و چوار کەسیان خستە ژووری تاکەکەسی و یەکێکی دیکەشیان بۆ زیندانی زاهیدان گواستووەتەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هەفتەی ڕابردوو زیندانی سیاسی یەعقوب درەخشان بە تۆمەتی”پرۆپاگەندە دژی دەوڵەت” لە زیندانی لاکانی ڕەشت سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. هەروەها لە وەڵامی ئەم کارە تاوانکارانەدا، زیندانیانی خۆڕاگر لە گرتووخانەکانی قەرچەک و تارانی گەورە بە وتنەوەی درووشم و ئەنجامدانی گردبوونەوە، بەڵێنیان دا کە لە سێدارەدان ڕابگرن، حسین موحسینی ئیجێی سەرۆکی دادوەری باڵای ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بە ئاشکرا دانی بە سەرکوتکردنی هاوڵاتییاندانا و ڕایگەیاند، لە ماوەی شەڕی ١٢ رۆژەی ئێران و ئیسرائیل زیاتر لە دوو هەزار کەسیان دەستگیر کردووە.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەیدراوەکەدا داوا لە هەموو ئازادیخوازان، چالاکوانان، کەسوکاری زیندانیانی سیاسیی، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان كراوە دەنگیان بۆ “نەخێر بۆ لەسێدارەدان” بەرز بکەنەوە و پشتیوانی لە هەڵمەتی “نەخێر بۆ لەسێدارەدان” بکەن و سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەت، فراوانکردنی ئەم هەڵمەتە لەپێشینەی چالاکییەکان بێت.